ڕۆنكرنهك دهربارهى بهلاڤكرنا پانزین و پترۆلێ دئێته دان
باسنيوز:
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەبارەی بەردەوامی دابەشكردنی بەنزینی 750 دیناری و دابەشكردنی نەوتی ماڵان روونكرنەوە دەدات و ئاشكرایشی دەكات، پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەركەوتوویی بەسەر ماڵاندا جێبەجێ دەكرێت و نرخیش لەبازاڕ ڕووی لەدابەزینە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە، :رۆژانە ملیۆنێك و 872 هەزار لیتر بەنزینی جۆری نۆڕماڵ بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان دابین دەكرێت.
ئاماژە بەوەش دەكات بەنزینی جۆری نۆرماڵی بە نرخی 750 دیناری دابین دەكرێت و لە ڕێگای تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە دابەش دەكرێت. ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “مۆڵەت بە كۆمپانیا و بەنزینخانەكانیش دراوە بە مەرج و رێنوێنییەكانی وەزارەت و بەكوالێتییەكی باش بەنزین دابین بكەن .”
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئەوەشی راگەیاندووە: “سەبارەت بە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا، تواندراوە لە ماوەیەكی كەمدا پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەركەوتوویی بەسەر ماڵاندا جێبەجێ بكرێت و نرخیش لەبازاڕدا ڕووی لەدابەزینە.”
ئاشكراشی كردووە: “دوای ئەوەی لەماوەی 10 رۆژدا تواندرا 73ملیۆن و 448 هەزار لیتر نەوتی سپی دابین بكرێت، كە 40 ملیۆن و 787 هەزار لیتری لە ناوچە شاخاوییەكان دابەش بكرێت و 203هەزار و 935 خێزانیش لیی سوودمەند بوونە.”
روونیشی كردووەتەوە كە : “ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ئەو هاوڵاتیانەش بگرێتەوە كە ساڵی رابردوو نەتواندرا نەوتەكەیان بەسەردا دابەش بكرێت بە تایبەتی ناو شار و دەورووبەر.”
پێشتر رێبین زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان رایگەیاندبوو:” بەغدا بەڵێنی داوە بەمنزیكانە بڕە نەوتی پێویست بۆ هەرێمی كوردستان بنێری و لەسەر ئەم پرسەش شاندێكی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق گفتگۆیان کردووە.”
ئاماژەی بەوەش دا، هەر بڕە نەوتێك بگات راستەوخۆ نەوتەکە بە سەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستان دابەش دەكرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی