رۆناڵدۆ دێ چته ئاتلێتکۆ مەدرید؟
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی مانچێستەر یونایتد، بەردەوامە لە گەڕان بەدوای یانەیەکی نوێدا، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ یاری بکات.
چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بەڕێوەبەرەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید قسەیانکردووە و متمانەیان بۆ دروستکردووە بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یاریزانەکە بباتە ریزەکانی یانەکەی.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانیش دەڵێت ” خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی رۆناڵدۆ پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ کارگێڕیی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید هەیە و تواناکانی ئەو یاریزانەی خستووەتە بەردەم کارگێڕیی یانەکە و سیمیۆنیش بۆ گواستنەوەی ئەرێنییە.”
رۆژنامەی ئەی ئێس ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەهۆی چوونی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید هەلی ئەوەی دەبێت لە چامپیۆنزلیگدا یاری بکات و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات، جگە لەوەش دۆن پێی خۆشە لەژێر سەرپەرشتی دیێگۆ سیمیۆنی یاری بکات.
هەرچی رۆژنامەی مارکای مەدریدییە نووسیوویەتی ” بیرۆکەی چوونی رۆناڵدۆ بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە پێشتر رەتکراوەتەوە.”
لەلایەکی دیکەوە بەشێکی راپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئەوە پلانێکی مێندێزە، بۆ ئەوەی ناوی رۆناڵدۆ بە گەورەیی بهێڵێتەوە، دوای ئەوەی بایرن میونشن رەتیکردەوە گرێبەست لەگەڵ یاریزانەکە بکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێشتر 35 یاریی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە و 25 گۆڵی لە یانەکە کردووە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر ئێریک تێن هاگ پەیوەندیی بە رۆناڵدۆوە کردووە و پرۆژەی خۆی بۆ شرۆڤەکردووە، بەڵام هیچ لە بیرکردنەوەی یاریزانەکە نەگۆڕاوە و رۆناڵدۆ دەیەوێت بڕوات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی