کەنەدا پشتگیریيا بریارا گەلێ کوردستانێ دهربارەی سەربەخۆیێ دکت
باسنيۆز:
کەنەدا بڕیاری گەلی کوردستان لە بارەی سەربەخۆیی کوردستان و ”هەر شتێک بێتە پێشەوە“ قبوڵ دەکات.
لە وتارێکدا، کە لە ماڵپەڕی (opencanada) بڵاوی کردووەتەوە، مایکڵ پێترۆ، نووسەر و رۆژنامەنووسی کەنەدی رایگەیاندووە، سەربەخۆیی خەونێکی لەمێژینەی کوردەکانە، کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتن لە جیھاندا و ژمارەیان 30 بۆ 40 ملیۆن کەس دەبێت.
مایکڵ پێترۆ ئاماژەی بە سەرکەوتنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی دەوڵەتی تیرۆریستیی داعش کردووە و بە ”کاریگەرترین“ هێزی زەمینیی دژ بەو دەوڵەتە تیرۆریستییە پێناسەی دەکات، لە کاتێکدا ئەو دەوڵەتە تیرۆریستییە نزیکەی نیوەی خاکی عێراقی داگیر کرد و سوپای عێراق تێکشکا.
ئەو نووسەرە هەروەها رایگەیاندووە، کە هەرچەندە سەربەخۆیی لای گەلی کوردستان تاکە رێگایە بۆ سەقامگیری و کاری بۆ دەکەن، بەڵام هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە میانی شەڕی دژی داعش، ”ئەو خەونەی کوردەکانی زیاتر لە راستی نزیک کردەوە“.
مایکڵ پێترۆ لە وتارەکەیدا باسی خەباتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دەکات، کە لە شاری مەهاباد لە ”کۆماری کەمتەمەنی کوردستان“ لە دایک بووە، رایگەیاندووە، بارزانی پێیوایە هیچ کەس و دەوڵەتێک مافی سەربەخۆیی بە گەلی کوردستان نادات و ”خەونی بارزانیش دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستانە“.
ئەو نووسەرە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەهۆی هاوپەیمانیی نزیکی کەنەدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەلی کوردستان هەر بڕیارێک بدات ئەو وڵاتە پشتگیریی دەکات، ”هەرشتێک لە هەرێمی کوردستان بێتە پێشەوە، کەنەدا قبوڵی دەکات“.
پێترۆ ئاماژەی بە هەڵوێستی تۆم کیمیک، پەرلەمانتاری کەنەدا و سەرۆکی کۆمەڵەی هاوڕێیانی کورد لە پەرلەمانی کەنەدا کردووە و رایگەیاندووە، ”بە ھەندێک مەرج لەوانە پرسیارێکی ڕوونی ڕیفراندۆم بە چاودێریی چاودێرانی نێودەوڵەتی و ھەروەھا گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا“، کۆمەڵەکەش پشتگیریی لەسەربەخۆیی کوردستان دەکەن، کە ئێستا ”گەشە دەکات“.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی