ته‌مموز 06, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

جینۆسایدا شنگال پشتى شه‌ش سالان؛ مالوێرانی و خەم د بەردەوامن

شەش سالێن پشتى جینۆسایدا شنگال؛ مالوێرانی و خەم د بەردەوامن
K24 – هەولێر:

یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی ئەم سەدەیە، بەسەر کوردانی ئێزدیدا هات، کاتێک داعش پەلاماری ناوچەکانییانی دا، بەهۆی جیاوازیی ئایینیانەوە، ئەوەی خراپ بوو، بەسەریدا هێنان، ئێستاش دوای تێپەڕینی شەش ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە، رەوشی ئێزدییەکان باش نییە و بەشێکی زۆریان لە کەمپەکانی ئاوارەیی نیشتەجێن.

چەکدارانی داعش دوای داگیركردنی مووسڵ، كه‌ به‌بێ هیچ به‌رگرییه‌ك له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ راده‌ستكرا، چه‌كدارانی داعش لە 3-8-2014، په‌لاماری شنگالیان دا، دوای داگیركردنی شنگالیش شەش هەزار و 417 ئێزدییان رفاند، كه‌ به‌هۆی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا نزیكه‌ی 4 هه‌زار كه‌سیان ئازاد كراون.

ژنێکی بەتەمەنی ئێزدی لە خانکێوە بە گریانەوە قسە بۆ کوردستان24 دەکات و یادەوەریی تاڵترین رۆژی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، دەشڵێ “کەس گوێی لە ئێمە نەگرتووە، هەمووان چاویان گرتووە و کەس ئاگای لە ئێمە نییە…”.

ژنێکی دیکە، کە ئەویش لەبەر گریان بەئەستەم قسەی بۆ دەکرێت، دەڵێ “خۆزگە مردبام، باڵندە لاشەیان خواردبام تەنیا کچەکانم لەو ژیانە رزگاریان بووایە”.

ئەمڕۆ لە شارۆچکەی خانکێ، ژنانی گوندی وەردێ کە 120 کەس لە کەسوکاریان لەو گوندەوە لەلایەن داعشەوە رفێندراون، شینیان بۆ ئەو ئازیزانەیان کرد، كه‌ لەسەر دەستی داعش شەهید بوون، قسە لەگەڵ هەر یەکێکیشیان دەکەی، تاکە داواکاریی ئەوەیە “رفێنراوەکانمان بۆ بگەڕێننەوە، تاکەی لەو ژیانە بین!”.

دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ

شەس ساڵ بەر لە ئێستا ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش دەوری شنگالیان دا و بوونە هۆی ئەوەی هەزاران کەس ئاوارەبن، کە هەندێکیان رووەو هەرێمی کوردستان هاتن و هەندێکیشیان چوونە وڵاتانی دراوسێ و رۆژئاوا.

زۆربەی کارەکانی داعش لە شنگال و ناوچە ئێزدینشینەکان نامرۆڤانە بوون، بەڵام بەگوتەی ئێزدییەکان قێزەونترینیان بەکۆیلەکردنی کچ و ژنان بوو، چەکدارانی داعش هەر بەوە نەوەستان، به‌ڵكو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە عێراق و سووریا مامەڵەشیان پێوە دەکردن.

پێش جینۆساید و ئەو کارەساتەی لە ساڵی 2014ـدا بەسەر ئێزدییەکاندا هات، نزیکەی 550 هەزار ئێزدی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەژیان، بەڵام لەدوای داگیرکردنی بەشێکی پارێزگای نەینەوا، بەپێی نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییان 360 هەزار ئێزدی ئاوارە بوون.

نزیکەی 120 هەزار ئێزدی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان لەدوای ئازادکردنی شنگال، بەڵام زۆربەی ناوچەکە هێشتا پێویستیی بە خزمەتگوزارییە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ژیانی خۆیان و هەوڵبدەن ژیانێکی ئاسایی دەستپێبکەنەوە.

وێنەیەکی ئەرشیڤیی گەریلاکانی پەکەکە لە شنگال

خەڵکی شنگال، پەکەکە بە هەڵکەندنی تونێل لە ناوچەکانیان تۆمەتبار دەکەن

یەکێک لەو کێشانەی دیکە، کە رێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان، بوونی پەکەکەیە لە ناوچەکە، بەجۆرێک ماوەیەک بەر لە ئێستا لە شنگال خۆپیشاندانێک لەلایەن ماڵی ئێزدییانەوە رێکخرا، خۆپیشاندەران داوایان لە حکومەتی عێراق کرد پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شنگال وەدەرنێت.

ئەوکاتە سەرچاوەیەک لەنێو خۆپیشاندەران قسەی بۆ کوردستان24 کردبوو و گوتبووی “گەریلاکانی پەکەکە چەند خاڵێکی پشکنینیان داناوە و هۆشدارییان داوەتە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان و دوکانداران لەوەی بەشداری لەو خۆپیشاندانە نەکەن”.

خۆپیشاندەرەکان داوایان دەکرد، پەکەکە لە شنگال نەمێنێت و چیدیکە کوڕ و کچەکانیان نەکەن بە شەڕڤان، هەروەها چارەنووسی ئەو گەنجانە ئاشکرا بکات، کە بەگوتەی خۆیان لەلایەن پەکەکەوە رفێنراون.

خەڵکی شنگال، پەکەکە تۆمەتبار دەکەن بە هەڵکەندنی تونێل لە چیای شنگال و دەڵێن پێویستە بنکەکانی لەنێو ناوچەکەیان بکشێنێتەوە و داوا دەکەن، پەکەکە کێشەکان لە شنگال دووربخاتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەردەوام داوای لە پەکەکە کردووە خاکی ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکارنەهێنێت، کە بەهۆیەوە ناکۆکی و شەڕ دروستدەبێت و رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدیییەکان دەکات بچنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

وێنەیەکی ئەرشیڤی گەڕانی ژنێکی ئێزدی لەنێو گۆڕێکی بەکۆمەڵ بەدوای ئێسکوپرووسکی کەسوکاری

هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەکوێ گەیشت؟

12 رۆژ دوای هێرشکردنە سەر شنگال، چەکدارانی داعش بێبەزەییانە کەوتنە گیانی ئێزدییەکان و رۆژی 15-8-2014 ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتییان لە گوندی کۆجۆ شەهید کرد. بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داعش 2293 ئێزدیی مەدەنی شەهید کردووە.

ئەو کەسانەی بەیەکەوە شەهیدکران، لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان شاردرانەوە. داتاکانی حکومەت نیشانی دەدەن زیاتر لە 80 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، ئەمەش جگە لەو گۆڕانەی کە لەماوەی بوونی چەکدارانی داعش لە شنگال، هەڵکەنراون و یەک یەک خەڵکیان تێدا حەشاردراوە.

رۆژی 15-3-2020 حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیان بە هەوڵەکان کرد بۆ هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان کە مێژووەکەی بۆ مانگی ئابی 2014 دەگەڕایەوە، بەڵام چەند مانگێکە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا راگیراوە.

سەرۆک بارزانی لەکاتی راگەیاندنی سەرکەوتنی پێشمەرگە و ئازادکردنی شنگال

قوربانیدانی پێشمەرگە لەپێناو شنگال

لە تشرینی دووەمی 2015، بە بەشداری زیاتر لە حەوت هەزار و 500 پێشمەرگە شنگال ئازادکرا و ئاڵای کوردستان جارێکی دیکە لەو شارە هەڵکرایەوە. ئەو ئۆپەراسیۆنە فراوانەی پێشمەرگە بۆ ئازادکردنەوەی شنگال، بەسەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی ئەنجامدرا، کە دواتر لەسەر چیای شنگال سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەی راگەیاند.

بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر لە 1500 پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش شەهید بوون، کە نزیکەی 600 پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەی ئازادکردنی شنگال شەهید بوون.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕینی شەش ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال، لە پەیامێکدا رایگەیاند “لەم یادە خەمناکەدا، پێویستە بەڕێزەوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەینەوە لە رزگارکردنی شنگال و دەوروبەری بە سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەروەها ستایشی هەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەین لە بەهاناوەچوونی خوشک و برا ئێزدییەکانمان. پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکار بن بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بە شێوەیەک کە هیچ هێزێکی چەکداری بیانی و میلیشیاکان لە شنگال نەمێنن و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi