ته‌مموز 27, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

په‌يڤدارێ وەزارەتا دەرڤەيا ئەمریکا:هێرشێن سەر هەولێرێ پەیوەندی ب شەڕێ غەززە ڤە نینە

په‌يڤدارێ وەزارەتا دەرڤەيا ئەمریکا:هێرشێن سەر هەولێرێ پەیوەندی ب شەڕێ غەززە ڤە نینە
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بە رووداوی گوت، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق، پەیوەندییان بە شەڕی غەززەوە نییە.

لەبارەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش، وێربێرگ دەڵێت، بلینکن دەیەوێت تێڕوانینى ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە هەنگاوەکانی دوای جەنگ بزانێت. گوتیشی، “ئەمریکا هەموو هەوڵێک بۆ گەیاندنى هاوکارییە مرۆییەکان بۆ گەلى فەلەستین دەدات،” بەڵام “حەماس گەلى فەلەستین وەک قەڵخانی مرۆیی بەکار دەهێنێت.”

رۆژی یەکشەممە، 07-01-2024، ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژى هەرێمیى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە بووڵتەنی کاژێر 20:00ـی رووداودا لەبارەی ئەو هێرشانەی بەمدواییانە دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “هیچ پەیوەندییەک لەنێوان شەڕی غەززە و ئەو کردانەی دژی ئەمریکا دەکرێن نابینین، هەموو ئەوانە مایەی ناسەقامگیرین.”

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئێرانی بە پاڵپشتی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، “رژێمی ئێران لە رێگەی پارە و بریکارەکانیەوە، چەندین دەیەیە ئەم کردانە دەکات، دروستکردنى پەیوەندى لە نێوان ئەو هێرشانە و شەڕی غەززە شتێکی هیچ و پووچانەیە.”

ساموێل وێربێرگ لەبارەی سەردانەکەی بلینکن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چارەنووسی بارمتە ئەمریکییەکان و ئەوانی دیکەی ژێر دەستی حەماس گوتی، “وەزیر بلینکن لە هەوڵدان بەردەوامە بۆ ئازادکردنى بارمتەکان، هەروەها هەوڵێک هەیە بۆ ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکان.”

“هێرشە تیرۆریستییەکانی حەماس ئێستاش بەردەوامن” ئەمە گوتەی ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژى هەرێمیى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و رایگەیاند، “حەماس گەلى فەلەستین وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار دەهێنێت.”

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ساموێل وێربێرگ، گوتەبێژى هەرێمیی وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا:

رووداو: وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، نامانەوێت جەنگی غەززە فراوان بێت، بەڵام ئەوەی دەبینرێت لەسەر زەویی شەڕەکە فراوان بووە، ئاڵۆزی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەمریکا چی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە؟

ساموێل وێربێرگ: ئێوارەتان باش، سوپاس بۆ تۆ و سوپاس بۆ کەناڵى رووداو، بۆ ئەم میوانداییە، وەزیر بلینکن، چەند کارێکى لە پێشینەى گرنگى هەیە لەم گەشتەدا بۆ نێوچەکە، لەوانە دەیەوێت رووبەڕوو ئەوە لە بەرپرسانى ئیسرائیلی ببیستێت، لە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیران و بەرپرسانى دیکە، کە پلان و تێڕوانینى ئیسرائیل چییە بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە، لەسەر ئەمریکا نییە کە کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت، بە کردەوە بزووتنەوەى حەماس ئەم گرووپە تیرۆریستییە جەنگى دەستپێکرد لە رێگەى هێرشە تیرۆریستییەکانى لە 7ـی ئۆکتۆبەر، بۆیە وەزیر بلینکن دەیەوێت ئەوە لە ئیسرائیلییەکان ببیستێت کە تێڕوانینیان چییە بۆ قۆناخى داهاتوو، کە چۆن ئەم جەنگە کۆتایی دێت، تاوەکو ئەم جەنگە بەردەوام بێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات کە لە توانایدایە بۆ گەیاندنى هاوکارییە مرۆییەکان بۆ گەلى فەلەستین.

رووداو: ئایا هێرشە درۆنیە بەردەوامەکانی سەر هەرێمی کوردستان، پەیوەندی نییە بەو پشتیوانییەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە شەری غەززە؟

ساموێل وێربێرگ: ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هیچ پەیوەندییەک نابینێت لەنێوان ئەوانەى لە ناوچە کوردییەکان یان تورکیا و ئەو ناوچانە و هەر شتێکى دیکەدا روو دەدەن، لە تێڕوانینى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە هیچ پەیوەندییەک نییە لە نێوان ئەم کردانە و ئەوەى کە لە کەرتى غەززە روودەدات.

رووداو: گرووپە هێرشکارەکان دەڵێن تاوەکو ئەمریکا ئەو سیاستەی خۆی نەگۆرێت هێرشەکان بەردەوام دەبن؟

ساموێل وێربێرگ: بەداخەوە، نەک ئەمریکا، تێکڕاى جیهان ئەوەى بینى کە ئەم کردانە مایەى ناسەقامگیرین، لەلایەن بریکارانى پارەدارکراو لەلایەن رژێمى ئێرانەوە چەندین ساڵە هەن، لەڕاستیدا چەندین دەیەیە [ئەو کردانە] هەن، بۆیە هیچ شتێکى نوێ نییە، هەوڵى رژێمى ئێران و بریکارەکانى بۆ دروستکردنى پەیوەندى لە نێوان ئەو هێرشانەى ئەم دواییە، لەگەڵ دۆخى کەرتى غەززە، بابەتێکى هیچوپوچانەیە، چونکە ئەم چالاکییانەى کە مایەى ناسەقامگیرین لەلایەن ئێران و بریکارەکانیەوە چەندین ساڵە هەن.

رووداو: بۆچی لە سەردانەکەیدا بۆ وڵاتانی ناوچەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نەهاتە عێراق؟

ساموێل وێربێرگ: لەم سەردانەدا وەزیر بلینکن وەک لەسەرەتاى ئەم چاوپێکەوتنە باسم کرد، گرنگى بە چەند کارێکى لە پێشینە دەدات لەوانە دۆخى مرۆیی لە کەرتى غەززە، هەروەها ئەگەرى هەر هەوڵێک کە بدرێت بۆ ئازادکردنى بەبارمتە گیراوە ئەمریکییەکان، هەروەها پێویستیى تاوتوێکردنى ئەوەى کە لە دواى ئەم جەنگە چى دەکرێت، ئەوە ماناى ئەوە نییە کە ئەمریکا گرنگى بە دۆسیەى عێراق نادات، بەپێچەوانەوە ئێمە گرنگى بە دۆسیەى عێراق دەدەین، ئێمە هەموو رۆژێک لە پەیوەندیداین، لەنێوان بەرپرسانى ئەمریکا و بەرپرسانى عێراق، بەڵام لەو گەشتەدا وەزیر بلینکن گرنگى بەکارى لە پێشینە دەدات کە پەیوەستە بە دۆخى خراپى گەلى فەلەستین لە کەرتى غەززە.

رووداو: پلان هەیە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکات؟

ساموێل وێربێرگ: ناکرێت من وەکو گوتەبێژێکى فەرمیى ئەمریکى بەناوى حکومەتى عێراقییەوە قسە بکەم، دەبێت ئاراستەى حکومەتى عێراقیت بکەم، تاوەکو باس لە هەر خشتە و کاتى هەر سەردانێک بکات، لەهەر بەرپرسێکى عێراقى؛ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بێت یان هەر بەرپرسێکى دیکەى عێراقى.

ساموێل وێربێرگ: بە بڕوای ئێوە چارەسەری شەڕی سێ مانگەی ئیسرائیل و حەماس لە کوێیە؟ گرێکوێرەکان چۆن دەبنەوە؟

ساموێل وێربێرگ: ئەوەى پەیوەستە بە ئەمریکاوە، تاکە چارەسەر ئەوەیە کە؛ یەکەم: دەبێت جیاوازى بکەین لە نێوان ئەو جەنگەى کە ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامەوە لەگەڵ ململانێى دوور و درێژترى چەندین ساڵە لە نێوان ئیسرائیلیەکان و فەلەستینییەکان لە بارەى هێنانەکایەى کەشێکى پێویست بۆ دامەزراندنى دەوڵەتێکى فەلەستینى، ئەوەى پەیوەندیدارە بە دۆسیەى یەکەمەوە ئەو جەنگە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامەوە و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پێیوایە ئیسرائیل وەکو هەر دەوڵەتێکى دیکە نەوەک تەنیا ماف، بەڵکو بەرپرسیارێتى هەیە بۆ پاراستنى هاووڵاتییانى لە هێرشە تیرۆریستییەکانى حەماس کە تاوەکو ئەم ساتە بەردەوامە، حەماس تاوەکو ئەم ساتە گەلى فەلەستینى وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنێت، بۆیە ئێمە دەڵێین پێویستە لەسەر حەماس ئەم ھێرشانە رابگرێت، بۆ ئەوەى بەبارمتە گیراوەکان ئازاد بکرێن و گەلى فەلەستینى بخاتە سەرووى کارە لە پێشینەکانى. ئەمە لەلایەک، لەلایەکى دیکەوە، ململانێى دوورودرێژترە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، سەرۆک بایدن واى دەبینێت کە تاکە چارەسەر دامەزراندنى دەوڵەتێکى ئیسرائیلی سەربەخۆیە، کە تواناى ئەوەى هەبێت کە زەوییەکانى کەرتى غەززە و کەرتى رۆژئاوا بخاتە ژێر یەک دەسەڵاتەوە، بۆیە لە یەک کاتدا گرنگى بە دۆسیەى یەکەمیش دەدەین کە جەنگى بەردەوامە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل، گرنگى بە دۆسیەى دووەمیش دەدەین ئەو ململانێ دوورودرێژەیەکە، لانیکەم دەبێت دەست بە گفتوگۆ بکەین لەگەڵ هەموو لایەنەکانى ناوچەکە لەبارەى ئەوەى کە لە دواى ئەم جەنگە چى دەبێت، لەگەڵ ئەگەرى دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان لەبارەى چارەسەرى دوو دەوڵەتی و دامەزراندنى دەوڵەتێکى فەلەستینى.

به‌شی بكه‌ لە
SHARE ON FACEBOOK
SHARE ON TWITTER
SHARE ON WHATSAPP
SHARE ON TELEGRAM
SHARE ON VIBER
SHARE ON MESSENGER
کۆمێنتەکان

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi