ئەنجوومەنێ وەزیران چەند بريارێن گرنگ دەركرن
باسنيوز:
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و چەند بڕیارێكی گرنگی دەركرد.
ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیاری دا كە فەرمانبەران دەبێ پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ نووسراو و بەڵگەنامە فەرمییەکان بکەن. هەروەها قەرز و پابەندە داراییەکانی ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا. لە كۆبوونەوەكەدا هەروەها داوای زانیاری وردتر کرا بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو لەسەر یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی هەرێمی كوردستان.
بە پێی راگەیاندراوی فەرمیی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەی فەرمانبەران دەبێ پابەندی پاراستنی نووسراو و بەڵگەنامە فەرمییەکان بن و نابێت فەرمانبەران لە دەرەوەی مەبەستی وەزیفی بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان کەسانی دیکە، مامەڵەیان پێبکەن، یان لە ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا بڵاوی بکەنەوە، ئەمەش لە مادەی (5)ی یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە (14)ی ساڵی 1991 هەموارکراودا وەک ئەرکێکی فەرمانبەرایەتی هاتووە.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەش خستنەڕووی قەرز و پابەندە داراییەکانی ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، کە د.ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران راپۆرتێکی وردی پڕ زانیاری و داتای پێشکەش کرد و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە کرا.
ئەنجوومەنی وەزیران سوپاسی سکرتێری ئەنجوومەنی کرد بۆ ئەرک و ماندووبوونی لە ئامادەکردنی راپۆرتەكەدا، کە گفتوگۆ دەربارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو قەرزانە و میکانیزمی پاکتاوکردنیان کرا کە هەندێک لەو قەرزانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵی و لە چوارچێوەی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان هەردوولا یەکلا دەکرێنەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی لە بارەی پێشنیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی گشت زانکۆ حکومیەکانی سەر بە وەزارەت بۆ ساڵی خوێندنی 2015-2016.
لەمبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزیری دارایی و ئابووری و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راسپارد کە بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بەخشتەیەک پۆلێنکردنی یەکەمەکان بە پێی پسپۆڕی و پێویستی ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە بدرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی