تووشبوويێن شەکرێ پلا گەرمیيا مالێن خۆ كێم بكن
رووداو-سلێمانی
دابەزاندنی پلەی گەرمی ماڵەکەت یەک پلە لە خوار ئەوەی دڵخوازی خۆتە، یاریدەی کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن دەدات، راپۆرتێکی زانستیی نوێ وا دەڵێ کە رۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی ئاماژەیپێکردووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە ژیان لە کەشی سارددا یاریدەی سووتاندنی شەکری خوێن دەدات، دوای 10 رۆژیش هەستیاریی جەستە بۆ کاری هۆرمۆنی ئینسۆلۆینی سووتێنەری شەکر بە راددەی 40% زیاددەکات.
کاریگەریی دابەزاندنی پلەی گەرمیی هێندە زۆربوو لە هەندێک باردا گەیشتە کارایی حەبی مێتفۆرمین، کە بژاردەی یەکەمە بۆ چارەسەری شەکرەی جۆری دوو.
خۆ ئەگەر پلەی گەرمی زۆرتر سارد بکرێتەوە، ئەوە یاریدەی دابەزاندنی کێشی لەش دەدات، چونکە چالاکبوونی زیندەپاڵی جەستە دەبێتەهۆی سووتاندنی کالۆری زیاتر و سەرەنجام سووتاندنی چەورییە زیادەکانی لەش.
بەڵام نووسەرانی راپۆرتەکە دەڵێن دەبێ دابەزاندنی پلەی گەرمی نێوماڵ دەبێ هاوکات بێ لەگەڵ زیادکردنی وەرزشی رۆژانە و دوورکەوتنەوە لە زۆرخۆری و خۆراکی ناتەندروست.
پرۆفیسۆر واوتەر ڤان مارکین، لە زانکۆی ماستریختی هۆڵەندا، دەڵێ “پێشووتر وەها دانراوبوو پلەی گەرمیی جێگیر و دڵخوازی نێوماڵ، ئاسوودەیی و تەندروستی مرۆڤ فەراهەمدەکات”.
پرۆفیسۆرە هۆڵەنداییەکە لە گوتەکانیدا بۆ جۆرناڵی Building Research & Information هەروەها گوتوویەتی “بەڵام لە توێژینەوە نوییەکەدا دەرکەوتووە هەوا و کەشی هەندێک سارد کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەندروستی هەیە”.
ریچارد لۆرخ، سەرنووسەری جۆرناڵە زانستییەکە، دەڵێ “ئەم توێژینەوە پێشەنگە رێنیشاندەرمان دەبێ بۆ بیرکردنەوەیەکی نوێ لە پلەی گەرمیی نێو ماڵەکانمان”.
لۆرخ دەڵێ لە ولاتانی پێشکەوتوو، ماڵان 40% ی وزەی وڵات دەبەن و بەوەش پشکێکی گەورەیان بەردەکەوێ لە پیسبوونی ژینگە و بڵاوکردنەوەی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی