نیسان 25, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

مەسرور بارزانی: پاشەکەفتێ مووچەيێ فەرمانبەران قەره‌ ل سه‌ر حکومەتا عێراقێ

مەسرور بارزانی: پاشەکەفتێ مووچەيێ فەرمانبەران قەره‌ ل سه‌ر حکومەتا عێراقێ

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەیەکی شیرەمەنی لە دەڤەری بارزان رایگەیاند، “رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق کردووە، بەڵام دەیانەوێت بە هەندێک یاسا بەربەستی بۆ دروستبکەن. ئێمە ئامادە نین سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین”. لەبارەی دانەوەی 10٪ی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانیش مەسرور بارزانی دەڵێت، “پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران قەرزێکە و لەسەر شانی حکومەتی فیدراڵە و ئەگەر بڕیاربێت لەسەر شانی خۆمان ئەو قەرزە بدەینەوە، ئەوا پێویستمان بە بڕیاری حکومەتی عێراق و خەڵکی دیکە نییە”.

 

رۆژی سێشەممە، 30-05-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەیەکی شیرەمەنی لە دەڤەری مێرگەسۆر گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، “چەند رۆژ لەمەوبەریش چەند کەسێک لە لیژنەی دارایی هەندێک خاڵیان هێنایەپێش کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، زیانێکی زۆر گەورە بەر خەڵكی هەرێمی کوردستان دەکەوێت. ئەو خاڵانەش نە دەستووریین و نە بەشێکن لەو رێککەوتنەی ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردوومانە”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، “ئێمە داکۆکی لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە دەکەین کە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران هەمانە و بە هیچ جۆرێکیش سازش لەسەر مافی میلەتەکەمان ناکەین. ئامادەین گفتوگۆ بکەین و بگەینە رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەک بێت، بەڵام لە راستیدا ئەو مافەی لە دەستووردا بۆ میلـلەتی ئێمە دیاریکراوە، بە هیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکەین”

دەقی گوتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
میوانانی بەڕێز بەخێربێن و سوپاس بۆ ئامادەبوونتان لێرە.

زۆر دڵخۆشم پڕۆژەیەکی ئاوا گەورە دەبینم کە زۆر گرنگە بۆ ناوچەکە. دەستخۆشی لە جێبەجێکاری ئەم پرۆژە دەکەم کە بە راستی کارێکی زۆر جوانی ئەنجامداوە.

ئەم دەڤەرە پێویستە بە جۆرێک هەر پێشەنگ بێت؛ ئەم شوێنەی کارگەکەی لێ دروستکراوە، چەندین داستانی دژی داگیرکەر و زۆردار لێ تۆمارکراوە کە هەوڵیانداوە کوردستان داگیربکەن. ئەم دەڤەرە سەدان شەهیدی داوە. ئێستا ئەم کارگەیە لێرە دروستکراوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەم سوودێکی زیاتر لە سرووشتی جوانی ئەو ناوچەیە ببینرێت و هەم خزمەتی خەڵکی ئەم دەڤەرەش بکرێت و ئابووری ناوچەکە و گوندنشینانی دەڤەرەکە بەرەوپێش ببرێت؛ بە شێوەیەکی گشتیش ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببرێت. جێگەی دەستخۆشییە و جارێکی دیکە دەستخۆشیتان لێدەکەم.

پار لە ژمارەیەک سەردانمان بۆ چەندین وەزارەت، سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵم کرد و لەوێ چەندین بەرنامەمان خستە ناو کاری حکومەتەوە و سوپاس بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ کە ئەو بەرنامەیان جێبەجێ کرد. پاڵپشتییەکی زۆری حکومەتیان لەگەڵ بوو، بەڵام ئەوانیش خۆیان زۆر ماندوو کرد. سوپاسی وەزیر و هەموو ستافی وەزارەت دەکەم کە پشتیوان بوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە.
ئێمە داوامان کرد کە خەڵکەکەمان لە گوندەوە بەرەو شار نەچن و هەوڵ بدەین پڕۆژەکان بەرەو گوندەکان بگوازینەوە و ئەو پرۆژانەی پێویستن لە گوندەکان دابمەزرێندرێن بۆ ئەوەی خەڵکی دەڤەری دوورەدەست و هەژارنشین و گوندنشین سوودمەند بن. یەک لەو پرۆژانە کە پێشتریش ئاماژەمان پێدابوو، دانانی ئەم کارگەی شیرەمەنییەیە کە لێرە بینیمان زۆر بە رێکوپێکی و بە دوورودرێژی باسی لەسەرکرا کە بە چ شێوەیەک دامەزراوە و چەند خەڵک تێیدا سوودمەندبوون. جێگەی دەستخۆشییە کاتێک دەبینین زیاتر لە 100 کەس لەم کارگەیە کار دەکەن و دوای ئەوەی پرۆژەکە هەمووی تەواو دەبێت، زیاتر لە 300 کەس کاری تێدا دەکەن و زیاتر لە دوو هەزار و 500 خێزان پێی بژین، ئاژەڵداران و ئەوانەی شیر بۆ ئەو کارگەیە دەهێنن، کارگەکە دەبێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆیان.

کەرتی کشتوکاڵ لە کابینەی حکومەتدا گرنگییەکی زۆری پێدراوە، چونکە ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین، کشتوکاڵ بناخەیە بۆ هەنگاونان بەرەو پێشخستنی ئابووریی هەر وڵاتێک. پیشەسازی، بازرگانی یان هەر بابەتێکی دیکەی ئابووری، بناخەکەی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵە و سرووشتی ئێمەش یەکجار گونجاوە و دەبێ سوودی لێ وەربگرین. ئەوەشمان نابێ لەبیر بچێت کە پێویستە گرنگییەکی زۆر بدەینە سرووشت، راستە گرنگە پرۆژەیەکی لەم شێوەیە جێبەجێ بکرێت، بەڵام پاراستنی ژینگەش زۆر گرنگە و لە هەمان کاتدا گرنگیدان بە پاراستنی ئاسایشی خۆراک و ئاو ئەرکێکی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانە.

لە ساڵی رابردوودا بەداخەوە بەهۆی وشکەساڵی، ئاو لە زۆر شوێن کەمی کردبوو؛ بۆیە پێویستە ئێمە بە باشترین شێوە سوود لەو ئاوە وەربگرین کە هەمانە. ئێمە لەگەڵ خەڵکی پسپۆر قسەمان کردووە کە چۆن مامەڵە بکەین بۆ ئەوەی باشترین سوود لەو ئاوە وەربگرین کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، بە جۆرێک کە کەمترین ئاو خەسار بکرێت و ئاوی ژێر زەوی بەکار نەهێنین. بۆ ئەوەش ئێمە بەردەوام لە گفتوگۆداین لەگەڵ پسپۆڕانی نێوخۆ و وڵاتانی دۆست، پێشنیازمان بە زۆریان داوە هاوکار بن بۆ ئەوەی بزانین چی بکرێت باشترین سوود لە ئاو وەربگرین. لە هەمووی گرنگتریش ئەوەیە کە ئێمە بۆ دابینکردنی خۆراکی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، پشت بە خۆمان ببەستین و منەتی کەس هەڵنەگرین و ناچار نەبین بکەوینە هیچ قەیرانێک، ئەگەر خودا نەخواستە دۆخەکە بەرەو خراپبوون رۆیشت. ئەوەی گرنگە حکومەت پشتیوانی لەم جۆرە پرۆژانە دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە خاوەنی پرۆژەکانیش هەوڵ بدەن زیاتر بەرهەمی خۆماڵی بەکاربهێنین و ئەو بابەتەش کە بەرهەمدێت بە دروستی بۆ هاووڵاتییانی روون بکەنەوە، ئەگەر شیری سرووشتییە لەسەر بەرهەمەکە بنووسرێت و ئەگەریش شیری تۆزە، پێویستە لەسەری بنووسرێت کە لە شیری تۆز بەرهەمهاتووە بۆ ئەوەی هاووڵاتی بزانێت کامەیان شیری ئۆرگانیکە و کامەیان شیری تۆزە.

دەمەوێ ئاماژە بە چەند ئامارێک بدەم. لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا 75٪ی پرۆژەی بەخێوکردنی ئاژەڵی شیردەر زیادیکردووە و ئێستا 87 پرۆژە لە سەرانسەری کوردستان هەن کە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و مانگای شیردەر دامەزراون و 14 هەزار و 609 مانگا بەخێودەکەن.

هاوکات پرۆژەی بەخێوکردنی گوێرەکە 150٪ لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و 100 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هەیە کە 76 هەزار و 216 گوێرەکەیان تێدا بەخێودەکرێت و ئەمەش پێشاندەری ئەوەیە کە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری چەندە بەرەوپێش چووە.

هەر شوێنێکی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە؛ هەر شوێنێکی بۆ بەرهەمێکی کشتوکاڵی بەپیتە، لە هەورامان گوێزی هەورامان هەیە؛ هەناری هەڵەبجە؛ گەنم و دانەوێڵەی ناوچەی گەرمیان و شارەزوور؛ برنجی دەشتی ناوکوڕ؛ هەنجیری ئاکرێ و بجیلێ؛ سێوی ناوبەروار، هەنگوینی سیدەکان… دەبێ هەر ناوچەیەک گرنگی زیاتری پێ بدەین بۆ ئەوەی ئەو بەرهەم و بەروبوومە ناوخۆییانەیان ببنە داهاتێکی زیاتر بۆ خەڵکی ناوچە و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان.

لە سەردانەکانمان بۆ دەرەوە، کاتێک لەگەڵ وڵاتانی دیکە گفتوگۆ دەکەین، یەک لە خاڵە سەرەکییەکان ئەوە بووە کە چۆن دەتوانن هاوکاری ئێمە بکەن بۆ ئەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی نێوخۆ زیاد بکەین، کوالێتییان باشتر بکەین و نرخ و تێچوویان کەمتر بکەینەوە. لە هەمان کاتدا بازاڕێکی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ جووتیارانمان بدۆزینەوە. سوپاس بۆ خودا ئێمە سەرکەوتووبووین و پار چەندین بەروبوومی نێوخۆمان بۆ چەندین وڵاتی کەنداو و ئەوروپا هەناردە کرد و نیازیشمان هەیە بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو ئەو بەروبوومانە زیاتر هەناردە بکەین و جۆرەکانیشیان زیاتر بکەین؛ هاوکات چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ئەو بەروبوومانەی لە کوردستان بەرهەمدەهێندرێن بە شێوەیەک بێت کە خواستی زیاتریان لەسەربێت.

بۆ پرسی ئاو ئێمە چەندین پڕۆژەی دروستکردنی بەنداو و پۆندمان هەیە، بەداخەوە بەنداو لە هەموو شوێنێک دروست ناکرێت و پێویستە هەڵکەوتە جوگرافییەکەی گونجاوبێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بەنداوی لێ دروستبکەین؛ چوار بەنداوی گەورە لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراون و لە قۆناخی دیراسەکردندان و پشت بەخودا ئەگەر تەواوبوو، دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت بۆ ئەوەی هاوکارییەکی گەورە بێت بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و لە هەمانکاتدا رەنگە هەندێک لەو بەنداوانەش بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوودیان لێ وەربگیرێت و هاوکات بۆ کەرتی گەشتوگوزاریش زۆر گونجاو دەبێت.

ئێمە چەندین ساڵی قەیراناویمان تێپەڕاند، بەداخەوە لە دەستپێکی ئەم کابینەوە تاوەکو ئێستا چانس زۆر لەگەڵ ئێمە یەک نەبوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەو قەیرانانەمان تێپەڕاند و پشت بەخودا، بە هاوکاری هەموو لایەک و حکومەتیش پشتیوان بێت، بەرەو ئاسۆیەکی روونتریش هەنگاو دەنێین. گرنگ ئەوەیە ئێمە ویستی خۆمان نەدۆڕێنین و پشت بە خۆمان ببەستین، کوردستان زۆر دەوڵەمەندە، هەم سرووشتەکەی و هەم خەڵکەکەی و هەمیش سامانە سرووشتییەکەی یەکجار دەوڵەمەندە. ئێمە دەبێ وا بکەین زیاتر سوودیان لێ وەربگرین بۆ ئەوەی ببێتە خێر و بەرەکەت بۆ ژیاندنی خەڵکەکەمان و پێشخستنی وڵاتەکەمان.

دەمەوێ لەسەر دۆخی خۆمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەندێک بدوێم. ماوەیەک لەمەوبەر ئێمە رێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران کرد بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لەنێوان بەغدا و هەولێر ماون، چارەسەر بکرێن؛ هەندێکی لەسەر پرسی نەوت و گاز و بودجە و ناوچە کێشەلەسەرەکانە؛ ئێمە لەسەر ئەمانە گەیشتینە رێککەوتنێک، بەڵام بەداخەوە دیسان چەندین بابەتی دیکەی یاساییان هێنایەپێش و بەربەستیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە دروستکرد. بەداخەوە چەند رۆژ لەمەوبەریش چەند کەسێک لە لیژنەی دارایی هەندێک خاڵیان هێنایەپێش کە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، زەرەر و زیانێکی زۆر گەورە بەر خەڵكی هەرێمی کوردستان دەکەوێت. ئەو خاڵانەش نە دەستووریین و نە بەشێکن لەو رێککەوتنەی ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردوومانە. بۆیە ئێمە داکۆکی لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە دەکەین کە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران هەمانە و بە هیچ جۆرێکیش سازش لەسەر مافی میلەتەکەمان ناکەین. ئێمە ئامادەین گفتوگۆ بکەین و بگەینە رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەک بێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەو مافەی لە دەستووردا بۆ گەلی ئێمە دیاریکراوە، بە هیچ شێوەیەک سازشی لەسەر ناکەین. گفتوگۆش بەردەوامن، دڵنیاش بن پشت بەخودا ئەوە دەبێت کە خێری میلەتەکەمانی تێدایە.

رۆژانە بابەتی پاشەکەوتی مووچە باس دەکرێت. من حەزدەکەم بزانن کە هۆکاری سەرەکی پاشەکەوتکردنی مووچە بەغدا بووە نەک هەرێمی کوردستان. بەغدا بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بڕی و ئێمەش ناچار بووین هەندێک پارە قەرز بکەین، چەندین مانگ نەتوانراوە مووچە بدرێت یان نیوەی دراوە، هەرچەندە لەم کابینەیەدا ئێمە هەموو مووچەی خۆمان داوە، رەنگە مانگێک دواکەوتبێت، بەڵام هەموو مووچەکانمان داوە. سەرباری ئەمەش، ئەو پاشەکەوتی مووچەیەی باسی لێدەکرێت، قەرزێکە لەسەر حکومەتی عێراق. ئێستا کە دەگوترێت پێویستە ئەو پاشەکەوتی مووچەیە بگەڕێنرێتەوە بۆ خەڵک، ئێمەش هەموومان ئەوە دەڵێین، حکومەتیش داوای ئەمە دەکات، بەڵام ئەو بابەتە بە موزایەدە چارەسەر ناکرێت، پێویستە ئەو پارەیە لە حکومەتی عێراق بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت بۆ ئەوەی پاشەکەوتی مووچە بۆ خەڵک خەرجبکرێت. ئەگەر ئەو پارەیە لە هەرێمی کوردستان دەدرێتەوە، ئێمە نە پێویستیمان بە حکومەتی عێراق و نە هیچ بڕیارێکی دیکە دەبێت. ئێمە زیاتر لە هەموو کەسێکی دیکە خەمی خەڵکی خۆمان دەخۆین و دڵنیاش بن حەز ناکەین هیچ هاووڵاتییەکی کوردستان لە مافی خۆی بێبەشبێت. بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین و ئەوەی لەدەستمانبێت دەیکەین بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی دەستەبەر بکەین. بەڵام جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە، دروستکردنی کارگەیەکی لەم شێوەیە و زیادکردنی داهاتی نێوخۆیی دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی زیاتر پشت بەخۆمان ببەستین و بێمنەت بین لە خەڵکی دیکە. جارێکی دیکە دەستخۆشیتان لێدەکەم، هەر سەرکەوتووبن و کوردستان هەر ئاوەدان بێت.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi