كۆمسیۆنا هەڵبژارتنان:چوو بههانه بۆ پاشخستنا هەڵبژارتنان ل كەركووكێ نینن
وشه:
بڕیارە لە 18ی كانوونی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق بەڕێوە بچێت، لەوانەش لە كەركووك، هەڵبژاردنەكە بۆ كورد زۆر گرنگە، بە تایبەتی دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دێت كە بەزۆر پۆستی پارێزگار لە كورد ستێنرا، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردن لە پارێزگەكە رەت دەكاتەوە.
ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بارەگەكانی لە كەركووك كردەوە، ئەوەش گڕوتینێكی گەورە بە هەڵبژاردنی پارێزگەكە دا و ورەی كوردی زیاتر بەرز كردەوە، چونكە دەروازەیەكی تری بۆ بوون بە زۆرینە لە ئەنجوومەنی پارێزگەكە و بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگاری كردەوە، بەو شێوەیەش كار دەكاتە سەر هاوسەنگیی پێكهاتەیی لە كەركووك.
لە ماوەی دوایی موهەیمن حەمدانی، پەرلەمانتاری عەرەب لەسەر پارێزگەی كەركووك داوایەكی فەرمیی ئاراستەی سەرۆك وەزیران و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد بۆ دواخستنی پرۆسەكە، ئەوەش بە پاساوی بوونی ساختەكاری لە تۆماری دەنگدەران و بەشداری پێنەكردنی هەموو لایەنەكان لە پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆمارەكە، ئەو باسی بوونی زیاتر لە 250 هەزار هاووڵاتی كرد كە ناویان لە تۆمارەكە هەیە و پسوولەی خۆراكیان بۆ كەركووك گواستووەتەوە، ئەوەش پێشێلكاریی یاساییە و دەبێتە هۆی گۆڕانكاریی دیمۆگرافی.
لە بەرانبەر ئەو داوایەی حەمدانی، عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان گوتی، بەپێی یاسا ناكرێ تەنیا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك دوا بخرێت، بەڵكو پێویستە هەڵبژاردنەكە لە هەموو پارێزگەكان لە وادەی دیاریكراوی خۆی بێتە سازكردن.
روونی كردەوە، تۆماری دەنگدەرانی كەركووك بە شێوەیەكی یاسایی و تۆكمە نوێ كراوەتەوە و ناوی هەمووانی لە 1957ەوە تیادایە، هەروەها هەموو ئەوانەی مادەی 140ی دەستوور دەیانگرێتەوە، هەروەها هەر كەسێك پێش 2003 خاوەنی پسوولەی خۆراك بووبێت، لەگەڵ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و زیادكردنی 80 هەزار دەنگدەری نوێ.
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان زیاتر گوتی، بواری تانە و ناڕەزایەتیمان لەبارەی تۆماری دەنگدەران لەبەردەم هەموو لایەنەكان لە ماوەیەكی دیاریكراو واڵا كرد، بۆیە تۆماری دەنگدەرانی كەركووك لە تۆمارە رەسەن و تۆكمەكانە، ئەوانەشی ناڕازین، با بە بەڵگە بیسەلمێنن كە ناوی كەسانێك لە دەرەوەی رێككارە یاساییەكانی هەڵبژاردن لە تۆمارەكەدا هەیە و ئێمە بەرژدی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی