ته‌مموز 27, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

وەزارەتا پەروەردێ ل دۆر رێژا نەخوێندەواريێ ل پارێزگه‌ها دهۆکێ به‌رسڤا پەروەردەيا عێراقێ دده‌ت

وەزارەتا پەروەردێ ل دۆر رێژا نەخوێندەواريێ ل پارێزگه‌ها دهۆکێ به‌رسڤا پەروەردەيا عێراقێ دده‌ت
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کاردانەوەی لێدوانێکی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵ کە رایگەیاندبوو، ‘لەسەر ئاستی عێراق، پارێزگای دهۆک لە رێژەی نەخوێندەواریدا دووەمە’ بە راگەیێندراوێک وەڵامی دایەوە و دەڵێت “پێویست بوو، شیکاری وردتری پێشکێش بکردایە.”

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراقدا دەڵێت “لە چوار ساڵی رابردوودا لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان بەگشتی و دهۆک بەتایبەتی، پێشکەوتنی زۆر لە ئاستی نەهێشتنی نەخوێندەواریدا بەدیکراوە. هەموو ئامارەکان پاڵپشت بە داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەستەی ئاماری عێراق لەژێر سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوبەشی بەدەستهاتوون و، دەریدەخەن لە دهۆک بەڕێژەیەکی بەرچاو ئاستی نەخوێندەواری دابەزیوە.”

سیوەیلی، بە ژمارە، ئامار و داتاکان دەخاتەڕوو و باس لەوە دەکات، لە 2012ـدا رێژەی نەخوێندەواری لە دهۆک 27.2٪ بوو، لە 2021ـدا رێژەکە بۆ 18.7٪ کەمبووەوە.

دەشڵێت “دهۆک لە دوای هەولێر لە ریزبەندی دووەم دێت لە رێژەی پەیوەندیکردنی قوتابیان بە خوێندنەوە لەنێو هەرێمی کوردستاندا. داتاکانی سێ رۆژ پێش ئێستا پێمان دەڵێن، تاوەکو ئێستا 34 هەزار و 122 قوتابی ناویان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمارکردووە. دهۆک سێیەم پارێزگای کوردستانە لە رووی ژمارەی دانیشتووان، بەڵام دووەمە لە رێژەی بەرزترین ئاستی تۆمارکردنی قوتابی. جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ژمارەی قوتابییان لە دهۆک 430 هەزار و 698 قوتابییە”.

پێداگری لەوەش دەکات، داتا و ژمارەکانی رێژەی نەخوێندەواری لە دهۆک و ئاستی پەیوەندیکردنی قوتابییان بە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی و کۆی ژمارەی قوتابییانی، وەڵامێکە بۆ لێدوانەکەی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدراڵ کە هیچ شیکاری و بەراوردکاری بۆ نەکردووە و بنەمای زانستیی نییە.

کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رۆژی 9ـی ئەیلوولی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “هۆبەی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەموو پارێزگاکان هەیە. وەزارەتی پەروەردە هەڵمەتێکی بۆ گۆڕانکاریکردن لە هەندێک یاسا هەیە بۆ هاندانی بەتەمەنەکان تاوەکو فێری خوێندەواری بن؛ هەروەها ژنانیش فێری خوێندنەوە و نووسین و پیشەی دەستی دەکرێن”.

کەریم سەید ئاماژەی بەوەکرد، رێژەی نەخوێندەواری لە عێراق لەم چەند ساڵەی دواییدا کەمبووەتەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2010ـدا رێژەی نەخوێندەواری لەسەر ئاستی عێراق 20٪ بوو، بەڵام بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانی عێراق، ئامارەکە لە ساڵی 2022ـدا بۆ 12٪ دابەزیوە.

لەبارەی نەخوێندەواریی دانیشتووانی پارێزگاکان، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە رووداوی گوت، “پارێزگای موسەننا لە زۆریی رێژەی نەخوێندەوارییدا یەکەمە لە عێراق کە 20٪ـی دانیشتووانەکەی نەخوێندەوارن؛ دواتر پارێزگای دهۆک دێت کە 18٪ـی دانیشتووانەکەی نەخوێندەوارن.”

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi