بهرى دەستپێکرنا سالا نوو يا خووندنێ مامۆستا دێ مووچەى وەرگرن
رووداو- سلێمانی
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە مامۆستایان کرد لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن پابەند بن بە دەوام، گوتیشی “پێش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن مووچەی مامۆستایان دابەش دەکرێت”.
دوانیوەڕۆی رۆژی پینجشەممە 9-8-2016 پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و رایگەیاند و “داوا لە مامۆستایان دەکەم خۆڕاگربن و سەنگەرەکانی خوێندن چۆڵنەکەن وەک سەنگەرەکانی پێشمەرگە”.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند “ئێمە لە ئێش و ئازارەکانی مامۆستایان تێدەگەین، بەڵام داوایان لێدەکەین خۆڕاگرانە بەرگری لە سەنگەرەکانی خوێندن بکەن”.
جەختیشی کردەوە لەوەی “ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە پابەندین بە پشتیوانیکردن لە مافەکانی مامۆستایان و لەگەڵیان دەبین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشداین پرۆسەی خوێندن دوانەکەوێت و بەردەوامبێت بۆ ئەوەی بتوانین نەوەکانمان پەروەردە بکەین”.
لەبارەی ئەو دۆخەی ئێستا مامۆستایانی هەرێمی کوردستانی تێیدان بەهۆی سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە و، دواکەوتنی مووچەکانیان، پشتیوان سادق گوتی” ئێمە بە نووسراوی فەرمی سەرجەم پەروەردەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، کە هاوکاری مامۆستایان بکەن و کارئاسانیان بۆ بکەن و دۆخەکەمان لەبەر چاوەگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەجددی کار بۆ دابینکردنی مافەکانیان دەکەین و پشتیوانیان دەبین”.
سەبارەت بە پێنەدانی مووچە و بایکۆتیکردنی پرۆسەی خوێندن، وەزیری پەروەردە دەڵێ” نە یەکێتی مامۆستایان و نەهیچ کەسێک لەگەڵ ئەوەدانین پرۆسەی خوێندن بایکۆت بکرێت، چونکە ئەوە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە و بەرپرسیاریەتی یاسایی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستایان دڵنیادەکەمەوە کە بەر لە دەستپێکردنی خوێندن مووچە وەردەگرن”.
گوتەکانی وەزیری پەروەردە لەکاتێکدایە مامۆستایان بەهۆی سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە لە دۆخێکی ئابووری خراپدان، بەشێکیشیان لە ئێستاوە کە چەند رۆژێکی ماوە بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن، هەڕەشەی بایکۆتکردنی دەوام دەکەن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی