ئه‌یلول 30, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

د. محمد خدر مولود: بنگه‌هێ لالش ئایكۆنێ ڕه‌وشه‌نبیریا ئێزدیان

 تۆرا لالش

کاتێ باس لە بنکەی ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتی  لالش دەکەین ،جیاواز لە باسکردنی  بنکە وناوەند دیکەی جڤاکی ریشنبیری کوردی .  چونکە وەک ناوەندێک جگە  لە  ئەرکە رۆشنبیرییەکەی کە بە بەرنامە ونەخشە وپەیڕەوو پڕۆگرام کارەکانی ئەنجام دەدا،وەک ناوەندێکی جفاکی ئەرکی پاراستن وبایەخ پێدانی ئول وئایینی ئێزدی و بابەتە کۆمەڵایەتییەکانیشی لە ئەستۆ دایە .  

لالش وەک  بنکە وناوەندێکی ڕۆشنبیری لە ئاستی رۆشنبیری جڤاکی وکۆمەڵایەتی ورێزگرتن لە” دابونەریتی ئایینی وسونبول و هێما و پیاوانی ئایینی” کاری کردووە تا ( کانییەکی زوڵاڵ) بێ بۆ(روباری رۆشنبیری کوردی) .  

میتافۆری ناوی لالش لە پەرستگاوە بۆرۆشنبیری ورۆژنامەگەری  

لالش ناوی پەرستگا وشوێنی پیرۆزوسنبولی کوردانی ئێزدییە، کەوتۆتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری دهۆک و50 کم لێیەوە دوورە و 12 کم لە قەزای شێخان و 14 کم لە باعەدرێ دوورە، شێخان و باعەدرێ  کە دوو شوێنی ئێزدی نشینن و لالش لەگەڵ شنگاڵ 177 کم بەینەلالش کەوتۆتە نێو دۆڵێک بە گەلی لالش ناسراوە و چەندین  مەزارو هێمای پیاوچاکانی لێ یە.   

لالش ، پیرۆزترین ودێرینترین شوێنی ئێزیدیانە پەرستگای لالش لەسەردەمی شێخ ئادی دا (1073-1162) وەکو قوتابخانەیەک بووە بۆ زانست وزانین وئەدەبیات. .بەجۆرێ قەولبێژان بەرهەمی خۆیان تێدا نووسیووەتەوە،نەک هەر تەنیا چەند تێکستێک لە لالش نووسراوەتەوە،بەڵکو کتێبیشی تێدا بەرهەم هاتووە .                بۆیە گەلی لالش وێرای پێگە ئایینییەکەی ووەک ناوەندێک بۆزانیاری ئایینی دوای هاتنی شێخ ئادی لالش، پێگەی ئایینی وئەدەبی  وەردەگرێ ودەبێتە ئەو ناوەندەی لە ناوچەکەدا ناوبانگی بەرەو هەرێمە و جیهاندا دەڕوات وەک شوێنی خواپەرستی و ئەدەب وزانست وئایین دەناسرێ.

لالش جگە لەبوونی  مەزاری شێخ  ئادی ، بە گوێرەی چەندین سەرچاوە کتێبخانەیەکی مەزنی دەستنووس و کتێبی کۆن و دێرینی لێ بووە ، بەڵام لەگەڵ رۆژگاری ناهەموارو بارودۆخی ناخۆش کەبەسەرئێزیدی و  ناوچەکەداهاتووە ، بە هۆی ئەو فەرمان و ڕەشەکوژی و سوتماکردنی خاک لە لایەن دوژمنانی کورد و ئایینی ئێزیدییەوە زۆربەی هەرەزۆری ئەو دەستنووسانە یا سووتێندراون یا فەوتێندراون .

 بۆیە لە بەر پێگەی پیرۆزو مێژووی پەرستگای لالش، ناوی لالش زۆر مەبەست و لە شوێنی تریش بەکارهاتووە تا پیرۆزی و واتاکەی پارێزراو بێ .                                                                    بۆیە لە سەردەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەساڵی 1993 وە پەیڤی لالش وەک مانا فەرهەنگییە ئیتمیۆلۆژییەکەی لەمانایێ زیاتردەگەینێ ولە ناوی پەرستگا  وشوێنی پیرۆزی ئایینیەوە وەک میتافۆر، بۆمانا وبۆبەرهەم هێنانی  ناو و واتای نوێ بەکارهاتووە.                                                                         بەگشتی لالش وەک میتافۆرێ بریتیە لە دەربڕینی لە وێنە چوو،  هەروا دەربڕینی پۆستەری و دەربڕینی ئەو وشە و ئەو ڕستانەی کە وشەکانی ناو رستە و گوتنەکە دەریدەخەن وبە گوێ لێ بوون ولێڕاهاتن کە لە گواستنەوەی وشەکە دا مانایەکی   تازە دەگەینێ لە پای ئەو پێگە ئایینی وئەدەبی ومێژوویەی لالش هەیەتی نووسەرو رۆژنامەنووسانی ئێزیدی بۆبەرزترراگرتنی ئەو پێگە و مەحفەلە پیرۆزە ناوەکەیان بە پیرۆزی ونەمری هێشتۆتەوە وناوەند وبنکەی رۆشنبیری وکۆمەڵایەتییان ناوی لالش ناوناوە،هەروا چەندین گۆڤارو رۆژنامە وبڵاوکراوەش.                      

 بنکەی رۆشنبیری لالش بیرۆکەی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و بە پشتیوانی وهاندانی سەرکردایەتی شۆڕش وسەرۆک و رابەری کورد مستەفا بارزانی هەوڵی دامەزراندنی دراوە لەدوای  11ی ئاداری مێژووی ساڵی  1970چەند جارێک داوای دامەزراندنی کراوە بەڵام حکوومەتی بەعس هەرجارێ بە بڕوبیانوووەک مۆڵەتی پێ نەداوە و رێگری لە دامەزراندنی کردووە.            بۆیە دوای راپەڕینی 1991  وهەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی  هەرێمی کوردستان بنکەی لالش لەسایەی پەرلەمان وحکوومەتی کوردستاندا  مۆلەتی فەرمی کارکردنی وەردەگرێ. لالش  لە رۆژی دامەزراندنییەوە لە 12-5-1993 دوای ئەندام وەرگرتن وئەنجامدانی کۆنفراس چالاکییە هەمەجۆرە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکانی خۆی دەست پێکردووە.  

 بزاڤی رۆشنبیری  بنکەی لالش                                                               ئەم بنکەیە لە رۆژی دامەزراندنییەوە مەزنترین ڕۆڵی گێڕاوە وەک رێکخراوێکی ڕۆشنبیری مەدەنی ، جڤاکی سڤیل . وەک  یەکەم ناوەندی ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتی ومیدیایی بۆتەواوی ئێزیانی هەرێمی کوردستان ولەوێشەوە بۆهەموو  ئێزیدیانی دنیا ڕووگەی رۆشنبیری وسەرچاوەی هێزی هزری وفەلسەفەی ئێزیدی وباوەڕ بەخۆ بوون و بە ئایندەیە .                                                             لەم ڕوانگەیە هەر لەسەرەتای ساڵانی دامەزراندنییەوە،جگە لە کارابوونی ناوەندی بنکەکە لە ناو سەنتەری پارێزگای دهۆک، لە چەندین ناوچەو شوێنی ئێزیدی نشین لە هەرێمی کوردستان نووسینگەی خۆی کردەوە و چالاکی خۆی ئەنجامداهەروا لە چەندین شاروناوچەی دەرەوەی وڵاتیش بەکردنەوەی نووسینگە  کوردانی ئێزدی لە دەوری خۆی کۆکردەوە .                                                                       کە سەیری پێکهاتەی بنکەکە دەکەین لە دوای 2003و و پرۆسەی رزگارکردنی عێراقدا دەستەیەکی باڵا بۆ چەندین بنکەی لالش دامەزرێنراون . لەوانەش : بنکەی شنگال،سنونێ ، شێخان ، باعەدرێ ،باشیک ، بارزان ،خانکێ ،شاریا وبنکەیەک لە ئەڵمانیا و…..تد . هەروا چەندین نووسینگەش وەک نوێنەرایەتی لە زۆربەی ناوچەو دەڤەری ئێزیدییان . ئەوەیان سەرباری هەبوونی نووسینگە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک … دەستەی کارگێری بەم جۆرەیە ئەرکەکانیان دابەش دەکرێ :   

1-سەرۆکی دەستەی باڵا

2- جێگر 

لیژنەژنەکانی

3- رۆشنبیری

4- کارگێری و دارای  

5- پەیوەندییەکان

6- کاروباری جڤاکی

7- لێکۆڵینەوە و دراسات .                                                                                         

هەموو ئەو چالاکی و بزاڤە هەمە جۆرەی بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش ئەنجامی داوەن دەکرێ لەم ناونیشانە کۆیان بکەینەوە.  

یەکەم : لە بواری ئایینی  ئێزدی و ئێزیدیاتی        

لەم بوارەدا بنکەی لالش چالاکانە کارەکانیان ئەنجام داوە ،  کە خۆیان لە ڕێزگرتن لە پیرۆزیی وسنبوولی ئایینی  ئێزدی ورێزداران میری ئێزیدیان وجڤاتی روحانی دەبینێتەوە .دانانی سندوقی خێرات وهاریکاری لەپەرستگای لالش ودیکۆمێنتکردنی تێکستی ئایینی ودابونەریت ودیرۆکی بەشێوەی ساڵانە ودانانی پرۆگرامی خوێندنی ئێزدیاتی بۆهەردووقۆناغی خوێندنی(بنەرەتی وئامادەیی) لەم بارەیەوە بە هەمان پرۆگرامی خوێندن لەلایەن بنکەی لالش وەرگێڕدراوەتە سەر پیتی لاتینی تاوەکو ئێزیدییەکانی باکوری کوردستان وکوردستانی  رۆژئاوا وتەواوی وڵاتانی دەرەوە                            لە ئەوروپاو گورجستان وئەرمەنستان سوودی لێ وەرگرن.                                لەم بارەیەوە چاپ و بڵاوکردنەوەی زنجیرە کتێبێکی ئایینی وەک وەڵام دانەوەی ئەو چەواشەکاری و تۆمەتانەی دەرحەق بە ئایینی ئێزیدی دەکرێن  بۆ ئەم کارەش لیژنەی لێکۆڵینەوە ودیراسات لەدەستەی باڵای لالش دامەزراوە وبەشێوەی زانستی  وشارەزا و پرۆفیشناڵانە بەم ئەرکە هەڵدەستێ .                                                                      دووەم :  سیاسەتی نەتەوەیی بنکەی لالش

بنکەی لالش لەگەڵ دامەزراندن و هەبوونی خۆیەوە بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانییوە بەردەوام بەرگری لە ناسنامەی نەتەوەییەکەی بکا وپارێزەرو گەشەپێدەری  هزرو بیری ئێزیدیاتی وکوردایەتی بێ و لە پێناو هێنانەدی ئامانجە نەتەوەییەکەش هەردەم لە خەبات و تێکۆشان دابووە ودژی پیلانگێران ودوژمنانیش پێشەمەرگەی فیداکاروبەرەنگاری پۆڵایینە.بۆنە نیشتمانی ونەتەوەییەکانی کوردستان بەتایبەتیش بۆنەی لەدایک بوونی” بارزانی نەمر باوکی روحی “هەمیشە بە بەرزی وپیرۆزی  راگیراوە، لە یادو بۆنەکانیشدا بەشداری کاراو چالاک بووە. بنکەی لالش لە روانگەی پیرۆزەوە سەیری ڕابەرو سەرۆک و دامەزرێنەری بیرو قوتابخانەی کوردایەتی  مستەفا بارزانی وەک باوکی روحی کورد  کردووە . هەروا کەسایەتی و رێبازو میتۆدو قوتابخانە رێبازومیتۆدەکەی  بە سەرەوەت و سامانی نیشتمانی نەتەوەیی دەبینێ و تێکۆشاوە لە پێناو بەرزڕاگرتن و بەرەوە پێشەوە بردنی .                                   

سێیەم : لە بواری رۆشنبیری و راگەیاندنەوە

بنکەی لالش لە بواری رۆشنبیری دا لە رۆژی دامەزراندنیەوە چەندین کۆنفراسی گشتی و تایبەتی ئەنجامداوە . بە دەیەها کتێبی بۆ بوارەکانی ئایینی و کەلتووری و مێژوویی و چاپ وبڵاوکردۆتەوە. سەرباری دامەزراندنی(لیژنەی لێکۆڵینەوە دراساتی ئێزیدیناسی ) کەتابەتە بە لێکۆڵینەوە وتوێژینەوە لە بابەتە پەیوەندارەکانی ئێزیدیناسییەوە.هەر لەبواری رۆشنبیریدا هەبوونی گۆڤاری( لالش) گۆڤاری سەرەکی بنکە و رۆژنامەی لالش . رۆژنامەی حەفتانەی بنکەکە و چەندین گۆڤارو بڵاوکراوەی هەمەجۆر لە لق و نووسینگەکانی بنکەی رۆشنبیری لالش لە سنونێ و شنگال وشێخان و باعەدرێ و شاریا و خەتارێ هەیە .                                                لەبارەی کۆنفراسی نێو نەتەوەیی لە رۆژانی 29و30 ی نیسانی ساڵی 2025 سێیەمین کۆنفراسی زانستی نێو دەوڵەتی لە ژێر ناونیشانی ” ئێزیدی : ئایین ، کەلتوور ، مێژوو و جوگرافیا ” سازکردلەم کۆنفراسەدا کە زیاتر لە 50  توێژینەوەی زانستی هەمەجۆر لەبوارو  تەوەرەکانی کۆنفراس  کە بریتیی بوون لە ئایینی ئێزیدی ئایینی و سیاسی ، جوگرافیا ،ئابووری ، ئەدەب وکەلتوورو فۆلکلۆر پێشکەشکران . ئامانجیش لە بەستنی کۆنفراسەکە بریتی بوو لە :     

1- تێگەیشتن لە ئایینی ئێزیدی و پێشکەشکردنی زانیاری گشتگیر لە بارەی بیروباوەڕو رێورەسم و پراکتیزەکردنی ئەرکەکانی ئایینی  و تێگەیشتن و شرۆڤە کردنی بابەتەکە بە گشتی .                                                                                

2-لێکۆڵینەوە لەو ئاریشەو ئاڵنگارییانەی دێنە ڕێی ئێزیدیان و گەڕان بەدەوای دۆزینەوەی چارەسەر و گۆڕینی گرفتەکان بە دەرفەت بۆ چارەسەر.

3- دیاری کردنی کەلتووری ئێزیدیان و پاراستنی ئەو کەلتوورە بە هادارە رۆشنبیری و مەعریفی و هونەرە مەزنە مللیەی ئێزیدیان بەشێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە.

4-  بە هێزکردنی دیالۆگ لەنێوان کەلتووری جیاجیاو فرە کەناڵکردنی دیالۆگی نێوان کەلتوورە جیاوازەکان.                                                                        

5- بەدیکۆمێنتکردنی ئەکادیمی داتای لیکۆلینەوە و هەموو ئەو بابەتانەی لەسەر ئێزیدیان نووسراوە تا بە شێوەیەکی ئاسان و زانستی بگاتە دەست توێژەران                           لە بواری ڕاگەیاندنەوە ، بنکەی ڕۆشنبیری لالش ڕۆڵی کارای خۆی بینییوە لە دەرهێنان و بڵاوکردنەوەی گۆڤارو و پێشەنگ بوونی لەم بارەیە دا تا پێشخستن و بەرەو پێشەوە بردنی کەناڵی sema .tv  وەک کەنالێکی تەلەفزیۆنی پرۆفیشنال بۆ پرسی ئێزیدی و ئێزیدیاتی بە کارمەندو نووسەرو میدیاڤانی گەنجی ئێزیدی .

چوارەم :  لەبواری پەیوەندی گشتی                                                                               

بنکەی لالش توڕێکی پەیوەندی فرەوانی هەیە لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چ لە ناوەی کوردستان بێ یا لەدەرەوە ،هەروا لەگەڵ کەسایەتی رۆشنبیری وکۆمەڵایەتی و سیاسیی وسەرباری هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوەکانی سەر بە یو ئێن و قونسوڵخانەکانی وڵاتان کە بارەگایان  لە هەولێری پایتەختە. سەرباری بوونی هەبوونی ئەوپەیوەندییە پتەوەی لەگەڵ ڕەوەندی کوردی لەدەرەوە لە هەندەران بەتایبەتی لەگەڵ ماڵی ئێزیدیان لە ئەلمانیا -لە ئۆلدنبرگ بنکەی لالش لەو جۆرە پەیوەندییانەیدا و بە بەسەردانیکردنی نوێنەرایەتی و بەرپرسان و قونسوڵی چەندین قونسولخانە و رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆپەرستگای لالش میوانداری کردنیان  راستی و دروستی ئایینی ئێزیدی و داب ونەریتی ڕەسەنی ئێزیدیاتی گەیاندۆتە تەواوی نێوەندەکانی دونیا .            

بنکەی لالش ئایکۆنی ڕۆشنبیری ئێزیدی                                                                                                                                                                      

گرنگە ناوەندێکی رۆشنبیری کوردی پێشەنگ و بەتەمەن و پڕ بەرهەم و چالاکی رۆشنبیری وەک بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش بوونی لە کوردستان و پارێزگای دهۆک هەبێ تا بزاڤی رۆشنبیری و مێژووی رێکخراوجفاتی کۆمەڵگەی    مەدەنی لە کوردستاندا بەرەو پێشەوە ببات بەتایبەتیش ناوەندێکی رۆشنبیری تایبەت بەپێشخستن وبەرەو پێشەوە بردنی بزاڤی رۆشنبیری وڕاگەیاندنی کوردانی ئێزدی. بوونی ئەم ناوەندە ڕۆشنبیرییەی لالش لە شاری دهۆک لاپەرەیەکی گەشی شانازیە لە تۆماری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تۆمارکراوە و ناوی لالش بە پیتی  درەوشاوە ، لە نێو ناوەکان دیار بەرچاوە.

بوونی بنکەی ڕۆشنبیری لالش وەک چۆن بۆ بزاڤی ڕۆشنبیری ئێزیدیان گرنگ و پێویستیەکی سەردەمیانە بوولەساڵی 1993 وە دامەزراوە  بۆحکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سەلماندی بە  هەبوونی ئە و بنکە و ناوەندە ڕۆشنبیریانە ، ئەزموونی پراکتیزەکردنی دیموکراسیی وهەنگاونان بۆنێوکۆمەڵگای مەدەنی بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوکۆمەڵگا وهەبوونی کەلتووری دیالۆگی رۆشنبیری سەردەمیانە ولێک  حاڵی بوون ئاسانکارین بۆ دروست بوون و هاتنە ئارای کۆمەڵگەیەکی تەندروستی  فرە رۆشنبیری ،فرە ئیتنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوەوئایین وئاینزاکانی کۆمەڵگە مەزنەکەی کوردستان.

لەساڵی 1993لە رۆژی دامەزراندنی بنکەی لالش، بنکەکە وەک ناوەندێکی کارای رۆشنبیری تایبەتی ئێزدی بایەخی بە پرس وبابەتی هەموجۆری ئایینی و مێژوویی وکەلتووری وئابوری ومیدیایی ئێزدی داوە و مەبەستی بووە بە سازکردنی  کۆڕو سمیارەکانی بایەخی زیاتر بە کەلتوور وئەدەبیات وفۆلکلۆرو بابەتی ئایینی وداب و نەریتی ڕەسەن و سمنبوڵ وکەسایەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی ئێزیدیان بدات.

بنکەی لالش بۆبنیاتنان ویێگەیاندنی نەوەی تازەی رۆشنبیروراگەیاندکارومیدیاڤانی هوشیاروپرۆفیشنیاڵ  لەسەرەتاوە چەندین خولی رۆشنبیری وڕاگەیاندنی کردۆتەوە لەکاتێکدا کاری رۆژنامەوانی ومیدیایی بۆئێزیدیان لەساڵی 1993 بۆ یەکەم جاری بووە لە مێژووی دامەزراوەی فەرمی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێزیدییان کاری میدیایی ورۆشنبیری فەرمی خاوەن پەیرەووپرۆگرام بێ وسەرەتای بنیاتنانودروستکردنی نەوەی تازەی هوشیارو تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بەرۆشنبیر ومەعریفە وئاشنا بوو و شارەزا  بوو لە تەکنیک و لایەنی هونەری میدیایی.

بنکەی لالش سڵی لەوەنەکردەوە بەڵکو پۆل پۆل میدیاڤان وکارمەندی گەنج ونەوەی تازەی  لە کوڕان و کچانی ڕۆشنیری  ئێزیدی  بۆ بواری  رۆشنبیری وهونەری و تەکنیکی میدیای پێڕاگەیاند. بە هۆی سازکردنی بەردەوامی خولی ڕۆشنبیری هەمە جۆرکارمەندی گەنجی شارەزا و لێزانی  بۆ بوارەکانی رۆشنبیری گشتی وهونەرو تەکنیکی کاری راگەیاندن و میدیایی بەرهەم هێنا . بنکەی لالش لە بواری  چاپ و رۆژنامەگەری وبڵاوکردنەوە وچاپکردنی کتێب وگۆڤاریش پێشەنگ بووە . هەروا  هێنانەدی وبەرپاکردنی بزاڤی رۆشنبیری وهزری ئێزدی وبایەخ پێدان بە ئەدەبیاتی باڵایەیە لە رۆژی دامەزراندنییەوە بەئەرکی رۆشنبیری ومیدیایی خۆی هەڵساوە و  بۆتە دال و مەدلولی رۆشنبیری و ئەو ماڵ وناوەندەی سنبولی کەلتوورو ئەدەبیاتی  ئێزدیانە وشایەنیەتی پێی بگوترێ ( ئایکۆنی رۆشنبیری ئێزدیان).چونکە بەهەموو ئەو پێوەرانەی بۆ دەستەواژەی (ئایکۆنی رۆشنبیری) دانراوە و وەک لە سەرچاوە رۆشنبیرییەکان پێناسەی “ئایکۆنی رۆشنبیریCultural Icon  ” یان کردووە .   بنکەی رۆشنبیری لالش ئایکۆنی رۆشنبیری ئێزدیانە وبە هەموو پێوەرو مانا و  دەستەواژەی رۆشنبیرییەوە ئەومانا وواتایەی  تێدا کۆبۆتەوە هەموو واتاکانیش ئەوە  دەگەینن کە لالش   نوێنەرایەتی کەلتووری ئێزدییان دەکات. ئایکۆنی رۆشنبیری ئەو میافۆرەی بۆ بنکەی لالش بەکارمان هێناوە بە واتای تازە شتەکان دێ وچۆن واتا دەبەخشن وێنا دەکرێن ونوێنەرایەتی بەها و شێوەیەک لە “بەها و شێوە” کان دەکەن. چونکە  ئایکۆن زۆر جار خۆی لە کەسایەتیەک دەبینێتەوە زۆرجاریش لە پرۆگرام و بەرنامەی کۆمپویتەردا.بۆیە لە شێوە و هێماو وهێمای وێنەیی دا خۆی دەنوێنێ.  لەوەدایە بابەتەکان وەک ئایکۆنی رۆشنبیری لە شتی بەرهەست وواتا دارخۆی  دەبینێتەوە   لەهێمایی نیشتمانی دا دەبینرێ ولەوانە سروودی نیشتمانی و ئاڵای نیشتمانی دەبن  بە ئایکۆنی رۆشنبیری،  یا سروشت و ژینگەی  ناوچەیی وشوێن هەیە دەبێیتە هێما بۆ ئایکۆنی ڕۆشنبیری بۆنموونە : تاڤگەی گەلی عەلی بەگ ، قەراتی هەولێر و پردی دەلال لەزاخۆ.

هەر لەو ڕوانگەیەوەیە بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش ، کە دەبێتە ئایکۆنی  ڕۆشنبیری ئێزدییان جگە لە ماناوهێما و وێنا رۆشنبیرییەکەی، ماناوهێما وفۆرمی  لاهوتی- ئایینی و پەیڤی خواناسیش دەگەینێ ، کە لە مانادا خواستراو دەبێ و مانای “میتافۆریی-خوازەیی” وەردەگرێ کە لە هەناوی مانای پێشووی دا “پەرستگای لالش”ەوە لەدایک بووە وبۆ”شت  وشوێن” ی دی  لە شوێنی تر بەکاردێ و مانا و واتای تازە بۆ شتە تازەکە  بە پیرۆزی لە مانای ئایینییەوە بۆ مانای رۆشنبیری و ئەدەبی ئایینی  دەیگواێتەوە و دەیگەینێ.

ئەو بابەتانەی  لە بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش خۆیان لە کایە و بواری  رۆشنبیری و راگەیاندن دا دەبینێتەوە بە شێوەیەک رێکخراونو بەرنامە و نەخشەی کارکردنیان بۆ دانراوە بۆ بوون بە رۆشنبیرییەکی نیشتمانی جفاکی ئەفرێنەرە .ئەم دامەزراوەیەش وەک دامەزراوەیەکی راگەیاندنی نیشتمانی بە شێوەیەکی وردی خاوەن پلان  بۆدارێژراو، بە گوتاری ڕۆشنبیری نیشتمانیی ،لەژێرچاودێری ووردی پیشەیی و لە رێگای دەستەیەکی پیشەگەری نیشتمانییەوە کار لەسەر پەخش وبڵاوکردنەوە و وروژاندن وهێنانە بەر باسی هەموو ئەو پەیامە نیشتمانیانە دەکات  کەناوەڕۆکەکانیان بریتین لە دۆزوپرس وبابەتە جیاوازەکانی هاوتەریب بە سوودی  گشتی و نیشتمانی . لێرەوە ئەو ئاسۆگەشەی لەم  بنکەیەدا دەبینرێ سەرەتایەکی پتەوی پیشەگەرییە بە گوتاری ئێزیدیاتییە گوزارشت لە زوڵم و ستەمی بێ ئامانی مێژوویی دوورو درێژ دەکا، گوتارە وەڵامی هەموو فەرمانە ڕەشەکوژییەکان  وراستکردنەوەی هەمووئەو چەواشەکارییانەن دەرهەق  بە ئایین و مێژووی کوردانی  ڕەسەنی ئێزدی  کراوە .                                  

 

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi