ل 10 هه‌يڤێن 2017دا پێنج هه‌زار و 417 خێزانێن كوردستانێ هاتينه هه‌لوه‌شاندن
وشه:
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی “وشه” له دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی خستووه، له ماوه‌ی 10مانگی 2017، پێنج هه‌زار و 417 حاڵه‌تی جیابوونه‌وه له نێوان هاوسه‌ران تۆمار كراون و به‌رزترین رێژه‌یش له‌و ژماره‌یه له هه‌ولێر بووه.
ئاماره‌كانی دادگا ئه‌وه ده‌خه‌نه ڕوو كه له‌و 10 مانگه‌ی 2017دا له هه‌ولێر دوو هه‌زار و ٢٦٦ حاڵه‌ت، به‌رزترین ئاستی جیابوونه‌وه تۆمار كراوه، له سلێمانی هه‌زار و ٣٠٠ جیابوونه‌وه، له دهۆك ٩٢٦ حاڵه‌ت و له دادگای كه‌ركووك-گه‌رمیان /ئیداره‌ی گه‌رمیان/ ٩٢٥ خێزان هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه.
كاروان /٣٢ ساڵ/ یه‌كێكه له‌و پیاوانه‌ی له هاوسه‌ری جیا بووه‌ته‌وه و هۆكاره‌كه‌یشی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه ئه‌و كچه‌ی سێ ساڵ خۆشی ویست، له كاتی هاوسه‌رگیری ته‌واو گۆڕاوه. ئه‌وه بۆ كاروان وه‌ك خۆی بۆ “وشه” گوتی، گومانی ئه‌وه‌ی دروست كردووه “خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی راست نه‌بوو، بۆم ده‌ركه‌وت سێ ساڵ پێوه‌ندییه‌كه نواندن بوو، بۆیه به‌و دارایییه خراپه‌ی من و داواكاری زۆری ئه‌و، نه‌مانتوانی بژین، بۆیه بڕیاری جیابوونه‌وه‌م دا”.
كێشه‌كه‌ی كاروان لای ژیان محه‌مه‌د /٢٧ ساڵ/ جۆرێكی تره، به‌ڵام هه‌ردووكیان له جیابوونه‌وه‌دا هاوبه‌شن. ژیان بۆ “وشه” ده‌ڵێ، “هاوسه‌رم به رێكه‌وت بوو به نسیبم، كه پرسیمان له‌باره‌یانه‌وه هه‌موو خه‌ڵك گوتیان ماڵێكی زۆر باشن، به ڕاستیش ماڵێكی خراپ نه‌بوون، به‌ڵام ڕه‌زیل و دڵپیس بوون، بۆیه پێنج ساڵ بووكیان بووم یه‌ك ڕۆژ نانمان به تێری بخواردایه، هه‌فته‌یه‌ك باس ده‌كرایه‌وه”.
ژیان له‌و ته‌مه‌نی گه‌نجییه‌دا حه‌زی له چێژی خۆشگوزه‌رانی و ره‌نگاوڕه‌نگی رۆژه‌كانی بووه، به‌ڵام به‌گوته‌ی خۆی “ده‌رچوون و گه‌ڕان بۆ هیچ شوێنێك نه‌بوو به‌بێ ئه‌وان، قسه و سڵاوكردن له‌گه‌ڵ هیچ پیاوێكی خزمیش قه‌ده‌غه بوو، پیاوه‌كه‌م له هه‌موو كه‌س خراپتر بوو، خواردن و جلوبه‌رگ و هه‌موو شتێكی حیساب ده‌كرد، ئیتر له ته‌حه‌مول ده‌رچوو ژیان كه‌ی وایه، بۆیه دوای ئه‌وه‌ی منداڵێكمان هێنایه دنیا و هه‌ر باش نه‌بوو، به ناچاری بڕیاری جیا بوونه‌وه‌م دا”.
وه‌هبیه زرار پارێزه‌ر و چالاكی مه‌ده‌نی له هه‌ولێر ئاماژه به‌وه ده‌دات كه جیابوونه‌وه زیاتر له‌ناو گه‌نجان روو ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه “دوو كه‌س كه نه‌گونجان، بڕیاری جیابوونه‌وه ئاسایییه، ئه‌وه‌ی نائاسایییه بڕیاری هاوسه‌رگیری به په‌له‌یه و ئه‌وه ده‌كات ئه‌و بنه‌مایانه‌ی پێویسته بۆ ژیانی دوو كه‌س له ژیانی هاوسه‌ریی پێڕه‌وی ناكه‌ن، له كاتێكدا ده‌بێ به‌ر له‌و پرۆسه‌یه، ئاگاداری ئه‌ركه‌كانی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه بكرێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌بری تێگه‌یاندنی گه‌نج بۆ ژیانی هاوبه‌ش، ته‌نیا هان ده‌درێن بۆ هاوسه‌رگیری”.
وه‌هبیه ره‌خنه له یاسای باری كه‌سیی ده‌گرێت به‌وه‌ی رێی داوه دوو كه‌س بۆ هاوسه‌ری “ده‌بێ ١٦ ساڵیان ته‌واو كردبێت” ئه‌وه‌ش به‌گوته‌ی ئه‌و پارێزه‌ره بۆ “وشه”، هاندانێكه بۆ زووتر هاوسه‌رگیری له كاتێكدا كچ یان كوڕ له‌و ته‌مه‌نه‌دا كامڵ نه‌بووه، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی نه‌گونجان و لێك جیابوونه‌وه.
ئه‌و ره‌خنه‌یه له كاتێكدایه له په‌رله‌مانی عێراق هه‌وڵێك هه‌یه بۆ هه‌مواركردنی یاسای باری كه‌سیی و رێگه‌دان به هاوسه‌ریی له ته‌مه‌نی نۆ ساڵیدا، به‌ڵام هێشتا نه‌بووه به یاسا.
“بۆ هۆ‌شیاری هاوسه‌رگیری پێویسته سه‌نته‌ر هه‌بێت، چۆن كه‌سه‌كان ده‌چن شیكاری خوێن ده‌كه‌ن، ئاوا ده‌روونناس یاخۆ كه‌سی شاره‌زا باسی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی ژیانی هاوسه‌رگیری بۆ هه‌ردوو كه‌سه‌كه بكات، هه‌روه‌ها هاوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی خێزان پێك دێنن بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار و شوێنی نیشته‌جێبوون گرنگه، چونكه ئه‌وانه له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی جیابوونه‌وه‌ن، له پاڵ ئه‌وانه‌دا كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه به‌هۆی سۆشیال میدیا و دراما و فیلمه‌كان، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی هه‌بووه له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی جیابوونه‌وه”. وه‌هبیه وای گوت.
وه‌هبییه كه رۆژانه له‌ناو ئه‌و باس و كه‌یسانه‌دایه، به باشی ده‌زانێت كه ئه‌و كه‌سانه‌ی جیا ده‌بنه‌وه كۆمه‌ڵگه به چاوی خراپ سه‌یریان نه‌كات و پشتگوێ‌یان بخه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێ به‌رنامه‌یان ئه‌وه بێت وا بكه‌ن وه‌ك دوو كه‌سی ئاسایی ژیان بكه‌ن.
سامح عوسمان دادوه‌ر له دادگای هه‌ولێر بۆ “وشه” روونی ده‌كاته‌وه كه هۆكاره‌كانی جیابوونه‌وه زۆرن وه‌ك: ناكۆكی، منداڵ نه‌بوون، باری دارایی، ناپاكی هاوسه‌ریی، لێدان، ژنهێنانی دووه‌م و چه‌ندان هۆی تر كه هه‌ریه‌ك له‌وانه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و بڕگه‌ی تایبه‌تی یاسایی بۆ دیاری كراوه و ئێمه جێبه‌جێی ده‌كه‌ین.
دادوه‌ر ده‌ڵێ، “مافی ته‌واو ده‌درێت به كه‌سه‌كان له ڕووی یاسایییه‌وه له‌كاتی جیابوونه‌وه و به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌ڵاق له‌لایه‌ن پیاوه‌وه‌یه، زیاتر ژن دێن داوای جیابوونه‌وه تۆمار ده‌كه‌ن، بۆ نموونه هه‌یه پیاوه‌كه‌ی له ده‌ره‌وه ده‌ژی و لێیشی جیا نابێته‌وه، بۆیه دێت داوای جیابوونه‌وه تۆمار ده‌كات و هه‌ركات سه‌لمێنرا ژنه‌كه حه‌قه له داواكردنی جیابوونه‌وه‌كه‌دا، دادگا بڕیاری جیابوونه‌وه‌ی ده‌دات به‌و هۆیه‌ی كه داوای كردووه”.
“ئێمه سه‌ره‌تا هانی ژن و پیاو ده‌ده‌ین هێور ببنه‌وه هه‌وڵی پێكه‌وه‌ژبان بده‌ن، توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یارمه‌تییان ده‌دات، به‌ڵام كه هه‌ر سوور بوون له‌سه‌ر جیابوونه‌وه دادگا بڕیاری لێ ده‌دات”. دادوه‌ر سامح عوسمان وای گوت.
گرافیك
2017 پێنج هه‌زار و 417 خێزانی كوردستان هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه
له هه‌ولێر دوو هه‌زار و ٢٦٦ حاڵه‌ت، به‌رزترین ئاستی جیابوونه‌وه
له سلێمانی هه‌زار و ٣٠٠ حاڵه‌تی جیابوونه‌وه
له دهۆك ٩٢٦ حاڵه‌ت تۆمار كراوه
له /ئیداره‌ی گه‌رمیان/ ٩٢٥ خێزان هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی