حکومەتا عێراقێ کەسوکارێن جانگۆريێن کوردێن ئێزدی دێ قهرهبوو كت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە دەستی بە تۆمارکردنی ناوی شەهید و قوربانیانی کوردی ئێزدی کردووە، قایمقای شنگالیش دەڵێت :”بڕیارە قەرەبووی ماددییان بکەنەوە”.
مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی لیژنەی قەرەبووکردنەوەی شنگال، سەردانی تاریق مەندەلاوی، بەرپرسی دەزگای شەهیدی عێراقی کرد و دواتریش لە نزیکەوە سەردانی چەند خێزانێکی شەهیدی دەستی داعشیان کرد، بڕیاردرا ناوی شەهید، بێسەروشوێن و قوربانیانی هێرشەکانی داعش تۆماربکرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی ماددی بکرێنەوە.
مەحما خەلیل گوتی: “ناو تۆمارکردنەکە لە گوندی کۆچۆوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار ناو تۆمارکراون، هاوکاتیش پشکنینی DNA بۆ رووفاتی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بناسرێنەوە”.
رۆژی 3-8-2014 چەکدارانی داعش پەلاماری شنگال و دەوروبەریان دا. بەو هۆیەوە سەتان هەزار کوردی ئێزدی ئاوارە بوون و سەتانیش شەهیدبوون و هەزاران کەسیش بێسەروشوێن کران. بەڵام لە رۆژی 2015/10/13 پێشمەرگە شنگالی لە دەستی داعش دەرهێنا و کۆنترۆڵی کردەوە.
تاوەکو ئێستا 85 گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە. لە شوباتی ئەمساڵ رووفاتی 104 کوردی ئێزدی لە بەغدا پشکنینی دی ئێن ئەییان بۆ کرا، لە رێوڕەسمێکی فەرمی و فراوان لە گوندی کۆچۆ بە خاکسپێردران.
رووفاتەکان لەو شوێنە بەخاکسپێردران کە پێش ساڵی 2014 شوێنی ئاهەنگگێڕان بوو. لە هێرشەکەی داعش خەڵکی گوندی کۆچۆ زۆریان لێکوژران و رفێنران. پشکنینی دی ئێن ئەی-یان بۆ کراوە و سەرجەمیان ناسراونەتەوە و خەڵکی گوندی کۆچۆن، بەڵام لە شوێنی جیاواز لە گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە.
لە رۆژی 3ـی ئابی 2019 پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی دەنگدان لەسەر دیاریکردنی رۆژێک وەک رۆژی کۆمەڵکوژیی کوردی ئێزدی کۆبووەوە و تێیدا رۆژی 3ـی ئابی وەک رۆژی کۆمەڵکوژیی کوردی ئێزدی دیاریکرد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی