ئه‌یلول 20, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

78 ساڵ بسه‌ر دامه‌زراندنا كۆمارا كوردستان ده‌رباز دبن 

78 ساڵ بسه‌ر دامه‌زراندنا كۆمارا كوردستان ده‌رباز دبن 

وشه‌:

78 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا له‌ ساڵی 1946، كۆماری كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی قازی محه‌مه‌د دامه‌زرا. ئه‌و كۆماره‌ی هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نی ته‌نیا 11 مانگ بوو، به‌ڵام ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بوون كه‌ نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌ شانازییان پێیه‌وه‌ كردووه‌.

كۆماری كوردستان له‌ كاتێكدا دامه‌زرا كه‌ دنیا به‌ قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕی و شه‌ڕی دووه‌می جیهانی تازه‌ كۆتایی پێ هاتبوو. وڵاته‌ زلهێزه‌كانی دنیا كه‌ له‌ جه‌نگه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتبوون. له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌ یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت و به‌ریتانیا ئه‌وه‌نده‌ی چاویان له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی جه‌نگ بوو، بیریان له‌ گه‌له‌ سته‌ملێكراوه‌كان نه‌ده‌كرده‌وه‌.

یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ یه‌كێك له‌ پشتیوانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆماری كوردستان هه‌ژمار ده‌كرا و ته‌نانه‌ت یارمه‌تیی كۆماری كوردستانیشی ده‌دا، به‌ڵام دوای كشانه‌وه‌ی له‌ باكور و باكوری ڕۆژئاوای ئێران، ئه‌و یارمه‌تییانه‌ش له‌ كۆماری كوردستان بڕان و حكوومه‌تی پاشایه‌تیی ئێران دوای گرتنه‌وه‌ی كۆماری ئازه‌ربایجان كه‌ پایته‌خته‌كه‌ی ته‌ورێز بوو، هه‌رزوو مه‌هابادی پایته‌ختی كۆماری كوردستانیشی داگیر كرد.

سه‌رجه‌م حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناوچه‌كه‌ خێڵه‌كی یان پاشایه‌تی بوون
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كۆماری دیموكراتیكی كوردستان دامه‌زرا، سه‌رجه‌م حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناوچه‌كه‌ خێڵه‌كی یان پاشایه‌تی بوون. له‌ ئێران ڕژێمی پاشایه‌تیی په‌هله‌وی حوكمڕانی ده‌كرد كه‌ نه‌ك هیچ مافێكی به‌ گه‌لی كورد به‌ ڕوا نه‌ده‌بینی، بگره‌ به‌ توندی سه‌ركوتی ده‌كرد و ده‌یچه‌وسانده‌وه‌. ڕژێمی شا كه‌وتبووه‌ سه‌ركوتكردنی گه‌لانی ئازادیخواز و له‌سێداره‌دانی لاوانی نیشتمانپه‌روه‌ر و به‌ بیانووی جیاواز، ده‌یویست نه‌ته‌وه‌ی كورد بتوێنێته‌وه‌ و ڕێ له‌ ده‌ربڕینی هه‌ر جۆره‌ مافێكی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد بگرێت.

سیستمی سیاسی له‌ كۆماری كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ڕژێمه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، سیستمێكی دیموكراسی بوو و له‌گه‌ڵ به‌ها مۆدێرنه‌كانی حوكمڕانی له‌و سه‌رده‌مه‌دا یه‌كی ده‌گرته‌وه‌. كۆماری كوردستان كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی گرنگی له‌ بواری دیموكراسی و ئازادیی ڕاده‌ربڕین به‌دی هینا.

دامه‌زرانی كۆماری كوردستان، به‌رهه‌می گه‌شه‌سه‌ندنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی له‌ كۆمه‌ڵی كورده‌واری و پێگه‌یشتوویی و تێگه‌یشتوویی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوو. بۆیه‌ كۆماری كوردستان له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا توانی له‌ ناوچه‌یه‌كدا كه‌ دانیشتووانه‌كه‌ی به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی پاشایه‌تی ده‌چه‌وسێنرانه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراتیك دابمه‌زرێنێت. مه‌لا مسته‌فای بارزانی له‌ باشووری كوردستان به‌ خۆی و هێزه‌كانیه‌وه‌، یارمه‌تیی سه‌رخستنی كۆماری كوردستانی دا و خۆیشی پله‌ی جه‌نه‌راڵی وه‌رگرت و كۆمه‌ڵێك شانازی و قاره‌مانێتیی تۆمار كرد.

كۆماری كوردستان له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی كورتیدا ده‌ستكه‌وتێكی زۆری هه‌بوو و توانی هه‌لومه‌رجێكی نوێ بۆ ژیانی سیاسی و كولتووری و ئابووریی خۆی، بێنێته‌ كایه‌وه‌ و چرای ڕێی خه‌باتیش بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو پرشنگدار بكات.

گه‌لی كورد له‌و كاته‌وه‌ له‌ خه‌باتی بێ پسانه‌وه‌دایه‌ و هه‌وڵ ده‌دات به‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی بگات، به‌ڵام دووبه‌ره‌كیی ناوماڵی كورد له‌لایه‌ك و دڕنده‌یی و بێبه‌زه‌یی دوژمنانی كورد له‌لایه‌كی تر، كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ هه‌بووه‌.

قازی محه‌مه‌د زۆر ژیرانه‌ و وه‌ك دیپلۆماتكارێكی مۆدێرن په‌ره‌ی به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی كۆمار دا و له‌ هه‌مان كاتدا ناوخۆی پشتگوێ نه‌خست. ئه‌و له‌گه‌ڵ كۆماری ئازه‌ربایجان له‌ ته‌ورێز پێوه‌ندیی دۆستایه‌تی بنیات نا و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی جێناكۆك له‌ نێوان هه‌ردوو كۆماردا هه‌بوو، زۆر ژیرانه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنیان و بنیاتنانی پێكه‌وه‌ژیان و پێوه‌ندیی دراوسێیه‌تی و كولتووری و بازرگانی هه‌نگاوی نا.

بۆ یه‌كه‌م جار رێكخراوه‌كانی ژنان و لاوان، دامه‌زرێنران
قازی محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌تایبه‌تی یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت، كه‌وته‌ دۆستایه‌تی و زۆر چاك هه‌ستی به‌ گرنگیی پاڵپشتیی ده‌ره‌كی بۆ پاراستنی كۆماره‌كه‌ی ده‌كرد. له‌ ناوخۆ گرنگی به‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی په‌روه‌رده‌یی و رۆشنبیری، رۆژنامه‌گه‌ری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و سه‌ربازی دا و بۆ یه‌كه‌م جار رێكخراوه‌كانی ژنان و لاوان، دامه‌زرێنران و ژن كه‌ تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ چاوێكی نزم سه‌یر ده‌كرا، قازی محه‌مه‌د بڕوای به‌ تواناكانی ژنان هه‌بوو و هێناینه‌ ناو گۆڕه‌پانی سیاسییه‌وه‌.

ئه‌و هۆكارانه‌ی یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی كۆماری كوردستان له‌و سه‌رده‌مه‌دا دابمه‌زرێ، نه‌مانیان كاریگه‌ریی پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو و دووباره‌ به‌هێزبوونی رژێمی تاران و ده‌ستهه‌ڵگرتنی یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت له‌ پشتیوانیكردنی كۆمار، كه‌ دواتر روون بووه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ئیمتیاز و ده‌ستكه‌وتی له‌ رژێمی تاران وه‌رگرتبوو، كۆماری كوردستانیش كۆتایی هات.

كۆماری كوردستان به‌ مۆدێرنترین و پڕشنگدارترین و پێشكه‌وتووترین ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ مێژووی رزگاریخوازی گه‌لی كورد هه‌ژمار ده‌كرێت، كۆمارێك كه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بوون، كه‌ دوای 78 ساڵ چرای رووناككه‌ره‌وه‌ی ده‌ستی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد هه‌ژمار ده‌كرێ و گه‌لی كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، شانازیی پێوه‌ ده‌كات.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi