دژە تیرۆرا کوردستانێ:د بۆردوومانهكێ دا ل سنوورێ شنگالێ دوو چەکدارێن پەکەکێ هاتنه كوشتن
رووداو دیجیتاڵ
دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان دەڵێت، “فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا” سنووری شنگالیان بۆردوومان کردووە و بەوهۆیەوە دوو “چەکداری پەکەکە” گیانیان لەدەستداوە؛ میدیای نزیک لە پەکەکە رەتیدەکاتەوە هیچ کەسێک گیانی لەدەستدابێت.
رۆژی هەینی 28-10-2022، دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاژێر 15:40 خولەک “فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا” لە سکێنیەی سەر بە ناحیەی گرعوزێر لە قەزای شنگال “ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج و بەوهۆیەوە دوو چەکداری پەکەکە کوژران و 3 چەکداری دیکەش برینداربوون.”
هەر ئەمڕۆ، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: “زانیاری دروست بە ئێمە نەگەیشتووە، بەڵام بۆردوومان هەبووە. تاوەکو ئێستا زانیاری ورد و دروست لەبەردەستماندا نییە.”
میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە بڵاویکردەوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا شوێنێکی نزیک لە خاڵێکی پشكنینی لە سنووری شنگال کردووەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکە “هیچ” زیانێکی گیانی نەبووە.
لە چەند مانگی رابردوودا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا چەندینجار سنووری شنگالی بۆردوومانکردووە؛ دوایینیان رۆژی 6ی ئەم مانگە بوو. دژەتیرۆری کوردستان رۆژی 6-10-2022 بڵاویکردەوە، ئەو رۆژە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بارەگایەکی یەبەشەیان لە شنگال کردە ئامانج.
دژەتیرۆری کوردستان ئەو کات بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا: “بارەگایەکی چەکدارانی یەبەشەیان کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددیی لێ کەوتەوە.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی