ته‌مموز 27, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

مەسرور بارزانی بۆ وەزارەتا دارایی: ل گەڵ گەهشتنا 700 ملیار ديناران دەست ب به‌لاڤكرنا مووچەى بکەن

مەسرور بارزانی بۆ وەزارەتا دارایی: ل گەڵ گەهشتنا 700 ملیار ديناران دەست ب به‌لاڤكرنا مووچەى بکەن
K24 – هەولێر

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد لەگەڵ گەیشتنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، ڕاسته‌خۆ بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز بکرێت. داواش دەکات، ڕێز لە سەروەریی وئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/9/20، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پوختەی سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە 2023/9/14 بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خرایەڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، سەرۆک وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕاسپارد، لەگەڵ گەیشتنی یەکەم گوژمەی ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، کە 700 ملیار دینارە، یەکسەر بە بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆکوەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، دڵنیایی دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرگیز سازش لە سەر ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکات و دەستبەردارییان نابێت و لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی پەیوەندیدار بە مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەو ڕووەشەوە پڕۆژەی پێویست پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی فیدڕاڵ کراوە کە چارەسەری هاوسەنگانەی لەخۆ گرتووە و لەمبارەیەوە لێکتێگەیشتنی هاوبەشی باش دروستبووە، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران سەرجەم وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بەردەوامبن لە هاوکاریکردنی دیوانی چاودێریی دارایی و سەرجەم ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان بخرێتە بەردەست کە پێشتریش چەندین جار بە فەرمی خراوەتە بەردەستیان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەرۆکوەزیران بە پێزانینێکی زۆرەوە، ئاماژەی بە خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد کە بەهۆی نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە بارودۆخێکی سەخت دان، سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانيیەکانیشی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق كرد، کە پێشوازی گەرمیان لە شاندەکە کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵ و پێشنیارەکانی هەرێم دەربڕی.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران لە ڕێگای شاندێکی باڵای ئەنجومەنی وەزیران و یەک هەڵوێست و پشتبەست بە دەسەڵات و مافە دەستووریەکان و بە داتا و زانیاری وردەوە، ڕوونکردنەوەی پێویست درا بە سەرۆکایەتییەکانی فیدڕاڵیی و هێز ولایەنە سیاسیەکان و بە وردیی پێشنیاری چارەسەری هەنووکەیی و درێژخایەن بۆ دابینکردنی مووچە خرایەڕوو کە جێگەی ڕەزامەندیی لایەنە عێراقیەکان بوو. دواتریش لە دواکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێشنیاری هەنووکەيی بە زیادکردنی بڕی پێدانی قەرز پەسەندکرا. بۆ پێشنیاری درێژخایەنیش داوامان کرد، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک شایستەیەکی یاسایی مووچەخۆر، جيا بکرێتەوە لە هەر ململانێ و جیاوازیەکی بیروڕا، چونکە پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش خەرج بکرێت وەک مافێکی شایستەی خۆیان کە لە ناو خشتەکانی بودجەی فیدڕاڵ هەم ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم تەرخانکراویی داراییان بۆ دەستنیشان کراوە و نابێت مووچە وابەستەی هیچ بکرێت.

هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت

لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی کرد و پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد کە ڕێز لە سەروەریی وئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێت.

نەخۆشی کۆلێرا

بە گوێڕەی راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، ڕاپۆرتێکی دەربارەی نەخۆشی سکچوونی توند ( کۆلێرا) و پێشنیار و ڕێکارەکانی چارەسەریی و خۆپارێزییەکانی دامەزراوە تەندروستییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان خستەڕوو، دوای گفتوگۆ، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت پەسەندکرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، ڕێکاریی خۆپارێزیی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi