سوودانی: هنارتنا مووچەيێ فەرمانبەرێن هەرێما کوردستانێ دێ بەردەوام بت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
محەممەد شیاع سوودانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: “داهاتی نانەوتی رادەست بکرێت یان نا، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی مووچە دەنێردرێت.”
جەختیش لەوە دەکاتەوە کە “پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتە نانەوتییەکانی رادەستی بەغدا بکات.”
سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان “بەبێ گەڕانەوە بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە” خەرج دەکرێت.
رۆژی 16-05-2024 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمیی کوردستان نووسراوی فەرمی بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانیی (TBI) کردووە، تێیدا بۆ یەکەم جار لیستێکی 368 فەرمانبەریی کەرتی گشتیی رەوانەی TBI کردووە. ئەو فەرمانبەرانە ئەو بانکەیان دیاریکردووە، کە هەژماری بانکیی تێدا بکەنەوە.
لەبارەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، بانکی بازرگانیی عێراق – تی بی ئای دەستی بە بەبانکیکردن کردووە، “بەڵام پێویستی بە کاتە تاوەکو تەواو دەبێت.”
بەگوێرەی سوودانی، بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، حکومەت بەردەوام دەبێت لە پێدانی مووچە تاوەکو ئەوکاتەی بەبانکیکردن تەواو دەبێت.
سوودانی لەبارەی کرێی کۆمپانیاکانی نەوتیش قسەی کرد کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن: “لە بودجەدا 8 دۆلار بۆ کرێی کۆمپانیاکان دیاریکراوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە 26 دۆلار گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان کراوە.”
هەر لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان “رازیبووە بە گرێبەستەکاندا بچینەوە، بەڵام کۆمپانیاکان رازی نین بە کەمتر کار بکەن.. بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت پێویستمان بە هەمواری یاسای بودجەیە یان گرێبەستی کۆمپانیاکان هەموار بکرێتەوە.”
رۆژی 14-05-2024 وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی نیسان خەرج کرد.
رۆژی دووشەممە 13-05-2024 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیاری سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداوی لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی چوار دایەوە و رایگەیاند، “کێشەی مووچە چارەسەر بووە و رەزامەندی لەسەر ناردنی دراوە.”
قوباد تاڵەبانی گوتیشی، “دەبێت مووچە بنێردرێت، چونکە ئەوەی [لەلایەن بەغداوە] داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرابوو، وەکو لیستی فەرمانبەران، ناردوومانن.”
رۆژی یەکشەممە 12-05-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “تائێستا چاوەڕێین بۆئەوەی بەغدا بڕیاری کۆتایی بدات لەبارەی مووچەی مانگی چوار و هیوادارین مانگی پێنجیش لە کاتێکی زوودا [بنێردرێت].”
بۆ دابەشکردنی مووچە، لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ناکۆکی هەیە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت مووچە لە رێگەی پڕۆژەی’هەژماری من’ـەوە بدرێت، بەغداش دەیەوێت لە رێگەی سێ بانکی حکومەت بێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی