“پتريا ناوچێن ماددا ١٤٠ دێ ل ریفراندۆمێ دا پشكدار بن”
هەولێر-KDP.info-
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتڕاستی کردەوە، ھەر ناوچەیەکی کوردستانیی سنووری ماددەی ١٤٠ بڕیاری خۆی دابێت، بەشداری لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمدا دەکات و ڕوونی کردەوە، بەھۆی دەستەڵاتی عێراق و حەشدی شەعبی سێ شارۆچکە ماون، بڕیاری خۆیان بدەن.
(نەسرەدین سندی)، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ”دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، خەڵکی ھەرێمی کوردستان چاوی بڕیبووە ئەوەی لە چوارچێوەی عێراقدا جیاوازیی نێوان پێکھاتەکانی عێراق نەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش ساڵی ٢٠٠٥ خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەنگی بۆ دەستووری ئێستای عێراق دا، بەڵام بەداخەوە، عێراق پابەندی ئەو پەیمانە نەبوو، کە عێراقی لەسەر بنیاد نراوە و دەستوور و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکران.”
ئەنجومەنی ئەو ھەموو شار و شارۆچکانەی دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقەوە بڕیاری ئەوەیان دەرکردووە، کە بەشداری لە ڕیفڕاندۆمدا بکەن. وەک سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دەڵێت: ”تەنیا ئەو ناوچانەی وەک بەرتللە و حەمدانییە و سەعدیە ماون بڕیاری خۆیان بدەن، دەرنەچوونی بڕیاری ئەو ناوچانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەکەونە بن دەسەڵاتی عێراق و حەشدی شەعبییەوە.”
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ”دەستە پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و ھەموو ئەو ناوچانەی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەکات، کە بڕیاریان داوە بەشداری لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستاندا بکەن، ئەگەر بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بگاتە دەستمان بەیانی ڕەوانەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی دەکەین، تا کار بۆ جێبەجێکردنی بکەن و بنکەی دەنگدان لەو سنوورانە دەکرێتەوە”
(نەسرەدین سندی) ئەوەشی خستە ڕوو: ”ئێمە داوامان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە بۆ دابینکردنی ڕاوێژکاری یاسایی، تا کار لەسەر گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بکەین و تا ئێستا لەگەڵ پێکھاتەکانی وەک مەسیحی و کلد و ئاشوور کۆ بوینەتەوە، بڕیاریشە بەیانی لەگەڵ تورکمانەکان کۆ ببینەوە، مەبەست لەو کۆبوونەوانەش ھەندێ ڕێگەی یاسایی و دەستوورییە، تا بیدەینە دەزگە پەیوەندارەکان.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی