كازمی: شانازيێ ب په‌یوه‌ندیێن لگه‌ل هه‌رێما كوردستانێ دبه‌ين
K24 – هه‌ولێر:
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراقی ئیتیحادی له وته‌یه‌كدا كه له به‌رایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێشكه‌شیكرد، وێڕای ستایشكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، رایگه‌یاند، شانازی به په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین.
ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌ت كۆبوه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌كه به دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له ئه‌مساڵدا هه‌ژمار ده‌كرێت.
له به‌رایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مسته‌فا كازمی وتارێكی پێشكه‌شكرد.
له وتاره‌كه‌دا تیشكی خسته سه‌ر گۆڕانكارییه هه‌نووكه‌ییه‌كانی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا.
پوخته‌ی گرنگترین وته‌كانی مسته‌فا كازمی:
* له ماوه‌ی ساڵ و نیوی رابردووی ته‌مه‌نی ئه‌م حكومه‌ته‌ماندا، رووبه‌ڕووی ئاڵنگاری گه‌وره بووینه‌وه. توانیمان له‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌ركه‌وین و ئه‌و ئاڵنگاریانه تێپه‌ڕێنین و ئه‌وه‌ی ماوه كاتی زیاتری پێویست بووه.
* هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست هاتووه، به پشتیوانی هه‌موو وه‌زیره‌كانی كابینه و پشتیوانی گه‌لی عێراق و ئارامگری و دانایی و به‌رگه‌گرتنی ره‌و ره‌وشه بووه. ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستمان هێناوه شانازی پێوه ده‌كه‌ین و ده‌یپارێزین. پێویسته حكومه‌تی داهاتووش پارێزگاری له‌و رێباز و ده‌ستكه‌وتانه بكات.
* ئێمه په‌ڕه‌ی سپی چاكسازیمان گه‌ڵاڵه كرد و ئه‌وه یه‌كێكه له ده‌ستكه‌وته‌كانمان و زۆر سوودی هه‌بووه و بڕێكی زۆری سامانی بۆ گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ت گێڕاوه‌ته‌وه.
* سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی هه‌ندێك بۆ درووستكردنی ژاوه‌ژاو له باره‌ی په‌ڕه‌ی چاكسازی، به‌ڵام توانرا به سوود و قازانجی كه‌رتی گشتیی و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی بشكێته‌وه.
* ئێمه له ره‌وشێكی سه‌ختدا بووین، كۆرۆنا هات، نرخی نه‌وت دابه‌زی و سیسته‌می سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له لێواری داڕماندا بوو، به‌ڵام ئێمه به هۆی په‌ڕه‌ی سپی چاكسازییه‌وه سه‌ركه‌وتین و توانیمان زیاتر له 12 ملیار دۆلار بۆ یه‌ده‌گی بانكی ناوه‌ندی زیاد بكه‌ین و پۆلێنی عێراق له ئاستی ده‌سته‌به‌ری نێوده‌وڵه‌تی به‌رز بكه‌ینه‌وه.
* عێراق كه‌وتبووه نێوان دوو به‌رداشه‌وه، ئێمه توانیمان له رووی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه، له ماوه‌یه‌كی كورتدا، رۆڵی هه‌رێمایه‌تی، نێوده‌وڵه‌تی، عه‌ره‌بی و ئیسلامی بۆ عێراق بگێڕینه‌وه و له باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان سه‌ركه‌وتوو بووین و ئێستا عێراق له ئامێز و كه‌وانه‌ی زۆرێك له ده‌سته‌كانی دایه له دراوسێیان و هاوڕێ باشه‌كانی.
* سه‌ركه‌وتوو بووین له ره‌خساندنی كه‌شێكی هه‌رێمایه‌تی گونجاو و سه‌ركه‌وتنمان به‌ده‌ستهێنا له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانمان بۆ نزیكخستنه‌وه‌ی روانگه‌ی لایه‌نه ناكۆكه‌كان و پاراستنی ناوچه‌كه له كاریگه‌رییه‌كانی شه‌ڕ، كه ئه‌گه‌ر رووی دابوایه، عێراق زیانمه‌ندی سه‌ره‌كی ده‌بوو.
* هه‌وڵی زۆرمان دا بۆ پاراستنی گه‌له‌كه‌مان له په‌تای كۆرۆنا و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌وه قه‌یرانێكی نێوده‌وڵه‌تی بوو، توانیمان باشترین پێكوته بۆ خه‌ڵكی خۆمان دابین بكه‌ین. به‌رده‌وامیشین له كاركردن له‌و بواره‌دا.
* له بواری وزه بۆ یه‌كه‌مجار كارمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی پشت به وزه‌ی پاك ببه‌ستین و ناوی وه‌زاره‌تمان گۆڕی بۆ وه‌زاره‌تی كاره‌با و وزه‌ی جێگره‌وه و زۆر گرێبه‌ستمان له بواری وزه‌ی جێگره‌وه‌دا واژوو كردووه.
* په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانی عێراق، له ماوه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌دا زۆر باشتر بووه له‌وه‌ته‌ی 2003ه‌وه و ئێمه شانازی به‌و په‌یوه‌ندییانه ده‌كه‌ین و ئه‌و گرژیانه‌ی هه‌بوون له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون و ئێمه بۆچوونی زۆرمان هه‌بووه و توانیومانه سووپاس و ستایش بۆ خودای گه‌وره به گفتوگۆ و بنیاتنانی ره‌گه‌زه‌كانی متمانه ئه‌و په‌یوه‌ندییه گرژانه بگۆڕین بۆ باشترین په‌یوه‌ندی.
* به هه‌موو رۆڵه‌كانی گه‌لی عێراق ده‌ڵێم: ئێمه پێویستمانه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی داهاتوومان باوه‌ڕمان ته‌نیا به دڵسۆزی و لایه‌نگری بۆ عێراق هه‌بێت.
* له كۆتایی ئه‌مساڵدا، رۆڵی شه‌ڕكاری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش كۆتایی دێت و هێزه شه‌ڕكاره‌كان عێراقیان به‌جێهێشت و ئه‌مڕۆ هیچ سه‌ربازێكی هاوپه‌یمانییه‌كه به سیفه‌تی ئه‌وه‌ی هێزی شه‌ڕكار بێت له عێراقدا نییه و ته‌نیا ژماره‌یه‌ك له راوێژكاره‌كان ماونه‌ته‌وه بۆ پشتیوانیكردن له هێزه‌كانمان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان له شه‌ڕی دژ به تیرۆر و داعش.
* سوپای پاڵه‌وانی عێراق ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه. هه‌روه‌ك هه‌ریه‌ك له هێزه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، حه‌شدی شه‌عبی، پێشمه‌رگه، پۆلیسی ئیتیحادی سه‌ركه‌وتوو بوون له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌كداره په‌ڕاگه‌نده‌بووه‌كانی تیرۆر و زۆرێك له سه‌رگه‌وره‌كان و سه‌ركرده‌كانی ئه‌و چه‌كداره په‌ڕاگه‌نده‌بووانه كوژراون و به‌رده‌وامیش ده‌بین له راوه‌دوونان و كوشتنی ئه‌و چه‌كدارانه له هه‌ر كوێیه‌كی عێراقدا بن.
سه‌رچاوه: نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق
و: ئ.ر
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی