رێگەچارەيهكا سرووشتی بۆ نەهێلانا بێهنا دەڤى
رووداو – ئاژانسەكان
بۆنی ناخۆشی دەم كاریگەریی نەرێنی زۆری لەسەر دەروونی خەڵكی هەیە و رەنگە ببێتە هۆی گۆشەگیری و سنوورداریی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان. هۆكارەكانیشی جیاوازن، هەر لە نەخۆشیی گەدە تاوەكو سییەكان و ددان و گەروو.
ئەم رێگەچارە سرووشتییانە بەزۆری بۆ ئەو هۆكارانە كاریگەرن كە پەیوەندییان بە دەم و ددانەوە هەیە. ئەگەر سەرەڕای ئەنجامدانی ئەمانە بۆنی دەمت هەر ناخۆش بوو، سەردانی پزیشك بكە، چونكە ئەم رێوشوێنانە كاریان بەسەر هۆكارەكانی پەیوەست بە گەدە و سییەكانەوە نییە كە لە هۆكارە دیارەكانی بۆنی ناخۆشیی دەمن.
1- شووشتنی دەم و ددان:
هۆكارێكی سەرەكی بۆنی ناخۆشی دەم، كەڵەكەبوونی بەكتریاگەلی زیانبەخشە لەناو دەم، بۆیە شووشتنی دەم و ددان بە فڵچە و هەویرێكی باش و گونجاو، لە رێگەچارە كاریگەرەكانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بۆنی ناخۆشی دەم.
2- چای رەش:
بە تایبەت ئەگەر بێ شەكر بێ، ئەوە رێگەیەكی گونجاوە بۆ كەمكردنەوەی بۆنی دەم و ددان. ئەوەش بە پێچەوانەی قاوە. چا هەروەها بە ماددەی فلۆر دەوڵەمەندە كە دژی كلۆربوونی ددانەكانە.
3- مەعدەنووس:
بۆنی ناخۆشی پووك و ددان كەمدەكاتەوە. ئەگەر دوای جگەرەكێشان و خواردنی سیر بەكاربهێنرێ، بۆنە ناخۆشەكانیان لاواز دەكات.
4- دەزووی ددان پاككردنەوە:
بەكتریا لەنێوان ددانەكان كۆدەبنەوە و دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنێكی ناخۆش بەنێو دەمدا، فڵچەی ددان شووشتنیش وەك پێویست ناگاتە نێوان ددانەكان. بۆیە باشترە دەزووی تایبەتی خاوێنكردنەوەی نێوان ددانەكان بەكاربهێنی، بۆ ئەوەی زۆرترین بەكتریای زیانبەخش لە ددانەكان بكەیتەوە.
5- زەنجەفیل:
چای زەنجەفیل جگە لەوەی بۆ چەندین گرفتی تەندروستی بەسوودە، دەركەوتووە بۆنی ناخۆشی دەمیش كەمدەكاتەوە.
6- ئاوی لیمۆ:
ئەمەیان دەبێ لەسەر زمان و پووك دابنرێ و كاریگەرە بۆ خاوێنكردنەوەیان، بەڵام دەبێ تاوەكو دەكرێ بەركەوتنی لەگەڵ ددانەكان كەمبكرێتەوە، چونكە بەگشتی مزرەمەنییەكان بۆ ددان باش نین و مینا پارێزەرەكەی لاواز دەكەن.
7- ئاو خواردنەوە:
وشكیی دەم هۆكارێكی دیاری بۆنی ناخۆشی دەمە، بۆیە زوو زوو ئاو بخۆرەوە و مەهێڵە دەمت وشك ببێتەوە.
8- هێل:
جوینی هێل، یان رۆكردنی بۆ نێو چا، كاریگەرە لە كەمكردنەوەی بۆنی ناخۆشی نێو دەم.
9- بنێشت:
جوینی بنێشتی بێ شەكر (وەكو بنێشتی كوردی) هانی دەردانی لیك دەدات، ئەوەش لەلایەك وشكیی دەم ناهێڵێ، لەلایەكی دیكەش لیك بۆ خۆی خاوێنكەرەوەیە و بەكتریا و پاشماوە خۆراكییەكانی نێو دەم دەشواتەوە.
10 – ئەڤۆكادۆ:
بەكتریا زیانبەخشەكانی دەم و كۆئەندامی هەرس لاواز دەكات.
11- ماست:
ماست بەكتریای سوودبەخشی تێدایە و دژی بەكتریا زیانبەخشەكانە، ئەوەش رێگەیەكی كارایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بۆنی ناخۆشی دەم.
12- پزیشكی ددان ببینە:
باشترە ساڵانە دوو جار سەردانی پزیشكی ددان بكەیت بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی پرۆفێشناڵ دەم و ددانت لە كلس و پیسییەكان خاوێن بكاتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی