کەریمى ریال مەدرید ل ریمۆنتادا ئینگلیزان رزگارکر
رووداو دیجیتاڵ
کەریم بنزیما، ئەستێرە و کاپتنی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەردەوامە لەسەر پێشکێشکردنی ئاستەبەرزەکەی و ئەمجارەش سەرکردایەتی یانەی شاهانەی کرد بۆ گەیشتن بە چوارگۆشەی زێڕینی چامپیۆنزلیگ.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا، ریال مەدرید لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ لە مەدرید پێشوازی لە چێڵسی ئینگلیزی کرد و 2-3 پێی دۆڕا، بەڵام بە سوودوەرگردتن لە ئەنجامی یاریی چوون، بلیتی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کە لە یاریی چووندا لە لەندەن 3-1 لە خاوەن ماڵی بردبووەوە.
ریال مەدرید بە هێرشبردن دەستیپێکرد، بەڵام چێڵسی لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا و لە خولەکی 15 لە رێگەی مەیسۆن مۆنتەوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
ئەم گۆڵە ورەی یاریزانانی تۆماس توخێلی بەرزکردەوە و ئەگەرچی لە نیوەی یەکەمدا نەیانتوانی گۆڵی دووەم تۆماربکەن، بەڵام لە نیوەی دووەمدا تەنیا 5 خولەکیان بەسبوو بۆ ئەوەی رۆدیگێر بەسەر گۆڵی دووەم تۆماربکات.
یاریزانانی ریال مەدرید دوای ئەم گۆڵە بەتەواوی تووشی سەرلێشێوان بوون و ڤێرنەر لە خولەکی 75ـدا گۆڵی سێیەمیشی بۆ یانە لەندەنییەکە تۆمارکرد، کە گۆڵی ریمۆنتادا و دەرکردنی ریال مەدرید بوو، بەڵام کارلو ئەنچیلۆتیی راهێنەری مێرینگێ خۆی بەدەستەوە نەدا و کۆمەڵێک گۆڕانکاری کرد.
لە خولەکی 80 رۆدریگۆی بەرازیلی کە تازە لە لایەن ئەنچیلۆتییەوە نێردرابووە نێو یاریگە، بە سوود وەرگرتن لە پاسێکی سیحری لوکا مۆدریچ گۆڵی یەکەم و رزگاربوونی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد.
یارییەکە لە کاتی یاسایی خۆیدا بە پێشکەوتنی چێڵسی بە ئەنجامی 3-1 کۆتاییهات، کە هەمان ئەو ئەنجامە بوو کە ریال مەدرید لە یاریی چووندا بەدەستیهێنابوو، بۆیە ناچاربوون پەنا ببەنە بەر دوو گێمی زیادکراو.
ئیدی نۆرەی کەریم بنزیما هات و لە خولەکی 96ـدا بەسەر گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد، کە دواتر هەموو هەوڵەکانی کوڕانی توخێل بۆ تۆمارکردنی گۆڵی خۆڕزگارکردن لە چوونە دەرەوە بێسوود بوون و بلیتی قۆناخی پێشکۆتایی لای مەدریدییەکان مایەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی