ته‌مموز 27, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: لە ساڵێكدا بڕیار بۆ ١٥٠ پرۆژە دەرچووە

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: لە ساڵێكدا بڕیار بۆ ١٥٠ پرۆژە دەرچووە

ساڵێك بەسەر راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تێدەپەڕێت، خەڵكی زاخۆ بەو دەسكەوتە و ئەو هەموو پرۆژانە زۆر دڵخۆشە، كە لە ماوەی ئەم یەك ساڵ تەمەنەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێشكەشیان كراوە. لەم دیمانەیەدا، گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تیشك دەخاتە سەر دەسكەوتەكانی یەك ساڵ تەمەنی ئیدارەكەیان.

(باسنیوز) ساڵێك بەسەر دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تێدەپەڕێ، بیروڕای خەڵك لەسەر ئەم بڕیارەی بەئیدارەبوونی سەربەخۆی زاخۆ چۆنە؟

گۆهدار شێخۆ: راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دیاریی سەرۆك بارزانی بوو، ئێمە و خەڵكی زاخۆ  پێكەوە لەسەر دەستی جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرمانگرت و زۆر لێی سوودمەند بووین، بێگومان بڕیاری بەئیدارەبوونی زاخۆ گرنگیی زۆری هەیە و تێكڕای مامەڵەكانی خەڵك لێرە رایی دەكرێن، ئەمەش كارئاسانییە بۆ خەڵكەكە و رێی دهۆك ناگرنە بەر، لە هەمان كاتدا هۆكارە بۆ ئەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر خزمەت بە خەڵكی زاخۆ بكات، هەروەها ئەم دیارییە دەرفەتی زۆر باشی كاركردنی بۆ خەڵەكەكەمان لە هەردوو قەزای زاخۆ و قەزای باتیفا رەخساندووە و خزمەتگوزارییەكانیش باشتر دەگەنە تێكڕای گوند و ئاواییەكانی سنووری ئیدارەی زاخۆ بەبێ جیاوازی.

(باسنیوز) لە ماوەی ئەم یەك ساڵەی ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیرانی كوردستاندا، چی بۆ زاخۆ و خەڵكەكەی كراوە؟

گۆهدار شێخۆ: ساڵێكی پڕ خێر و دەسكەوت بەسەر خەڵكی زاخۆدا رەت بوو، ئەویش لە سایەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە زۆر كار و پرۆژەی خزمەتگوزاریمان وەرگرت و جێبەجێ كران، لەم یەك ساڵەی تەمەنیدا، 150 پرۆژەی جۆراوجۆر بۆ خەڵكی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە كەرتی جیاجیای وەك كارەبا، تەندروستی، پەروەردە، رێگەوبان، كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری دەرچوون، كە بەشێكیان جێبەجێ كراون و هەندێكیشیان كاریان تێدا دەكرێت.

(باسنیوز) بە رای ئێوە كام پرۆژە بۆ خەڵكی زاخۆ زۆر گرنگ و ستراتیژی و پێویستە؟

گۆهدار شێخۆ: لەو پرۆژە ستراتیژییانەی لە زاخۆ كاریان لەسەر دەكرێت، پرۆژەیەكی گەشتیارییە، لە پردی دەلالی مێژوویی، كە ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆری گەشتیار سەردانی بكەن و ئاستی گەشتیاریی لە زاخۆ بەرز ببێتەوە، لە هەمان كاتدا 108 كیلۆمه‌تر شەقام قیرتاو دەكرێن، ئەمەش پرۆژەیەكی زۆر باشە و دەتوانم بڵێم تەواوی كۆڵان و گەڕەكەكانی زاخۆ خزمەتگوزارییان پێدەگات.

(باسنیوز) ره‌وشی كەرتی پەروەردە لە زاخۆ لە چ ئاستێكدایه‌؟

گۆهدار شێخۆ: جه‌نابی مه‌سرور بارزانى، وەك چۆن گرنگیی بە تێكڕای كەرتەكان داوە، كەرتی پەروەردەش بەشێكی گەورەی لەو خزمەتە بەر كەوتووە، لە زاخۆ ژمارەیەكی زۆر قوتابخانە نۆژەن كراونەتەوە، لە هەمان كاتدا لە ماوەی ئەو یەك ساڵەی تەمەنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سێ قوتابخانەی نوێش دروست كراون.

(باسنیوز) هەڵوێستی خه‌ڵكی زاخۆ به‌رامبه‌ر بەو پرۆژە خزمەتگوزارییانە چۆنە؟

گۆهدار شێخۆ: خەڵكی زاخۆ خەڵكێكی شەرافەتمەند و بەوەفان، لەگەڵمان هاوكار و هەماهەنگن، زۆر جار وا بووە كە پرۆژەیەك جێبەجێ دەكرێت، خەڵكە لە ئامانجی ئێمە تێدەگات و هاوكارمان دەبن و چاوەڕوان دەبن تاوەكوو پرۆژەكە تەواو دەبێ، ئەمەش بۆ ئاستی بەرزی رۆشنبیری و هۆشیاریی خەڵكی زاخۆ دەگەڕێتەوە.

(باسنیوز) بۆ رۆژانی داهاتوو خەڵك چاوەڕێی چ پرۆژە و كارێكتان لێ دەكات؟

گۆهدار شێخۆ: زۆر پرۆژەی ستراتیژیمان هەن، بە راگەیاندنیان خەڵك دڵخۆش و سوودمەند دەبێ، یەكێ لەو پرۆژە ستراتیژییانە شەقامی 60 مه‌تریی زاخۆیە، كە لە ماوەیەكی نزیكدا كاری تێدا دەكرێت، لەگەڵ دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی زۆر باش بۆ زاخۆ، بەمەش زاخۆ دەچێتە قۆناغێكی باشتری ئاوەدانی، بەڕاستیش خەڵكی خۆشەویستی زاخۆ شایەنی هەموو خزمەتكردنێكن، ئاوات و ئامانجی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوەیە خزمەتی خەڵك بكات، بۆیە بەڵێن دەدەین، بە هەموو توانامانەوە، كار بۆ ئاوەدانی و دڵخۆشكردنی خەڵكی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بكەین.

س.س

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi