حوزه‌یران 22, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

بەهار؛ وەرزێ نەخۆشی و بێزاريێ بۆ پشكه‌كا خەلكێ

بەهار؛ وەرزێ نەخۆشی و بێزاريێ بۆ پشكه‌كا خەلكێ

رووداو – سلێمانی

بۆ زۆر كەس، هیچ وەرزێك هێندەی بەهار بێزاركەر نییە، ئەوەش بەهۆی هەستەوەرییان بەو گوڵ و گیا و رووەكانەی لەگەڵ وەرزی بەهاردا پەیدا دەبن. چونكە گوڵ و گیا و رووەكە بەهارییەكان سەرچاوەی سەرەكیی ئەو تەنۆلكە وردانەن كە لەگەڵ كۆئەندامی بەرگریی كەسە هەستەوەرەكان بەشەڕدێن.

ئاوارە رەحیم، 26 ساڵ، قۆڵەكانی هەڵدەكات كە هەمووی پەڵەی سوورە. خورانی پێست هەراسانی كردووە و تەنانەت خەویشی تێكداوە “هەموو ساڵێك لە كۆتاییەكانی زستان تاوەكو سەرەتای هاوین تووشی ئەم حاڵەتە دەبم و چارەسەرەكانیشی كاتین”.

هەستەوەریی بەهارە بەهۆی ئەوە روودەدات كە كۆئەندامی بەرگری بەشێوەیەكی توند و نائاسایی كاردانەوە دەنوێنێ بۆ دەنكە هەڵاڵەی گوڵ و گیاكان. لە ئەنجامی ئەو كاردانەوەیەی كۆئەندامی بەرگری، لووت ئاو دەكات، پژمینی زۆر و دووبارە روودەدەن، چاو سووردەبێتەوە و دەخورێ و دەئاوسێ، پێست لیر دەكات و ئاڵۆش دەكات.

نیشانەكانی ئەو هەستەوەرییە كەسەكە تەواو بێزار دەكەن، تەنانەت خەوی هەندێك لە تووشبووان تێكدەدەن. باشترە بە رێنمایی پزیشك ئەم نیشانانە كۆنترۆڵ بكرێن، نەوەك زیاتر تەشەنە بكات و بگاتە كەناڵە جیاوازەكانی هەناسە و بەهۆی نۆرەی رەبۆوە مەترسی بۆ سەر ژیانی كەسەكە دروست ببێ.

لە وڵاتێكی وەك ئەڵمانیا 15%ی خەڵك هەستەوەریی بەهارەیان هەیە. بەشێك لە تووشبووان تەنیا بە گیا و گوڵە بەهارییەكان هەستەوەرن كە تەمەنێكی كورتیان هەیە، كەچی هەندێكی دیكە بە درەختی ئەوتۆ هەستەوەرن كە لە مانگی دوو تاكو مانگی 10 گەڵا و دەنكەهەڵاڵەیان هەیە و بەوپێیە هەشت مانگی ساڵ لە نەهامەتییەكانی هەستەوەریدا دەژین.

پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێ هەستەوەری بە تەنۆلكەی دەنكە هەڵاڵە حاڵەتێكی ئێجگار بڵاوە و دەبێ خەڵكی زیاتر لەبارەیەوە هۆشیار بكرێنەوە.

د.دانا محەممەد تۆفیق، پزیشكی پسپۆڕی بەرگریزانی و هەستەوەریزانی، بە (رووداو)ی گوت: “لە وڵاتان لە هەواڵەكانی كەشناسیدا، بڕگەیەكی تایبەت هەیە كە تێیدا چڕیی تەنۆلكە وردەكانی دروستكەری هەستەوەری لە هەوا، لەو رۆژەدا چەند بێت باسی دەكەن، تاوەكو كەسانی هەستەوەر خۆیان بپارێزن، كەچی لای ئێمە تەنانەت لەبارەی پێشبینی خۆڵبارینیشەوە خەڵك ئاگادار ناكرێنەوە”.

پزیشكە پسپۆڕەكە هەوڵیداوە نامیلكەی هۆشیاركردنەوەی خەڵكی لەبارەی هەستەوەری بە زمانی كوردی ئامادە بكات و پێشكەشی هەر نەخۆشێكی بكات كە سەردانی سەنتەری چارەسەری حەساسیە و رەبۆ دەكەن لە سلێمانی، بەڵام وەك پێویست بەدەمەچوون بۆ پرۆژەكەی نەبووە “ئەوانەی هەستەوەرییان هەیە، نابێ تەنیا چاویان لە دەرمان بێ، بەشێكی زۆری چارەسەریان بریتییە لە هۆشیاربوونەوە لەبارەی نەخۆشییەكە و هۆكارە رێگاخۆشكەرەكانی و خۆپاراستن لێی”.

جوانیی بەهار بێ باج نییە

بەهار بە شێوازی جیاواز خەڵكی رووبەڕووی هەستەوەری دەكاتەوە. د.شاخەوان محەممەد بارام، پزیشكی پسپۆڕی پێست و جوانكاری بە (رووداو)ی گوت: “لە كۆتایی زستانەوە، هەم دەنكەهەڵاڵە بە چڕی دەچنە هەوا، هەم زەوی بەرەو وشكبوونەوە دەچێ و تەپوتۆز زۆر دەبێ، هەم پاش سەردەمانێك لە هەور، دیسان تیشكی هەتاو بە تینێكی زیاترەوە دەردەكەوێتەوە، مار و مێروەكانیش دەردەكەونەوە، ئەمانە هەموو هۆكاری زیادبوونی هەستەوەرین لە بەهاردا”.

وەك پسپۆڕەكە دەڵێت، بەشێك لە هەستەوەرییەكانی پێست لە ئەنجامی بەركەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ تەنەكان دروستدەبن، بەڵام هەندێكجار تەنەكان هەڵدەمژرێن و هەستەوەربوونی پێست هاوكات دەبێ لەگەڵ هەستەوەریی چاو، لووت و سیستمی هەناسە.

دكتۆر شاخەوان دەڵێ خۆپاراستن لە هۆكارە تووشكەرەكان باشترین هەنگاوە و چارەسەرەكان زیاتر بۆ سەركوتكردنی نیشانەكانی هەستەوەرین لە رێگەی پێدانی ئەنتی هیستامین و ستیرۆید، ئەوانەش كە پێستیان بە بەركەوتنی تیشكی خۆر تووشی هەستەوەری دەبێ، باشترە سوود لە كرێمی دژەخۆر وەربگرن.

چارەسەری یەكجاریی هەیە؟

دكتۆر دانا دەڵێ لە رێگەی تاقیكردنەوەی رەگەزەكانی دروستكەری هەستەوەری دەگەینە ئەو بڕیارەی كەسەكە بە چی تووشی هەستەوەری بووە و دواتر جەستەی كەسەكە ئاشنا دەكەین بەو تەنە ئاساییەی كە جەستە وەكوو تەنی نامۆ دەیبینێ “پانێڵێكی 64 ماددەییمان هەیە، ئێمە بە زانین و ئەزموونی خۆمان بڕیار دەدەین كامەیان لەسەر كەسەكە تاقی بكەینەوە، بە دەرزی ماددەكە دەكەینە ژێر پێستی كەسەكە و تەماشای كاردانەوەی پێستی دەكەین”.

دوای ئەوەی دەركەوت كەسەكە بە كام ماددە هەستەوەرە، بە بڕی كەم و بۆ ماوەی چەند مانگێك ماددەكە بە كەسەكە دەدرێ، بەشێوەی دەرزی یان قەترە و ئیدی جەستە بەو رەگەزە ئاشنا دەبێ و ئەگەر پاش ئەوە لە هەواوە هەڵیبمژێ یان بەر پێستی بكەوێ، كۆئەندامی بەرگری بە ئاسایی وەریدەگرێ و چیدی ناورووژێ!

ئەو ماددانەی بۆ ئاشناكردنی جەستە بە ماددەكانی دروستكەری هەستەوەری بەكاردێن، لە عێراق وەكوو ڤاكسین (پێكوتە) پۆلێن كراون. كڕین و دابینكردنی هەموو پێكوتەیەكیش لەلایەن حكومەتی بەغداوە دەبێت. دكتۆر دانا گوتی لەپاش ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و عێراق، بەغدا ئەو ماددانە بۆ ئەوان نانێرێت، یان زۆر كەم دەینێرێت، بۆیە ئێستا لە سەنتەرە حكومییەكان ئەم ماددانە نەماون، بەڵام بەشێكیان لە سەنتەرە ئەهلییەكان هەن”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi