“بێ کوردا پێکئينانا حکوومەتا عێراقێ سەرناگرت”
هەولێر-KDP.info-
ئێستا کورد مەرجی خۆی بۆ چوونە نێو کابینەی نوێی عێراق بە تەوافق و تەوازن و شەراکەت دیاری کردووە. سیاسەتمەداران و شارەزایانی سیاسیش دەڵێن، بەبێ کورد پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق سەرناگرێت.
لە لایەن ھەندێ لایەنی سیاسیی عێراقەوە زۆر ھەوڵ دراوە بۆ ئەوەی کورد پشتگوێ بخرێت و بەبێ کورد پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەڕێوە ببرێت، بەڵام وەک سیاسەتمەدارێکی کورد ئاشکرای کرد، کێشەی کورد لە عێراق کێشەی میللەتێکە و کێشەی حزب و کەسانێک نییە. لەوبارەیەوە د. مەحموود عوسمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوون کردەوە: “دەبێ بەغدا وەک میللەت مامەڵە لەگەڵ کورد بکات و کێشەی کورد لە عێراق کێشەی میللەتێکە نەک کێشەی حزب و کەسێک، لە دەستووریشدا زۆر بەڕوونی ئاماژە بە ڕۆڵی کورد کراوە و پێویستە بنەماکانی دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێن، بەوەش ڕەوشی سیاسیی عێراق بەرەو باشتر دەچێت.”
ھەولێر وەک سەنتەری بەیەکگەیشتنی لایەنە سیاسی و جیاوازەکانی عێراق ساڵانی ڕابردووش لایەنە کۆک و ناکۆکەکانی لە باوەش گرتووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی پرسە چارەنووسسازەکانەوە. پڕۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ساڵانی ڕابردوو ئەوە سەلێمندراوە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی کورد لە عێراقدا ھیچ پڕۆژەیەک سەرناگرێت، چونکە بەبێ کورد حکوومەت دروست نابێت و عێراقی نوێ لە سەرەتاوە لەسەر ئەو بنەمایە پێک ھاتووە و لە دەستووریشدا ئاماژە بەوە کراوە.”
سەرۆک بارزانی لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کورد ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە هۆکاری خێر بووە تا ئاشتی لە عێراقدا بەرقەرار بێت و ھەموو پێکھاتەکان بتوانن پێکەوە لە عێراقدا بژین، بەڵام وەک چاودێرانی ڕەوشی عێراق ئاشکرای دەکەن، بەغدا خۆی ھۆکار بووە لە پەراوێزخستنی کورد و نەدانی مافەکانی. دکتۆر مەحموورد عوسمان دەڵێت: “کورد فاکتەرێکی گرینگە لە عێراقدا و وەک کۆتلەیەکیش ڕۆڵی گەورە و کاریگەری ھەیە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، ئەگەر بەغدا حیساب بۆ کورد نەکات ئەوە بێگومان دەبێ ئەو ڕاستییە بزانێت بەبێ ڕەچاوکردنی مافەکانی گەلی کورد، عێراق ھیچ کاتێک سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت.”
پڕۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل ڕوونی کردەوە: “تا مافەکانی کورد زامن نەکرێن ھیچ لایەنێک نابێ گلەیی لە کورد ھەبێت، لەبەر ئەوەش سەردەمی وەلانانی کورد و زۆرینەی سیاسی کۆتایی ھاتووە، ھەتا پێشتر چەند لایەنێکی سیاسی خواستی پشتگوێخستنی کوردیان ھەبوو لەوەی زۆرینەیەکی سیاسی دروست بکرێت، بەڵام عاقیبەت ھەر ئەوە بوو کە بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان بۆ ڕێککەوتن لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان و دروستکردنی حکوومەتی نوێی عێراق.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی