وەزیرێ دەرڤهيا ئەمریکا گەیشتە مۆسکۆ
رووداو- هەولێر
رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە 11-4-2017 کاژێر 16:45 خوولەک گەیشتە فڕۆکەخانەی ڤنوکۆڤۆ لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا.
بڕیارە تیلەرسن بۆ دوو رۆژ لە مۆسکۆ بمێنێتەوە و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا رووسەکەی و هەروەها گەورە بەرپرسانی دیکەی رووسیا کۆببێتەوە.
پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن و هەروەها دۆخی سووریا ، گەرمترین مژاری کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەرپرسانی رووسیا دەبێت.
سەردانەکەی تیلەرسن بۆ مۆسکۆ لەکاتێکدایە کە رۆژی هەینی رابردوو ئەمریکا بە مووشەکی تۆماهۆک هێرشیکردە سەر بنکەیەکی سەربازی حکومەتی سووریا لە پارێزگای حومس ، ئەمەش نیگەرانی گەورەی لەلای بەرپرسانی رووسیا و خودی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە.
بەگوتەی دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا، بریار نییە هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان پوتین سەرۆکی رووسیا و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنجامبدرێت.
جێی باسە، ئەمە یەکەمین سەردانی رێکس تیلەرسنە، وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ مۆسکۆ و هەروەها دوومین جاریشی دەبێت لەگەل سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆببێتەوە.
یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوەی رووسیا و ئەمریکا لە مانگی شوباتی 2017بوو لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی G20.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی