دەستەيا ب جینۆسایدناساندنا تاوانان، پێشنیازا یوئێن بۆ دروستکرنا دادگهههكێ ل عێراقێ رەت دکت
هەولێر-KDP.info-
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازی کردووە دادگایەک لە عێراق دروست بکرێت بۆ کارکارکردن لەسەر تاوانەکانی جەنگ و بەجینۆسایدناساندنیان، ئەندامێکی دەستەی بەدیکۆمێنتکردنی تاوانەکانیش لە ھەرێمی کوردستان ڕەتی کردەوە بەو دادگایە ڕازی بن و دەڵێت، پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تاوانەکانی حەشدی شەعبی و داعش بە جینۆساید بناسێندرێن.
(ئەیاد کاکەیی) ئەندامی دەستەی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ئێمە وەک تیمی پارێزەران و دەستەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی تاوانە گەورەکان، ئەو ھەوڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەت دەکەینە، کە پێشنیازی پێکھێنانی دادگایەکی باڵای لە عێراق کردووە بۆ ناساندنی تاوانەکانی جەنگ و تاوانە گەورەکان، پێم وایە ھەر ھەوڵێکی لەم شێوەیە دەبێتە ھاوکاری بۆ حکوومەتی بەغدا و بەلاڕێدابردنی پرسی ھەموو ئەو تاوانانەی تیرۆریستانی داعش و ملیشیاکانی حەشد بەرانبەر بە گەلی کورد و پێکھاتەکانی دیکە ئەنجامیان داون.”
ئەندامەکەی دەستەی باڵای کۆکردنەوە و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکان باسی لەوە کرد، کە دەمێکە تێبینیی ئەوەمان کردووە بەشێک لە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو عەرەبانەن، کە سۆزیان بۆ ڕژێمی پێشووی عێراق و دەستەڵاتدارانی ئێستای عێراق ھەیە و بە شێوەیەکی شۆڤێنی کار دەکەن بۆ بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیەکی دیاریکراو لە عێراقدا.
(ئەیاد کاکەیی) ئاماژەیشی دا: “پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان دەست لەو پێشنیازەی خۆیان ھەڵگرن و کار بۆ ئەوە بکەن دادگایەکی نێودەوڵەتی بێلایەن دروست بکرێت بۆ ئەوەی ھەموو تاوانەکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان و تیرۆریستانی داعش بەرانبەر بە کورد و کریستیان و ئێزدی و کاکەیی و تورکمان و شەبەک بە جینۆساید بناسێندرێن و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن، نەک بچووک بکرێتەوە لە چوارچێوەی دادگایەکی عێراقدا، کە لە بنەڕەتدا دەستەڵاتی دادوەری لە عێراق سەربەخۆییی خۆی لە دەست داوە، ئێمەش بە ھیچ شێوەیەک پابەندی بڕیاری وەھا نابین و ھیچ بەڵگە و دیکۆمێنت نادەین بە داگایەکی عێراقی.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی