پشکنینهكا نوو بۆ زوو دەستنیشانکرنا شێرپەنجێ
رووداو-دەیلی تەلەگراف
توێژەرانی بەریتانی پشکنینێکی نوێی خوێنیان دۆزیوەتەوە کە دەتوانێ دەریبخات شێرپەنجەی سییەکان لە کەسێکی چارەسەرکراودا گەڕاوەتەوە یان نا، ئەویش ساڵێک بەرلەوەی وێنەی تیشکی سینی و سیتی سکان بتوانن دەستنیشانی بکەن.
توێژەرەکان لە ئەنستیتۆی فرەنسیس کریکی بەریتانی بوون و تێچووی توێژینەوەکەش لەلایەن دامەزراوەی توێژینەوەی شێرپەنجە لە بەریتانیا دابینکراوە و ئەنجامەکەی لە جۆرناڵی زانستیی (نەیچەر) بڵاوبووەتەوە.
وەک توێژەرانی بەریتانی بۆیان دەرکەوت ئەو کەسانەی لە خوێنیاندا رێژەیەکی زۆرتر لە کرۆمۆسۆمی ناجێگیر هەبوون، چوار هێندەی کەسانی دیکە ئەگەری هەبوو شیرپەنجەکەیان بۆ بگەڕێتەوە یان لەماوەی دوو ساڵدا بمرن.
لە شرۆڤەکردنی توێژینەوەکەدا هاتووە، کاتێک دوای چارەسەری کەسەکە، لە خوێنیدا رێژەیەکی زۆر لە ترشە ناووکی کارلێکراو بە شێرپەنجە هەبن، واتای ئەوەیە شێرپەنجەکە ئیدی لە بەرامبەر دەرمان و چارەسەرەکان سەرسەخت بووە و پێیان سەرکوت نابێ. ئەوە لە کاتێکدا هێشتا تیشکی سینی و سیتی سکان هیچ ئاماژەیەکی نائاسایی لە کەسەکەدا دەرناخەن.
پەیوەندیداران دڵخۆشن بەوەی ئەم پشکنینە نوێیە دەرگا بکاتەوە بە رووی داهێنانی ئەوتۆ کە بەشە سەرسەختەکانی شێرپەنجەکەش بکاتە ئامانج و مەترسی نەخۆشییەکە لەسەر کەسەکە کەمبکاتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی