حکوومەتا ھەرێمێ پلان بۆ هشکەساليێ دانايه
ھەولێر -KDP.info-
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەمساڵ لە چەندین شوێن وشکەساڵی دەبێت و بەرھەمی گەنم کەم دەبێت، ”ئێمەش پێویستمان بە ٩٥٠ ھەزار تۆن گەنم ھەیە، چاوەڕێ دەکرێت بەرھەممان ٣٠٠ ھەزار تۆن بێت، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بڕیارە لە دەرەوە گەنم ھاوردە بکرێت”.
حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”لەو ناوچانەی وەکوو پێویست باران نەباریوە لە سنووری ھەولێر، لە مەخموور و دیبەگە، تاوەکوو ئێستا وشکەساڵییان ڕانەگەیاندووە و ئەوەی ڕایگەیاندووە لە گەرمیانە، بەڵام ئەگەر بارانی دیکە لەم مانگەدا ببارێت زۆر باشە، بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەی باران باش باریوە”.
حوسێن حەمە کەریم گوتیشی: ”ئەگەر ببێتە وشکەساڵی، زیانی زۆر دەبێت، چونکە بەرھەمی باش نابێت ھەم لەڕووی بەرھەم و ھەم لەڕووی کوالێتییەوە، بەڵام پلانی خۆمان داناوە و پێشکەشمان کردووە، بۆ ئەوەی پارەی بۆ تەرخان بکرێت .
حەمە کەریم ڕوونیشی کردەوە: ”دەمانەوێت ئالیک بۆ خاوەن ئاژەڵەکان دابین بکرێت و پشتگیریی جووتیاران بکرێت لە دابینکردنی بنەتۆ و مادە قڕکەرەکان، بەڵام بەرھەممان کەم دەبێت و ئەوەش لەسەر عێراق دەمێنێتەوە کە کێشەی کەمیی بەرھەم چارەسەر بکات، چونکە بڕیارە ٦٠ ھەزار تۆن گەنم ھاوردە بکەن، بەڵام بەگشتی کاریگەریی لەسەر ئێمە و عێراقیش دەبێت و تاکە چارەسەریش ھاوردەکردنی گەنمە، چونکە ھەرێم پێویستی بە٩٥٠ ھەزار تۆن ھەیە کە ڕەنگە بەرھەممان زیاتر لە٣٠٠ ھەزار تۆن بێت، لەوەش کەموکووڕیمان دەبێت”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی