لینجیێ بهقێ نووترین چەکێ دژى ئەنفلۆنزایە!
رووداو-سلێمانی
پێدەچێ چارەسەری هەرە کارای ئەنفلۆنزا لەو گەردانەی لە لینجاوی پێستی بۆق هەن، دروستبکرێ، دوای ئەوەی توێژەران بۆیان دەرکەوت ڤایرۆسی تووشکەری ئەو نەخۆشییە لەنێودەبات بێئەوەی کاری نەرێنی لە خانەکانی لەش بکات، ئەوەش بەپێی هەواڵی پۆرتاڵی ئیندیپێندنتی بەریتانی.
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە جۆرناڵی زانستیی (Immunity) بڵاوبووەتەوە، دەریخستووە ئەو لینجاوەی لەسەر پێتی جۆرێک لە بۆقی رەنگاورەنگی هیندی هەیە، دەتوانێ ڤایرۆسی تووشکەری ئەنفلۆنزا تەفروتونا بکات.
بۆقەکە ساڵی 2015 لە دارستانەکانی باشووری رۆژئاوای هیندستان دۆزراوەتەوە و بەوە جیادەکرێتەوە توێژاڵێکی گەورەی قاوەیی لەسەر پێستی هەیە.
دکتۆر جۆشی جاکۆب لە زانکۆی ئیمۆری لە ویلایەتی ئەتڵانتای ئەمریکاوە دەڵێ یەکێ لەو پێکهاتە پێپتایدییانەی لە لینجیی بۆقەکەدا هەیە ڤایرۆسی تووشکەری ئەنفلۆنزا لەنێودەبات و هیچ کارێکی نەخوازراو لە خانەکانی جەستەی کەسە تووشبووەکە ناکات.
ئەو مشکانەی وەکوو ڤاکسین ماددەی نێو لینجاوی بۆقەکەیان لێدراوە، بەرگرییان پەیداکردووە لە دژی ئەنفلۆنزای بەراز کە ساڵی 2009 بە چڕی بڵاوبووەوە.
واپێدەچێ ئەو لینجاوە چەکێکی بەرگری بۆقەکان بێ بۆ خۆپاراستنیان لە زیندەوەرە نەخۆشخەرەکان.
توێژەرە ئەمریکاییەکان هیوادارن دۆزینەوەکەیان ببێتەهۆی دروستکردنی دەرمانێکی کارا بۆ رێگرتن لە شەپۆلەکانی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزا، کە بە تایبەت بۆ منداڵ و بەتەمەنەکان مەترسیدارن.
توێژەرەکان بەو دۆزینەوەیەوە نەوەستاون و بە نیازن لەسەر ڤایرۆسە مەترسیدارەکانی وەک هەوکردنی جگەر، ئایدز و زیکاش تاقیبکەنەوە، بەو هیوایەی ئەوانەش لەنێوببات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی