وەزارەتا پێشمەرگەى: بوردۆمانا دهڤهرێن شنگالێ ژ ئەنجامێ هەبوونا پەکەکێ يه
رووداو – هەولێر
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆسەر شنگال بڵاوکردەوە و رایگەیاند “بۆردوومانی ناوچەکانی شنگال هەمووی لە ئەنجامی هەبوونی پەکەکەیە”.
دوای بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆسەر بارەگاکانی پەکەکە لە چیای شنگال، وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت “کاژێر 2:00ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 25-4-2017، چیای شنگال و دەورووبەری لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردوومان کراو، زیان و وێرانکاریی زۆری لێکەوتووەتەوە و پێنج پێشمەرگە شەهید و 9 پێشمەرگەش برینداربوونە”.
لەبارەی زیانی گیانی پێشمەرگە لە بۆردوومانەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەکات “شەهیدبوونی پێشمەرگە جێگەی داخێکی زۆرە و بۆردوومانکردنی پێشمەرگە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیا قابیلی قبوڵ نییە”.
وەزارەتی پێشمەرگە بوونی ئەو کێشە و گرفتانە لە ناوچەکە، بۆ بوونی پەکەکە دەگێڕنەوە لە ناوچەکەدا و دەڵێت “ئەم کێشە و گرفتانە هەمووی لە ئەنجامی هەبوونی پەکەکەیە و لەو ناوچەیە بوونیشیان سەرئێشە و گرفتی بۆ خەڵکی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان ناوەتەوە و سەرباری ئەوەی لەهەموو لایەکەوە زۆریش داوایان لێکراوە کە چیای شنگال چۆڵ بکەن، بەڵام گوێیان بۆ کەس نەگرتووە”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە پەکەکە دەکات و دووپاتی دەکاتەوە کە “پەکەکە هێزەکانی لە چیای شنگال و دەوروبەری بکشێنێتەوە و چیتر نەبنە مایەی نا سەقامگیری و قووڵتربوونی کێشەکان لە ناوچەیەدا و رێگە بدەن ژیان بۆ خەڵکی ناوچەکە بگەڕێتەوە”.
کاژێر 2:00ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 25-4-2017، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی بارەگاکانی پەکەکەیان لە چیای شنگال و رۆژئاوای کوردستان کرد.
جگە لە باشووری کوردستان، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ژمارەیەک بنکە و بارەگای یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) یان لە شاری دێرکی رۆژئاوای کوردستانیش بۆردوومانکرد، میدیاکانی پەکەکەش دەڵێن: بەهۆی بۆردوومانەکە 18 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی