حوزه‌یران 28, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ئيرۆ 123 مین سالڤه‌گه‌را رۆژنامەگەریا کوردی یە

ئيرۆ 123 مین سالڤه‌گه‌را رۆژنامەگەریا کوردی یە
باسنيوز:
دوای ئەوەی ٢٢ی نیسان وەکوو رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی دیاری کرا، ئێستا ھەموو ساڵێک لەم رۆژەدا ناوەندە ئەکادیمی و میدیاییەکانی بەشە جیاجیاکانی کوردستان بەم بۆنەوە چەندین چالاکیی رۆژنامەگەری ئەنجام دەدەن.

١٢٣ساڵ لەمەوبەر و لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی “کوردستان” لە قاھیرەی پایتەختی میسر لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانەکان و لەسەر دەستی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی پێشەنگی کورد “میقداد مەدحەت بەدرخان” چاپ و بڵاو کرایەوە.

لەمبارەوە دوێنێ چوارشەممە ٢١ی٤ی٢٠٢١ پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکی ئاسایی خۆیدا ئەمڕۆ ٢٢ی نیسانی بە فەرمی وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی پەسەند کرد.

رۆژنامەی کوردستان ٣١ ژمارەی لێ دەرچوو کە ژمارە یەک تاکوو ژمارە پێنج لە قاھیرە و ژمارە شەش تاکوو ١٩ لە جنێڤ و ٢٠ تاکوو ٢٣ دووبارە لە قاھیرە و ٢٤ لە لەندەن و ٢٥ تاکوو ٢٩ لە ئەڵمانیا و ٣٠ و ٣١یش دووبارە لە جنێڤ بڵاو کراونەتەوە.

ھۆکاری پچڕپچڕ دەرچوونی رۆژنامەکە و دەرچوونی لە چەند وڵاتێک بەھۆی ئەوەی کە میسر و ھەموو ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانیدا بووە، رەنگە لەو کاتەدا رێگەیان نەدابێت کە ھەموو ژمارەکان لە میسر دەربچن، بەتایبەتی کە بەناوی کورد و کوردستانەوە بووە.

رۆژنامەگەریی کوردی تا ئەمڕۆش گەڕان بووە‌ بە دوای ناسنامە و شوناسێکی کوردی لە دنیای میدیادا و ھەندێک لە شۆڕەسوارەکانی مەیدانی رۆژنامەگەری کوردی، ئەوانەی کۆچی دواییان کردوە بریتین لە “میقداد مەدحەت بەدرخان” خاوەنی (رۆژنامەی کوردستان ١٨٩٨ ) عەبدولکەریم ئەفەندی خاوەنی گۆڤاری (رۆژی کورد ١٩١٣) مستەفا پاشا یامولکی خاوەنی (گۆڤاری بانگ کوردستان ١٩٢٢) مێژوونووس حوسێن حوزنی موکریانی خاوەنی (گۆڤاری زاری کرمانجی ١٩٢٦) ئیبراھیم ئەحمەد خاوەنی (گۆڤاری گەڵاوێژ ١٩٣٩ ) ماموستا عەلائەدین سەجادی (خاوەنی گۆڤاری نزار) ماموستا ئەنوەر مائی خاوەنی (گۆڤاری رۆناھی) پیرەمیردی شاعیر (خاوەنی رۆژنامەی ژین) مەلا شەریف ڕەنگەرێژی خاوەنی (رۆژنامەی ئازادی ١٩٤٥ ) ماموستا گیو موکریانی خاوەنی (گۆڤاری ھەتاو ١٩٥٤ ).

جگە لە سەدان نووسەر و رۆشنبیرو ھونەرمەند دڵسۆزانە لە رۆژگاری خۆیدا بەشدارییان لە گەشەپێدانی رۆژنامەگەریی کوردیدا کردووە وەکوو “عەبدولا گۆران / مەعروف بەرزنجی /غەفور میرزا کەریم / جەلالی میرازا کەریم / ئەمینی میرزا کەریم / ئەحمەد غەفور/ مەلا ئەنوەر مائی / شاعیری ناسراو قانیع / ماموستا شاکر فەتاح / محەمەد تۆفیق وردی / محەمەد مەولود مەم / سالح حەیدەری / مامۆستایان هەژار و هێمن و لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە سەدان کەسی‌تر”.

هاوکات دوای ڕاپەرێنی 1991 لە باشووری کوردستان و دروستبوونی قەوارەی سیاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانەنووسی و بەگشتی میدیا و چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی پێی نایە قۆناغێکی نوێ و شارستانی‌ترە و چەند قۆناغی بڕیوە و هاوکات لەگەڵ کەموکۆڕی و بەربەستەکانی کۆمەڵێک هەنگاوی جیدیی هەڵهێناوە. جیا لە ڕۆژنامەنووسیی کاغەزی، هاوکات میدیای ئەلکترۆنی و ڕۆژانەمە و گۆڤار و هەفتەنامە و بڵاوکراوەی جۆراوجۆر دەستیان بە وەشان کردووە. لەگەڵ پەیدابوونی میدیای بینراو و تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە و میدیای نووسراو کەمڕەنگ بووەتەوە، بەڵام هێشتا کاریگەریی خۆی هەر ماوە. هاوکات لە هەرێمی کوردستان سەندیکاری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هەیە کە خاوەند چەندین لقە و لە شارە جیاجیاکان سەدان ئەندامی هەیە و سەندیکایەکی فەرمی و یاساییە و داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسانی و ئازادیی چاپەمنی لە هەرێمی کوردستان دەکات.

ئێستا میدیا و مەیدانی ڕۆژنامەنووسیی کوردی بە سەدان ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری لە ئاستە جیاجیاکان تێدایە و سەرقاڵی کار و چالاکین و چەندین سەنتەر، ناوەند و زانکۆ و ناوەندی ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی پێگەیاندنی خوێندکاری بوارە جیاجیاکانی میدیان.

بە بۆنەی ١٢٣یەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەریی کوردی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک وێڕای پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کورد، جەختی کردەوە: ” قۆناخی ئێستا، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی ڕاستەقینە ‌و پیشەیی هەیە، بۆیە پێویستە ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ڕێگەی پابەندبوون بە یاسا و ئیتیكی پیشەیی میدیایی، ڕێز لە كاری رۆژنامەوانی خۆیان بگرن ، بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە کاری خۆیان ئەنجام بدەن و بەرپرسانە مامەڵە لە گەڵ پیشەکەیان بکەن و پەیامەکەیان، لە خزمەتی ئامانجە نیشتمانییەکاندا بێت”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi