پەرلەمانتارهك: ههيڤا داهاتى کۆمیسیۆنا هەڵبژارتنان دێ ئێته کاراكرن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا کۆمیسیۆن بە پێکهاتەیەکی نوێوە کارابکرێتەوە دوای یەکلاییکردنەوەی سیڤییەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-03-2023، رۆبینە ئۆمیلک، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “4 بۆ 15ـی نیسانی ئەمساڵ دیاریکراوە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت سیڤی بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی کۆمیسیۆن، واتە کۆمیسیاران بنێرن.” گوتیشی، سیڤییەکان رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێن، دوای ئەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان رەوانەی لیژنەکەی ئەوانی دەکات، کە لیژنەیەکی پێنج کەسییە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سیڤییەکان و کەسەکان بۆ کۆمیسیارانی کۆمیسیۆن و مەرجەکان، ئەو پەرلەمانتارە روونیکردەوە: “کۆمەڵێک پرەنسیپ و بنەما دیاریکراوە، لەوانە ئەو کەسە چەند ساڵ خزمەتی هەیە، شارەزایی چەندە لە هەڵبژاردن، لە کۆمیسیۆن کاری کردووە یان نا، لەگەڵ خاڵی دیکەش. دوای ئەوەی سیڤییەکان دەگاتە لیژنەکەی ئێمە، بەپێی خاڵبەندی یەکلایی دەکرێنەوە و دەستنیشان دەکرێن بۆ ئەوەی پەرلەمان بیخاتە دەنگدانەوە و پەسند بکرێن.”
ئەندامانی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن پێکدێن لە: بژار كۆچهر، نوێنهری پارتی، عهباس فهتاح، نوێنهری یهكێتی، بهڵێن ئیسماعیل، نوێنهری گۆڕان، روبوینه ئوملیک، نوێنهری هاوپهیمانیی یهكێتیی نهتهوهیی و سهرجهم فراكسیۆنهكانی كلد و ئاشوورییهكان و سارا دڵشاد چاوشلی، نوێنهری فراكسیۆنه توركمانییهكان.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2014 پێکهاتووە، (9) ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەیە کە بەسەر پێنج لایەنە سەرەکییەکەی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دابەشکرابوون، پارتی سێ ئەندام کە ئێستا دووانیان نەماون و دەبێت دوو ئەندامی کۆمیسیۆن دابنێت، کە یەکێکیان تورکمان بێت، یەكێتی دوو ئەندام، بزووتنەوەی گۆڕان دوو ئەندام، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان یەک ئەندام و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان یەک ئەندامی هەیە. هەروەها لە 12 بەڕێوەبەری گشتیی كۆمیسیۆن، چواریان پارتی، سێیان یەكێتی، سێیان گۆڕان، یەک یەكگرتوو و یەکێکیان كۆمەڵە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە 23-12-2019ـەوە ماوەی یاسایی بەسەرچووە، ئێستا دوو کورسیی ئەنجوومەنەکە بەتاڵن، یەکێکیان کورسیی پێکهاتەی تورکمان و ئەوی دیکەشیان کورسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
بڕیار بوو 1ـی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن نەتواندرا لەو وادەیە هەڵبژاردن بکرێت، ئێستا لایەنەکان نیمچە کۆدەنگییان هەیە بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و لەسەر بەشێکی زۆری خاڵە ناکۆکەکانی پێشوو رێککەوتوون، بەتایبەت یەکێتی و پارتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی