ته‌مموز 27, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

سەرۆك بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی کۆمبوون

سەرۆك بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی کۆمبوون
رووداو دیجیتاڵ

لەچوارچێوەی سەردانەکەی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەیدا بۆ شاری هەولێر، محەممەد شیاع سوودانی لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و رایگەیاند، “بیروڕا و تێڕوانینەکانمان لەبارەی پرسە گشتییەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و بەدواداچوونی گرنگترین دۆسییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت تاوتوێکرد.”

شەوی پێنجشەممە، 9-11-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پیرمام سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی باسی چەند پرسێک کراوە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “ئێوارەی ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هاوینەهەواری پیرمامی پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان چاوی بە بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوت.”

لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سوودانی دا هاتووە: “لە دیدارەکەدا بیروڕا و تێڕوانینەکان ئاڵوگۆڕکران و باسی پرسە گشتییەکانمان لەسەر ئاستی نیشتمانی کرد، لەگەڵ بەدواداچوونی دیارترین دۆسییەکان لە رووی جێبەجێکردن لە کارنامەی حکومەت، ئەوەش وێڕای باسکردنی دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و ئەو رووداوە کارەساتبارانەی کەرتی غەززە بەخۆیەوە دەبینێت و ئەو دوژمنکارییەی زایۆنی دەیکاتە سەر رۆڵەکانی گەلی فەلەستینی.

لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ هۆشیار زێباری و مەحموود محەممەد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق و ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەشدار بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق کرد.

سەردانەکەی سوودانی بۆ هەولێر لەدوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانى پایتەختی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتەکە و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتیش شەڕی ئیسرائیل و هێزە چەکدارەکانی غەززە کرد.

دەستپێکردنى ئەو گەشتەى سوودانى دواى رۆژێک بوو لە سەردانى ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ بەغدا و میدیاى فەرمیى عێراق لە زارى هیشام روکابی، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە بڵاویکردەوە، “گەشتەکەى سوودانى لە ناوچەکە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى عێراقدایە بۆ راگرتنى ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین.”

دواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆکوەزیران، ئەمە سێیەم جارە محەممەد شیاع سوودانى سەردانى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکات.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi