شاندێ پارتی و نەتەوەیێن ئێكگرتى دەربارەی هەڵبژارتنان كۆمبوون
کوردستان TV
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەكشەمی نێوان شاندی باڵای پارتی و نەتەوەیەكگرتووەكان خستەڕوو سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
هێمن هەورامی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند: ئەمڕۆ یەكشەم لەگەڵ هەڤاڵانم ئامینا زیکری و جەعفەر ئیمینکی و هەڤالانی تایبەتمەند لە بەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی، کۆبوونەوەیەکی گرینگمان لەگەڵ شاندیکی نەتەوەیەكگرتووەكان (یۆنامی) هەبوو، شاندەکەی یۆنامی بە سەرۆکایەتی کۆلدیا کۆردۆن جێگری جینین پلاسخارت بۆ کاروباری سیاسی و هەڵبژاردنەکان و ئەندامێتی پسپۆرانی یۆنامی بۆ کاروباری هەڵبژاردن بوو.
راشیگەیاند: ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر پێشنیازی جەنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو كە لە دوایین سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەل سەرۆک بارزانی و نێچێرڤان برزانی و مەسرور بارزانی کە تیایدا داوای کردبوو شاندێکی پسپۆر و تەکنیکی یۆنامی بێنە هەولێر و لەگەل شاندێکی پارتی لەسەر ڕاو و سەرنج و تیبینی و بۆچوونەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان گفتوگۆ بکەن.
هەروەها رایگەیاند: لەم دانیشتنەدا، شاندی یۆنامی جەختیان لە گرینگی و بایەخی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی جێی متمانەی هەمووان و بەشداری هەمووان کردەوە و رایانگەیاند كە بە پەرۆشن بۆ ئاگاداربوون لە وردەکاری ڕاو سەرنج و تێبینی و بۆچوونەکانی پارتی.
هێمن هەورامی گوتیشی: وەک شاندی پارتی بۆمان ڕوونکردنەوە کە یۆنامی شاهێدی ئەوەیە دوو ساڵ بوو پارتی داوای هەڵبژاردنی دەکرد و پابەند بوو بە ئەنجامدانی و چوارجار سەرۆکی هەرێم مەڕسوومی دەرکرد و هەندی لایەنی دیکە چۆن رێگر بوون و چۆن نەیاندەهێشت دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردنی رەشنووسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بێت و چۆن هەر لە سەرەتاوە دژی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بوون.
ئاماژەی بەوەش دا: بۆمان روونکردنەوە کە ئیستاش پارتی ئامادەی هەڵبژاردنە بە مەرجێک دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و دەبێت یۆنامی لەسەر خەت بێت بۆ چارەسەری کیشە تەکنیکییەکان و زامنکردنی پاکی و بێگەردی کۆی پرۆسەکە و بە دوور بێت لەو ئامادەکارییە پێشوەختەی هەندێ لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دزینی کورسییەکانی پارتی و ئیرادەی دەنگدەران بەرنامەڕێژییان بۆ کردووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی