هۆکارێن درووستبوونا زیپکە دئێنه رۆنكرن
رووداو-سلێمانی
تێکچوونی هاوسەنگیی بەکتریاکانی سەر پێست رۆڵێکی گەور دەبینێ لە درووستبوونی زیپکەدا، ئەوەش بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی زانستیی.
85%ی ئەوانەی تووشی زیپکەی پێست دەبن، بە وردی نازانرێ بۆ تووشدەبن. دەمێکە پەنجەی تۆمەت بۆ جۆرە بەکتریایەکی تایبەت درێژدەکرێ لە دروستکردنی زیپکەدا، بەڵام ئەم توێژینەوە نوێیە رەتیدەکاتەوە جۆرە بەکتریایەکی تایبەت هۆکاربێ و دەڵێ هاوسەنگیی جۆرە جیاوازەکانی بەکتریای پێست رۆڵە سەرەکییەکە دەگێڕێ.
توێژەرەکان لە زانکۆی کالیفۆرنیای ئەمریکاوە بوون و نموونەی (DNA) یان لە چیکڵدانەی پێستی 38 تووشبووی زیپکە و 34 کەسی دیکە وەرگرت کە زیپکەیان نەبوو. شیکارییەکە دەریدەخست نەخشەی بەکتریایی پێستی کەسەکە چۆنە.
د.هوینگ لی، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، دەڵێ بۆیان دەرکەوتووە کە “نەخشەی بەکتریایی پێست هەم رەنگدەرەوەی باری تەندروستی پێستە و هەم رۆڵی هەیە لەوەی کەسێک پێستی زیپکەدار یان بێ زیپکەی هەبێ”.
ئێما بارنارد، هاونووسەری توێژینەوەکە، دەڵێ تێگەیشتن لە سرووشتی کۆمەڵە بەکتریاییەکانی سەر رووی پێست یارمەتیدەرە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری تایبەتمەند بۆ هەر کەسێکی تووشبوو بە زیپکە.
بارنارد دەڵێ “لەبری لەنێوبردنی هەموو بەکتریاکانی پێست بە سوودبەخش و زیانبەخشەوە، وا باشترە هاوسەنگی بۆ کۆمەڵە بەکتریاکان بگێڕینەوە، ئەویش بە لەنێوبردنی تەنیا زیانبەخشەکانیان، یان پەرەپێدان و زۆرکردنی سوودبەخشەکانیان”.
توێژینەوەکە لە جۆرناڵی زانستی “Scientific Reports” بڵاوبووەتەوە و پۆرتاڵی هێلسدەی نیوز ئاماژەیپێکردووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی