د.فارس بریفکانی: پشتى پەسەندکرنا ئەنجامان ئەنجوومەنێ پارێزگهها نەینەوا دێ كۆم بت
کاندیدێکی سەرکەوتووی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کۆدەبێتەوە، دەشڵێ: بەبێ پارتی حکوومەتی خۆجێیی نەینەوا پێک نایەت.
د.فارس بریفکانی، کاندیدی سەرکەوتووی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای پازدە ڕۆژ لە پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانەوە ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەتوانن یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان بەڕێوەببەن، دوو حەفتە پێش ئێستا ئەنجامەکان ڕاگەیەندراون، بەڵام بەھۆی ھەبوونی ھەندێ سکاڵا ھێشتا پەسەند نەکراون و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوو سکاڵاکان یەکلا بکرێنەوە ئەنجامی کۆتایی پەسەند بکرێت.
ئەو کاندیدە سەرکەوتووەی پارتی گوتیشی: لە پارێزگای نەینەوا ئێمە چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنین، دواتر پارێزگا بەیانێک دەردەکات و داوا لە ئەنجوومەنی ھەڵبژێردراوی پارێزگای نەینەوا دەکات کۆبوونەوەی خۆیان بەڕێوەببەن، یەکەم کۆبوونەوە لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامی سەرۆکایەتی دەکرێت و دواتر سەرۆک و جێگری ئەنجوومەن ھەڵدەبژێردرێن.
د.فارس بریفکانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ڕاستە داوای ھاوپەیمانی لە پارتی کراوە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی نەینەوا، چونکە پارتی پێگەیەکی بەھێزی لە نەینەوا ھەیە و بەپێی دەستووریش کورد نەتەوەی دووەم و سەرەکی نەینەوایە بۆیە پارتی شەریکی سەرەکییە لە پارێزگای نەینەوا.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی