وەزیرێ خووندنا بلند و ڤهكۆلينێن زانستی:کرێيا خووندنا پارالێڵ و ئێڤاران ب ڕێژەيا ٤٥٪ هاته كێمكرن
باسنيوز:
بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە گوتەیەکدا باس لە گرنگترین چالاکیی وەزارەتەکەی دەکات، ئەمەش دەقی گوتارەکەیەتی:
لە ماوەی سێ ساڵی کارکردنی وەزارەتەکەماندا، پێم خۆش بوو مشتێک لە خەرمانی دەستکەوتەکانمان بۆ ئێوە ڕابگەیەنم. هەر لە سەرەتاوە سەبارەت بە نوێکردنەوەی سەرکردایەتیی زانکۆکان کە پرسێکی یەکجار گرنگ بوو، لە کۆی ١٤ سەرۆک زانکۆی حکوومی ئێستا ١٢ سەرۆک زانکۆیان گۆڕاون. هەروەها گۆڕانکاری لە ڕاگری کۆلێجەکان ئەنجام دراوە، نزیکەی (٦٠) ڕاگر لە زانکۆکان گۆڕاون و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت.
هەروەها ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەرکردەی ئەکادیمی ژن بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، ئێستا سێ خانم سەرۆکی زانکۆن لەنێو ڕاگرەکانیشدا دەرفەتی گونجاو بۆ خانمانی کوردستان دەڕەخسێنین.
هەروەها لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەتدا، کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێوارانمان بە ڕێژەی (٤٥٪) کەم کردەوە، لەپێناو هاوکاریکردنی خوێندکاران و کەسوکاریان. لەم پرۆسەیەشدا بە دەیان ملیار دینار هاوکاریی کەسوکاری خوێندکاران کراوە.
یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانی ئێمە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی تایبەت، لە ساڵی یەکەمدا (٢٥٪) و ساڵانی دواتر، بەپێی ئەنجامەکانی ڕیزبەندی نیشتمانی، کرێی خوێندنی تایبەت بە ڕێژەی (١٠٪ بۆ ٢٠٪) کەم کرایەوە.
لەناو ئەو قەیران و هەلومەرجانەی کە هەیە، توانیمان کار بکەین بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی ساڵی (٢٠١٥-٢٠١٦) و (٢٠١٦-٢٠١٧) کە ژمارەیان نزیکەی سێ هەزار قوتابی دەبێت.
یەکێکی تر لە چالاکییەکانی وەزارەتمان ڕاگەیاندنی شەش هەزار کورسیی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵی و ماستەر و دکتۆرا. بۆ یەکەمین جار ئێمە توانیمان پلانی وەرگرتن لە زانکۆ حکوومییەکان بگەیەنینە ئاستێک کە ١٠٠٪ی دەرچوانی ئامادەیی، ئەوانەی کە داواکارییان لە ڕێگای سیستمی زانکۆلاین پێشکەش کردبوو، لە خوێندنی حکوومیدا هەموومان جێ کردوونەتەوە.
هەروەها دابینکردنی کورسیی خوێندنی خۆڕایی بۆ هاوسەر و منداڵانی شەهیدانی سەربەرزی گەلەکەمان.
دابینکردنی کورسیی خوێندن بۆ سەرجەم ئەو پێشکەشکارانەی کە (شنگال و کەرکووک و خانەقین) و ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان داوایان پێشکەش کردبوو.
دابینکردنی کورسیی خوێندن بۆ منداڵانی ئاوارەکانی سوریا. دەستەبەرکردنی پاڵپشتیی دارایی مانگانە بۆ خوێندکاران بە بڕی حەوت ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار بە هاوکاریی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەڕێز.
بەدەستهێنانی فەند و پشتیوانی دارایی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا لە ڕێگای پڕۆگرامەکانی یەکێتیی ئەورووپا بەتایبەت بەرنامەکانی ئیراسمۆس و ئیراسمۆس پلەس. بۆ نموونە: پرۆژەی تایگریس (TIGRIS) ، ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئیراسمۆس پلاس و بە هاوکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە بواری خوێندنی باڵادا لە نیوان ساڵانی ٢٠١٧-٢٠٢٠ جێبەجێ کرا کە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی تواناکان و پشتیوانیی بەنێودەوڵەتیکردنی دەزگاکانی خوێندنی باڵا و بڕی سێ ملیۆن یۆرۆ بۆی تەرخان کرا.
هەروەها پرۆژەی Apprais، ئامانجی گشتیی پرۆژەی ئەپەرایس بریتییە لە مۆدێرنکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بە گرینگیدان بە پلانی ستراتیژی و دڵنیایی جۆری و جووڵەی کرێدیت و ئاکامەکانی فێربوون بۆ ئەوەی بۆلۆنیا پرۆسێس بە شێوەیەکی باشتر لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت. ئەم پرۆژەیە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و بڕی یەک ملیۆن یۆڕۆ بۆی تەرخان کراوە. هەروەها ئامادەکردنی چەندین ڕێنمایی بۆ ڕێکخستنی کاروبارە جیاجیاکانی کەرتی خوێندنی باڵا، بەتایبەت ڕێنمایی مۆڵەتی خوێندن، ڕێنمایی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی.
خاڵێکی تر کە جێگەی ئاماژەپێکردنە فراوانکردنی ڕەهەندی نێودەوڵەتیی زانکۆکانمانە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی زانستی و ئەکادیمییان. هەروەها پێشکەوتنی بەشێکی بەرچاوی زانکۆکانی کوردستان لە ڕیزبەندی ١٥ هەزاری زانکۆکانی جیهانەوە بۆ خوار ڕیزبەندی چوار هەزار یەکێکی ترە لەو خاڵانەی کە جێگەی شانازی و دڵخۆشی وەزارەتەکەمانە.
تەرخانکردنی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و هاوکاری توێژەرانی کوردستان بە هاوکاریی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەڕێز.
پاراستن و دەربازکردنی پرۆسەی خوێندن لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای جیهانی (Covid-19) دا یەکێکی دیکە بوو لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ئێمە کە خەڵکانێک پێیان وابوو ئەرکێکی قورسە و هەورازێکی یەکجار سەختمان لە پێشە، بەڵام بە پشتیوانیی خوا و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابییانی کوردستان توانیمان بە سەرکەوتوویی دەربازی بکەین.
لە ڕووی کارگێڕییشەوە لە کۆی ٣١ هەزار و ٣٣٢ دۆسیەی فەرمانبەران ٢٥ هەزار و ٣٧٥ دۆسیە وردبینی کراون. کە ٢٩٩ پلەی زیادە وەرگیراوەتەوە و ١٦٤ سەرمووچەی زیادە کە خەرج کراوە.
ئەوەی کە لەم کورتە چاوپێکەوتنەدا پێشکەشی ئێوەی بەڕێزم کرد، کۆی خەرمانی دەستکەوت و چالاکییەکان و ئەجێندای کاری ئێمە نییە، خوا یار بێت لە داهاتوودا بەردەوام دەبین لەسەر ئەو ڕێچکانە و ئەم دەستکەوتانە گەشە پێ دەدەین و ئەوانەش کە ماون جێبەجێیان دەکەین و پێشکەشی هاووڵاتییانی خۆشەویستیان دەکەین.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی