تەکسیێن کوردستانێ دێ ئێنه رێکخستن
رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ رێكخستنی كاری تەكسییەكانی هەرێمی كوردستان و لێدانی شریت و كۆد و لۆگۆی تایبەت لەهەر تەكسییەك، چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی دارایی و ناوخۆ دەكەن، تاوەكو لەو كارەدا ببنە هاوكاریان و گوتی “دوای ئەوەی وەڵامی ئەو دوو وەزارەتەمان وەرگرت، دەستبەكار دەبین”.
سەڵاح جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “كارمان بۆ رێکخستنی كاركردنی تەكسییەكان لەهەرێمی كوردستان کردووە، بەو جۆرەی هەر تەكسییەك لە كوردستان كار بكات، دەبێت چەند مەرجێك جێبەجێ بكات، لەوانە شریتێكی فسفۆڕی بۆ ناسینەوە لەهەر دوو لای ئۆتۆمبێلەكە دەدرێت، هاوكات لۆگۆیەك لە پێشی ئۆتۆمبێلەكەی دەدرێت، لەگەڵ ئارمێك كە كۆدێكی لەسەر دەبێت بۆ ناسینەوەی ئۆتۆمبێلەكە”.
بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی هەرێمی كوردستان گوتی “بۆ جیاكردنەوەی تەكسی ناو شارەكان رەنگی ئەو لۆگۆ و شریتە كە لە تەكسییەكان دەدرێت، لەسەر داواكاریی شارەكان خۆیان بەم جۆرە دەبێت، رەنگی لۆگۆی تەكسیەكانی هەولێر سوور و سلێمانی شین و دهۆك رەش”.
بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، بەشێوەیەكی گشتی رەنگی لۆگۆ و شریتی تەكسیەكانی دەرەوەی شارەكان، قاوەیی دەبێت و گوتیشی “تەكسی دەرەوەی شارەكان بەوە جیا دەكرێنەوە لەسەر لۆگۆ و شریتەكان، ناوی شارەكان دەنوسرێ، لە پارێزگای دهۆكیش ناوەكە بەشێوەزاری كرمانجی سەروو دەنووسرێ”.
لەبارەی تێچووی پارەی ئەو كارە گوتی “بۆ دابینكردنی ئەو پێداویستیانە و لێدانی لە ئۆتۆمبێلە تەكسییەكان ، بڕە پارەیەكی رەمزی لە شۆفێران وەردەگیرێ، بەڵام ناتوانم بڕی ئەو پارەیە ئاشكرا بكەم”.
لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی81 هەزار ئۆتۆمبێلی تەكسی هەیە، نزیكەی 38 هەزار لە هەولێر و 26 هەزاری لە سلێمانی و17هەزاری لەپارێزگای دهۆكە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی