ته‌مموز 27, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

هەولێر و بەغدا به‌رى پەسەندکرنا بودجەى دي رێکكه‌ڤن

هەولێر و بەغدا به‌رى پەسەندکرنا بودجەى دي رێکكه‌ڤن

باسنيوز:

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، هەولێر و بەغدا پێش پەسەندکردنی بودجە لە پەرلەمانی عێراق رێک دەکەون و لەسەر بنەمای ئەو ڕێکكەوتنە هەقەبەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقی فیدڕاڵ دیاری دەکرێت، کە ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن بگاتە 14٪.

گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پرسی بودجە، مووچە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، دوای تەواوبوونی پشووی سەری ساڵ دەست پێدەکەنەوە و چاوەڕوانکراوە شاندی هەرێمی کوردستان بەم نزیکانە سەردانەکانی بۆ بەغدا دەست پێ بکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) تاوەکوو ئێستا گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا رۆیشتوون و وەك لە گفتوگۆكان دەردەكەوێت هەردوولا ئامانجیان ئەوەیە ڕێک بکەون. شاندی هەرێمی کوردستان هەموو نیازپاکییەکی خۆی بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان داوەتە بەغدا، گفتوگۆکان بەو ئاراستەیەن کە هەولێر و بەغدا بەر لە رەوانەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ پەرلەمانی عێراق، هەردوولا لەسەر بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکان ڕێک بکەون، هاوکات بە گوتەی پەرلەمانتاران و سەرچاوەکانی زانیاری، ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن، لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ی عێراقدا، بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بگاتە 14٪.

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، تایبەت بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، بەرنامەی گفتوگۆ و دانوستانەکان بەو شێوەیەیە، بەرلەوەی بودجە رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت، هەولێر و بەغدا ڕێک بکەون، گوتیشی: ”لەو کاتەی کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ بۆ ناردنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمانی عێراق دەدات، ئەوە لەسەر بنەمای رێکكەوتنی هەولێر و بەغدا دەنگ دەدات، کەوابێ بەرلەوەی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان بنێردرێ، هەولێر و بەغدا ڕێک دەکەون، چونکە پەرلەمان دەسەڵاتی نییە گۆڕانکاریی زیادکردن لە بودجەکەدا بکات، لەبەرئەوە دەبێ حکوومەتی عێراق لەسەر بنەمای رێكکەوتن ئەو بڕە بوجەی هەرێمی کوردستان دیاری بکات، کە ئاماژەکان بەو شێوەیەن، کە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا بگاتە 14٪ کەمتر یان زیاتر، ئەوە تاوەکوو ئێستا رێکكەوتنی یەکلاکەرەوە نەکراوە.“

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختی لەوەش کردەوە، جارێ وادە بۆ هاتنی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دیاری نەکراوە، بەڵام دوای دەنگدانی ئەنجوومەنی وەزیران و هاتنی بودجەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەوا بەدڵنیاییەوە گرنگە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بێت و گفتوگۆ لەگەڵ لیژنەی دارایی و پەرلەمانتارانی لایەنە سیاسییەکان بکات، تاوەکوو ئەو بڕەی رێکكەوتنی لەسەر کراوە، وەکوو خۆی پەسەند بکرێت.

جێی باسە هەر دوێنێ، جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ”شاندەکانی هەرێم لەم کابینەیەدا چەندین جار سەردانی بەغدایان کردووە و چەندین لێژنە بۆ كۆمەڵێك بابەتی وەكوو پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ی عێراق و دۆسیەی نەوت و چاودێریی دارایی پێکهێنراون.“
گوتیشی: “دوایین سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، پێش سەری ساڵی نوێ بووە و ئێستاش ئامادەین هەر كاتێك پێویست بکات سەردانی بەغدا بكەین.”

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi