دکابینەيا نههێ دا بتر پرۆژەيێن خزمەتگۆزاری و وەبەرهێنان و چاندنێ ل هەولێرێ هاتينه ئەنجام دان
باسنيوز:
جێگری پارێزگاری هەولێر باس لەوە دەکات، لە کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، پرۆژەکانی کشتوکاڵ، وەبەرهێنان، کارەبا، خزمەتگوزاری، نیشتەجێبوون، زۆر گرنگییان پێ دراوە، شاری هەولێرێش کار و پرۆژەی زۆر گرنگی بۆ ئەنجام دراوە.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”دوو ساڵی یەکەم لە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نەتوانرا خزمەتگوزاری لە ئاستی پێویست پێشكەش بکرێ، هەموو فۆکسەکان لەسەر چارەسەرکردنی نەخۆشی و کەرتی تەندروستی بوون، بەڵام لە ٢٠٢٢وە کە دۆخەکە كەمێك ئاسایی بووەوە، بە شێوازێکی باش گرنگی بە کەرتە جیاوازەکان لە شاری هەولێردا درا.“
جێگری پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ”پێشتر هەولێر کێشە لە دابەشکردنی کارەبا هەبوو، هەروەها فیدەرمان نەبوو، بەڵام لە کابینەی نۆدا ژمارەیەکی زۆر وێستگەی دابەشکردنی کارەبا لە هەولێر و دەوروبەری دروست کران، کە بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، کێشەکەمان چارەسەر کراوە، هەروەها وێستگەی بەهەمهێنانیش دروست کراوە.“
لەبارە چارەسەرکردنی گرفتی ئاو لە هەولێر، هێمن قادر دەڵێ: ”لەمساڵدا بودجەیەکی زۆر باش لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ چارەسەرکردنی کەمئاوی دابین کرا، توانرا بیری قووڵ، تۆڕی ئاو، راکێشانی هێڵی جێگرەوەی کارەبا بۆ بیرەکان دابین بکرێ، هەروەها پرۆژەکانی ئیفراز نۆژەن کرانەوە، واتە کێشەکانمان چارەسەر کران.“
روونیشی کردەوە کە لە رووی کشتوکاڵیشەوە کابینەی نۆیەم توانیی بازاڕ بۆ گەنمی جووتیاران، هەروەها بۆ بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ پەیدا بكا و ساخ بکاتەوە، کاتی پێگەیشتنی بەرهەم دەروازە سنوورییەکان و رێگاکانی دیکە بە رووی بەرهەمی دەرەکیدا داخست، تا گرنگیی بە بەرهەمی ناوخۆ بدرێ، هەروەها ئەمساڵیش هەموو گەنمی جووتیاران وەرگیراوە، لەلایەکی دیکەشەوە حکوومەتی هەرێم هەوڵی داوە لە رێگەی وەبەرهێنانەوە، کارگەی دروستکردنی ئەو بەرهەمانەی لە گەنم دروست دەکرێن دابنێ، بۆیە گەنم لە جووتیاران بە نرخی زیاد وەردەگرن، ئەمەش رێگەیەکی دیکەیە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و سوودمەندبوونیان.
جێگری پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستە روو، کە هەر لە کابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، کاری زۆر باش بۆ رێگریکردن لە هەستانی لافاو لە شاری هەولێر کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری هەموو رێڕەوی ئاوە سروشتییەکان، ئاوەڕۆکانی پاك كردوونەتەوە، هەروەها بۆندی بۆ گلدانەوەی ئاو دروست كردووە، بەمەبەستی سوودوەرگرتن لێی لە وەرزەکانی دیکەدا.
زیاتر گوتی: ”لە کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، زۆرترین پرۆژەی وەبەرهێنان لە بواری نیشتەجێبوون ئەنجام دراوە، هۆکارەکەش ئەوەیە، ئاساییش و ئارامیی شاری هەولێر لە شارەکانی دیکە جیاوازە، بۆیە خواستێکی زۆر لەسەر ئەم کەرتە لە هەولێر هەیە.“
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بۆ (باسنیوز) ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە کەرتی خزمەتگوزاریی شەقام و ئاوەڕۆ بۆ گەڕەکەکان کاری باش بۆ هەولێر کراوە، زۆربەی شەقامەکان لەم کابینەیەدا نۆژەن کراونەتەوە، هەروەها گەڕەکی هەشتی حەسارۆک، کە ماوەی زیاد لە هەشت ساڵ بوو دابەش کرابوو، خاوەنی زەوییەکان لەلایەن کابینەی نۆ رێگەیان پێ درا تا بتوانن خانوو دروست بکەن، هەروەها خزمەتگوزاریی وەک قیرتاو و لێدانی بیر بۆ ئەو گەڕەكە دابین دەکرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی