گەنجهكێ پهنابهرێ كورد ل فەرەنسا خۆ دكوژت
رووداو – هەولێر
“دەمەوێ تەرمی كوڕەكەم بهێننەوە، هەتا لاشەكەی ماوە بۆم بهێننەوە” ئەمە داواكاریی دایكی هێدییە كە نایەوێ كوڕەكەی “گۆڕ غەریب” ببێ، بەڵام باری ئابووریی حكومەت و خێزانی هێدی، رەنگە رێگر بن لە بەجێهێنانی داواكەی.
چوار مانگ لەمەوبەر هێدی نەبەز عوسمان گۆمەشینی، تەمەن 17 ساڵ، كوردستان جێدێڵێ و لە كەمپێكی شاری ناڕبۆنە لە باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا دەگیرسێتەوە، بەڵام لە رۆژی 28/9/2017ـەوە پەیوەندی بە ماڵەوە نامێنێت و لەو كاتەشەوە خێزانەكەی هیچ دەنگوباسێكی نازانن. دواتر دەركەوێ خۆی بە پردێكی ئەو شارەدا هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە.
بۆ خانەوادەكەی قورستر لە هەواڵی مەرگی، نەگەڕانەوەی تەرمەكەیەتی. نەبەز عوسمان، باوكی هێدی، تاوەكو 28ی ئەیلول شەوانە قسەی لەگەڵ كوڕەكەی كردووە، هێدی پێیگوتووە كە لەو شارە ژیانی زۆر خۆشە، دەچێتە قوتابخانە، پارە وەردەگرێ و هیچ كێشەیەكی نییە، بۆیە نازانێ كوڕەكەی بۆچی خۆی كوشتووە.
پچڕانی پەیوەندیی هێدی لەگەڵ خێزانەكەی، بەلای باوكییەوە سەرەتا ئاسایی بووە، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە خەڵكی دیكەی پرسیوە كە منداڵیان لە دەرەوە بووە، زۆربەیان پێیانگوتووە منداڵی ئێمەش جاری وا هەبووە شەش مانگ هیچ هەواڵی نەبووە، بەڵام دواتر دەركەوتووەتەوە، ئەمەش وایكردووە كە نەبەز تاوەكو دوو هەفتە لەمەوبەر زۆر بەجیددی سۆراخی كوڕەكەی نەكات.
نەبەز باسی دوایین پەیوەندی نێوان خۆی و كوڕەكەی دەكات و دەڵێت: “دوایینجار شەوی 28/9/2017 پەیوەندی پێوەكردم و زۆرتر هەواڵی ماڵەوەی پرسی، دواتر شەوشادی كرد و تەلەفۆنەكەی داخستەوە”.
دوای ئەوەی سێ مانگ و 10 رۆژ بەسەر دیارنەمانی كوڕەكەیدا تێدەپەڕێ، نەبەز داوا لە هاوڕێیەكی خۆی دەكات سۆراخی كوڕەكەی بۆ بكات. نەبەز گوتی “هاوڕێیەكم لە ئیتاڵیا بە سەردان گەڕابووەوە كوردستان، پێمگوت سێ مانگە كوڕەكەم هیچ دەنگی نییە، ئەویش گوتی كە گەڕامەوە لەبەر خاتری تۆ دەچمە فەرەنسا. كاتێك چووبووە كەمپەكەی، لەوێ پێیانگوتبوو ئەو كوڕە سێ مانگە نەماوە، بەڵام هیچ زانیارییەكیان پێنەدابوو، گوتبوویان زانیاری تەنیا دەدەینە كەسە نزیكەكانی”.
نەبەز ئەمجارە پەنا بۆ ئامۆزایەكی دەبات لە ئیتاڵیا، ئەویش كاتێك دەچێتە فەرەنسا، هەواڵی مردنی هێدی بۆ كەسوكارەكەی پشتڕاست دەكاتەوە.
دانا سەڵاح كە ئامۆزای نەبەزە، بە (رووداو)ی گوت: “كاك نەبەز پەیوەندی پێوەكردم گوتی دەڵێن كوڕەكەت نەماوە، منیش پەیوەندیم بە باڵیۆزخانەی عێراقەوە كرد لە پاریس، یەكێك وەڵامی دایەوە و بە عەرەبی قسەی كرد، بابەتەكەم بۆ باسكرد، گوتی شتی وامان نەبیستووە. دوای دوو رۆژ چوومە ئەو شارەی هێدی لێبوو، بۆمان روون بووەوە كە ئەم كوڕە مردووە، لەوێ گۆڕەكەیان نیشانداین”.
ئەوەی زیاتر كەسوكاری هێدی نیگەران كردووە، هەڵوێستی باڵیۆزخانەی عێراق بووە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ دۆسیەكە. دانا دەڵێت: “شارەوانیی ناوچەكە پێیانگوتم كە ئەوان پێشتر باڵیۆزخانەی عێراقیان لەو رووداوە ئاگادار كردبووەوە، نزیكەی مانگێك چاوەڕێیان كردبوو، بەڵام ئەوان گوتبوویان بێكەسە و بینێژن”.
دانا بۆی روون بووەتەوە هێدی خۆی خنكاندووە، بەڵام هیچ لەبارەی هۆكارەكەی نازانێ. دانا گوتی “لەوێ گوتیان دانا خۆی بە پردێكەوە هەڵواسیوە، تەنانەت رەگەزنامەكەم برد، پەنجەمۆری سەر رەگەزنامەیان لەگەڵ پەنجەمۆری تەرمەكە بەراورد كرد دەركەوت هێدییە”.
باوكی نەبەز بە پشتبەستن بە قسەكانی دانا، دەڵێت كوڕەكەی خۆی كوشتووە، بەڵام نازانێ بۆچی. ئەو دەڵێت “هێدی هیچ كێشەیەكی نەبوو، نەخۆشیی دەروونیشی نەبوو، تەنانەت كە قسەی لەگەڵ دەكردم زۆر دڵخۆش دیاربوو، دەیگوت بابە 3-4 مانگی دیكە ئیقامە وەردەگرم و سەرتان لێدەدەمەوە. بۆیە نازانم بۆچی خۆی كوشتووە”.
ئێستا ئەو خێزانە دڵنیا بوونەتەوە كە هێدی لە ژیاندا نەماوە، بەڵام بەدوای رێگایەكدا دەگەڕێن تەرمەكەی بهێننەوە كوردستان.
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە فەرەنسا لەبارەی هێنانەوەی تەرمەكە بە (رووداو)ی گوت: “دەبێ خانەوادەی هێدی لەڕێگەی كونسوڵخانەی فەرەنساوە داوایەك پێشكەش بكەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەكە و تەنیا خانەوادەكەشی دەتوانن ئەو كارە بكەن، ئەو پرسە كاتی زۆر و پارەی زۆریشی دەوێت”. عەلی دۆڵەمەڕی گوتیشی: بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەوان ناتوانن هیچ بڕە پارەیەك بۆ گەڕاندنەوەی ئەو تەرمە تەرخان بكەن، بەڵام دەتوانن لەڕووی لۆجستییەوە هاوكاریی خێزانەكە بكەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەكە”.
سەبارەت بە هەڵوێستی باڵیۆزخانەی عێراقیش، دۆڵەمەڕی بەدووری نازانێ ئەو هەڵوێستەی باڵیۆزخانەكە پەیوەندی بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداوە هەبێ.
عەلی دۆڵەمەڕی ئاماژەی بەكێشەیەكی دیكەی كۆچبەران دا و گوتی “زۆربەی ئەو كۆچبەرە كوردانەی دێنە فەرەنسا، ناوی راستەقینەی خۆیان نادەنە دەزگاكانی حكومەت، یان هیچ بەڵگەنامەیەكیان پێ نییە، بۆیە لە رووداوی وەهادا كێشەمان بۆ دروست دەبێ، بۆ نموونە ئێمە بەناوی هێدی بەدوای چارەنووسی كوڕی كاك نەبەزدا دەگەڕاین كەچی دەركەوت ناوە راستەقینەكەی عوسمانە”.
لە دوو ساڵدا 151 تەرم هێنراونەتەوە كوردستان
نەزهەت حوسێن، بەرپرسی بەشی پەنابەران و رەوەندی كوردی لە بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەران دەڵێت، هەرچەندە ئەو گەنجە بەخاكسپێردراوە، بەڵام دەتوانرێت تەرمەكەی بگەڕێندرێتەوە.
نەزهەت حوسێن باسی رێكارەكانی هێنانەوەی تەرمەكە دەكات و دەڵێت: “سەرەتا دەبێ باوكی هێدی بریكارنامەیەك بۆ حكومەت بكات، ئێمە بریكارنامەكە دەنێرینە نوێنەرایەتیی حكومەت لە فەرەنسا، ئەوانیش دەینێرن بۆ وەزارەتی داد و لەوێوە داخڵی كەیسەكە دەبین، بەڵام نازانین چەند كاتی پێویستە”.
نەزهەت حوسێن دەڵێت لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا 151 تەرم لە دەرەوە هێنراونەتەوە كوردستان، سەرجەم تێچووەكانیشیان لەسەر نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی