گەنجێکی کورد ئاڵای کوردستان دەکاتە ملی دەلەی لاما
لەسەر نەخشە باسی زوڵم و داگیرکارییەکان دژی گەلی کوردستانی دەکات
K24 – هەولێر/
گەنجێک کورد لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری پڕۆگرامێکی تایبەت بە ئاشتی و پێکەوەژیان دەکات و ئاڵای کوردستان دەکاتە ملی دەلەی لاما، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و رابەری رۆحی بوزی و تبتیەکانی جیهان، ئەو گەنجە کوردە لەسەر نەخشە باسی زوڵم و داگیرکارییەکان دژی گەلی کوردستان دەکات.
هەژیر ئیبراهیم، گەنجێکی دانیشتووی هەولێرە لە هیندستان بەشداری لە پڕۆگرامی گەنجانی بوونیادنەری ئاشتی کردووە، کە ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای ویلایەتە یەگرتووەکان بۆ ئاشتی رێکدەخرێت، لەو چوارچێوەیەدا لەبارەی کوردستان گفتوگۆ لەگەڵ دەلەی لاما دەکات و ئاڵای کوردستانی دەکاتە ملییەوە.
هەژیر ئیبراهیم، بە کوردستان24ی گوت: “بۆ ئەم ساڵ 20 گەنج لەسەر ئاستی جیهان بەشداریان لەو پڕۆگرامەدا کرد، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست من تاکە گەنج بووم بەشداربووم، چالاکییەکانی ئەو پڕۆگرامە بۆ ئەمساڵ لە 14/9/2022 دەستیپێکرد، لە دوو رۆژی کۆتاییدا بەشداربووان دەتوانن چەند خولەکێک قسە لەگەڵ دەلەی لاما بکەن”.
گوتیشی: “لەو کاتەی کە بۆم دیارکرابوو قسە لەگەڵ دەلەی لاما بکەم، لەسەر نەخشە باسی کوردستانم بۆی کرد، پێم گوت، گەلی کورد کە 40 ملیۆن کەس بێ دەوڵەتە، لەوەتەی هەین زوڵمان لێدەکرێت، باسی ئەوەشم کرد لە ساڵی 2017 خەڵکی کوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کرد و زۆرینەی خەڵکی دەنگیان پێدا، بەڵام وڵاتان لە دژی وەستانەوە”.
راشیگەیاند: “لەو دیدارە لەگەڵ دەلەی لاما باسی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەرێمی کوردستانم کرد، کە بووەتە نموونەیەکی جوانی ناوچەکە و دەگمەن”.
پرۆگرامی گەنجانی بوونیادنەری ئاشتی، پڕۆگرامێکە کە ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای ویلایەتە یەگرتووەکان بۆ ئاشتی و دامەزراوەی دەلەی لاما بۆ 20 گەنج لە سەرتاسەری جیهان رێکدەخرێت. ئەو گەنجانەی کە بانگهێشی ئەم پڕۆگرامە دەکرێن لە جیهان دەبێت ئەزموونی کارکردن و رۆڵیان هەبووبێت لە بەرەوپێشچوونی ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناو کۆمەڵگە و وڵاتی خۆیاندا. ئەم پڕۆگرامە پێکدێت لە 10 رۆژ کە هەشت رۆژیان لە لایەن ئەکادیمییای ویلایەتە یەگرتووەکان سەرپەرشتی دەکرێت، کە برییتیە لە راهێنانی گەنجە بەژداربووەکان لە بواری ئاشتی و پێکەوەژیان، هەروەها دوو رۆژی کۆتایی لە لایەن دامەزراوەی دەلەی لاماوە بەڕێوەدەبرێت، بریتییە لە کۆبوونەوەی بەشداربووە گەنجەکان و دەلەی لاما بۆ پێدانی ئامۆژگاری و بیروڕا گۆڕینەوە بۆ بەرەو پێشچوونی ئاشتی و پێکەوەژیان لەنێو کۆمەڵگەکاندا.
دەلەی لاما، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و رابەری رۆحی بوزی و تبتیەکانی جیهانە، پێش داگیرکردنی وڵاتی تبت لەلایەن وڵاتی چین، دەلەی لاما سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە. دەلەی لاما رۆڵ و پێگەیەکی کاریگەری هەبووە لە بەرەو پێشچوونی ئاشتی و پێکەوەژیان لەو کۆمەڵگایانەی کە پێکدادانی ئایینی و نەتەوەیی هەبووە. هاوکات کەسایەتییەکی دیاری جیهانییە و لەلایان سەرۆکانی وڵاتە جیاوازەکان پێشوازی لێکراوە و رێزی لێگیراوە. هەروەها نووسەری چەندین کتێبە لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان نووسیوە.
بودییەکان بە دەلەی لاما دەڵێن “خەلیفە” لەسەر ئاستی جیهانیش بە “پیاوی ئاشتی” ناسراوە، بەشێک لە دەرووناسان بە “پیاوی بەختەوەری” ناوی دەبەن و لەسەر ئاستی جیهان رێزلێگراوە.
س.س
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی