نیسان 14, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

په‌یاما سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى د یادا یازده‌یى ئادارێ دا

په‌یاما سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى د یادا یازده‌یى ئادارێ دا

رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی یادی 54 ساڵەی رێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970وە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “لەم یادەدا مێژووی پڕ لە نەهامەتیی دەوڵەتی عێراق بەبیری هەمووان دەهێنینەوە.” داواش دەکات، یادەکە لە هەرێمی کوردستان بکرێتە دەرفەتی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی کێشە و ناکۆکییەکان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت، “له‌م ياده‌دا مێژووى پڕ له‌ نه‌هامه‌تيى ده‌وڵه‌تى عێراق به‌ بيرى هه‌مووان ده‌هێنينه‌وه،‌ كه‌ لۆژيكى هێز و بير و سياسه‌تى نكۆڵيكردن له‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستان و پێكهاته‌كانى عێراق به‌گشتى، چ زيانێكى له‌ وڵات داوه‌؟”
ئاماژەی بەوەش کردووە، “پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق له‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌، شه‌ڕ و ماڵوێرانى و كاره‌سات و ناسه‌قامگيريى به‌رده‌وامى بۆ عێراق و گه‌لانى به‌دواى خۆيدا هێنا كه‌ لێكه‌وته‌كانى تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامن.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌و ياده‌ بکرێتە ده‌رفه‌تى لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ تێپه‌راندنى كێشه‌ و ناكۆكى “تاوەکو پێكه‌وه‌ رووبه‌ڕووى ئاڵنگارييه‌كان ببينه‌وه‌ و ده‌ستكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و قه‌واره‌ى فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان بپارێزين.”
هەر لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە، “له‌ عێراقيش په‌ند و وانه‌ له‌ رابردوو و مێژووى پڕ له‌ ئازارى وڵات وه‌ربگرين، ده‌ستوور جێبه‌جێ بكه‌ين و سيستمى فيدراڵى و مافه‌كانى هه‌موو گه‌لان و پێكهاته‌كانى عێراق بپارێزين و به‌ روانينێكى هاوبه‌ش به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێين.”
54 ساڵ لەمەوبەر، بەعسییەکان تازە هاتبوونە سەر کار و حکومەتی ناوەندی خوازیاری رێککەوتن بوو لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕش. رێبەرایەتی شۆڕشی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی و حکومەتی ناوەندیش بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆککۆمار، گەیشتنە رێککەوتننامەی 11ی ئازار.
کورد لە چوارچێوەی عێراقدا، دانی پێدا نرا، بەڵام سنوورەکەی یەکلایی نەکرایەوە و هەڵدەگیرا بۆ کاتی راپرسی و سەرژمێری. ئەم رێککەوتننامەیە کە بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول بوو، بۆ کورد پڕ بەها و مایەی خۆشحاڵی بوو، چونکە بۆ یەکەم جار لە مێژووی حکومڕانیی عێراق، لەژێر گوشاری پێشمەرگە و شۆڕشی کوردستان، داننرا بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا.
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
ئه‌مڕۆ يادى شكۆدارى (54) ساڵه‌ى ڕێككه‌وتننامه‌ى (11)ى ئازارى 1970 ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق و شۆڕشى مه‌زنى ئه‌يلوولدا به‌ ڕابه‌رايه‌تيى بارزانيى نه‌مر واژۆ كرا. ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ وه‌رچه‌رخانێكى چاره‌نووسساز و يه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ى فه‌رمى بوو له‌ مێژووى هاوچه‌رخدا. به‌رهه‌مى تێكۆشان و قوربانيدانى گه‌لى كوردستان بوو كه‌ حكوومه‌تى عێراقى ناچار كرد دان به‌ به‌شێك له‌ مافه‌ ڕه‌واكانيدا بنێت، هه‌روه‌ها بووه‌ بناغه‌ى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانى دواترى گه‌لى كوردستان.
له‌م ياده‌دا مێژووى پڕ له‌ نه‌هامه‌تيى ده‌وڵه‌تى عێراق به‌ بيرى هه‌مووان ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ لۆژيكى هێز و بير و سياسه‌تى نكۆڵيكردن له‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستان و پێكهاته‌كانى عێراق به‌گشتى، چ زيانێكى له‌ وڵات داوه‌؟ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق له‌ ڕێككه‌وتننامه‌كه‌، شه‌ڕ و ماڵوێرانى و كاره‌سات و ناسه‌قامگيريى به‌رده‌وامى بۆ عێراق و گه‌لانى به‌دواى خۆيدا هێنا كه‌ لێكه‌وته‌كانى تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامن.
با له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌م ياده‌ بكه‌ينه‌ ده‌رفه‌تى لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان بۆ تێپه‌راندنى كێشه‌ و ناكۆكى تا پێكه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى ئاڵنگارييه‌كان ببينه‌وه‌ و ده‌سكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و قه‌واره‌ى فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان بپارێزين. له‌ عێراقيش په‌ند و وانه‌ له‌ ڕابردوو و مێژووى پڕ له‌ ئازارى وڵات وه‌ربگرين، ده‌ستوور جێبه‌جێ بكه‌ين و سيستمى فيدراڵى و مافه‌كانى هه‌موو گه‌لان و پێكهاته‌كانى عێراق بپارێزين و به‌ ڕوانينێكى هاوبه‌ش به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێين.
سڵاو له‌ يادى ڕێككه‌وتننامه‌ى (11)ى ئازار و دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2024/3/11

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi