مووی “ماش و برنجی” تووشبوونێ ب جەلتا دلێ زێده دکت
رووداو-سلێمانی
ئەو پیاوانەی نیوەی موویان سپی بووە، ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ زیاددەکات بێ گوێدانە هۆکارە رێگەخۆشکەرەکانی دیکەی وەک تەمەن و جگەرەکێشان، توێژینەوەیەکی نوێ کە دەیلی ئێسلپرێسی بەریتانی ئاماژەیپێکردووە دەریخستووە.
د. ئیرینی ساموێل، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە زانکۆی قاهیرە، دەڵێ “چوونەتەمەن هۆکارێکی حەتمیی مەترسییە بۆ تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، بەشێک لە نیشانەکانی پیریش لە پێستدا دەردەکەون”. پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێ گرنگە لە نیشانەکانی پێستەوە (وەکوو سپیبوونی مووەکان) هەندێک کلیلی زانیاریمان دەستبکەوێ سەبارەت بەو کەسانەی لە مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵن، تاکو هەر زوو دەستێوەردان بکرێ و مەترسییەکانی سەر کەسەکە کەمبکرێنەوە.
دکتۆر ساموێل دەڵێ رێوشوێنەکانی روودانی هەریەکە لە سپیبوونی مووەکان و رەقبوونی خوێنبەرەکان لەیەکدەچن، بەوەی لە هەردووکیاندا پرۆسەی چاککردنەوەی ترشە ناووکییەکان (DNA) لە جەستەدا دەشێوێت. رەقبوونی خوێنبەرەکان حاڵەتێکە کە تێیدا چەوری لەسەر نێوپۆشی بۆڕییەکانی خوێن کۆدەبێتەوە و رێگەخۆشدەکات بۆ تووشبوونی کەسەکە بە جەڵتەی دڵ و مێشک و چەندین نەخۆشی دیکەی پەیوەست بە دڵ و بۆڕییەکانی خوێن.
توێژەرەکان لە بەربڵاویی سپیبوونی مووەکانیان کۆڵییەوە لەو کەسانەی تووشی نەخۆشیی بۆڕییەکانی خوێنی دڵ دەبن (وەکوو جەڵتەی دڵ)، بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ سپیبوونی موەکان بە جیا پەیوەندی هەیە بە تووشبوون بە جەڵتەی دڵ یان نا.
توێژینەوەکە لەسەر 545 پیاو ئەنجامدرا، کە لەلایەکەوە پۆلێنکران بۆ هەبوون و نەبوونی نەخۆشی دڵ، لەلایەکی دیکەشەوە پۆلێنکران بەگوێرەی رێژەی مووی سپییان.
بەشداربووان بەمشێوەیە دابەشکران بەگوێرەی رەنگی تاڵەمووەکانیان: پلەی یەک: ئەوانەی قژیان بە تەواوی رەشە، پلە دوو: ئەوانەی مووی رەشیان زۆرترە لە مووی سپی، پلەی سێ: ئەوانەی مووی رەش و سپییان یەکسانە، پلەی چوار: ئەوانەی مووی سپییان لە مووی رەشیان زۆرترە و پلە پێنج: ئەوانەی قژیان بە تەواوی سپییە.
جگە لەوانە، رێگە خۆشکەرە ناسراوەکانی دیکە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن هەژمارکران، وەکوو: بەرزی فشاری خوێن، شەکرە، جگەرەکێشان، چەوری خوێن و هەبوونی ئەو نەخۆشییانە لە خێزاندا.
توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت سپیبوونی مووەکان (پلەی 3 و زیاتر) رێگەخۆشکەرێکی سەربەخۆیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن، بێ گوێدانە رێگەخۆشکەرە ناسراوەکانی دیکە و تەنانەت تەمەنی کەسەکە (بە ساڵ).
لە زانستدا تەمەن تەنیا بە ساڵ دیاریناکرێت، بەڵکوو تەمەنی بایۆلۆجیش هەیە کە دەریدەخات شانەکانی لەش تا چ رادەیەک پیر بوون، واتە ئەو كەسانەی لە هەمان ساڵدا لەدایكبوونە، بە ریژەیەكی تەواو جیاواز شانەكانی جەستەیان پیردەبێت، بەجۆرێک توێژینەوەیەک دەریخستووە هەندێك لەوانەی بەپێی ساڵی لەدایكبوون 38 ساڵن، شانەكانی جەستەیان هێندە پیرن وەك ئەوەی كاتی خانەنشینكردنیان هاتبێ.
توێژینەوە نوێیەکەش دەڵێ ئەوانەی مووەکانیان سپی دەبێ لەڕووی بایۆلۆجییەوە لەو کەسانە پیرترتن کە هاوتەمانەی خۆیانن و موویان بە رەشی ماوەتەوە، بۆیە مووی سپی رێگەخۆشکەرێکی سەربەخۆیە بۆ تووشبوون بە جەڵتەی دڵ.
توێژەرەکان دەڵێن خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوانی سپیبوونی مووەکان و رەقبوونی خوێنبەرەکان، بەوەی لە هەردوکیاندا رێوشوێنەکانی چاککردنەوەی ترشە ناووکییەکانی خانەکان (DNA) لە جەستەدا تێکدەچن.
بڕیارە ئەنجامی توێژینەوەکە لە کۆنفرانسی ساڵانەی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ رێگەگرتن لە نەخۆشییەکانی دڵ (EuroPrevent 2017) پێشەکشبکرێ، کە ئەمساڵ لە مەلەگای ئیسپانیا سازدەدرێ.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی