كانونی یه‌كه‌م 05, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

بهێزترین شاشا مۆبایلێ دئێته‌ دروستكرن

بهێزترین شاشا مۆبایلێ دئێته‌ دروستكرن

وشه‌:

له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوو له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ توانای مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان پێشڤه‌چوونی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌، ته‌مه‌نی پاتری مۆبایله‌كان درێژكرایه‌وه‌، توانای پرۆسێسه‌ره‌كه‌ی و هارد و كامێرای مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان به‌ ته‌واوی گۆڕانكاری گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا هات، به‌ به‌راورد به‌ ڤێرژنه‌كانی ڕابردوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێسته‌ وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌، بریتییه‌ له‌ شاشه‌ی مۆبایله‌كان، كه‌ له‌گه‌ڵ كه‌وتنی یان پیاكێشاندا ده‌شكێت و پێویسته‌ خاوه‌نه‌كه‌ی شاشه‌یه‌كی تری بۆ بكڕێت، كه‌ نرخی شاشه‌كانیش هێنده‌ هه‌رزان نییه‌، به‌ گشتی ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و خاڵانه‌ی كه‌ به‌كارهێنه‌رانی مۆبایلی زیره‌ك به‌رده‌وام گله‌ییان له‌سه‌ری هه‌یه‌، به‌ڵام زانایان خه‌ریكی دروستكردنی جۆره‌ شاشه‌یه‌كن، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناشكێت و به‌رگه‌ی قورسترین و سه‌ختترین دۆخه‌كان ده‌گرێت.

ئه‌و جۆره‌ شاشه‌یه‌ ئێسته‌ به‌رده‌سته‌ و له‌ تاقیگه‌ زانستییه‌كان زۆرترین سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت و ناوی هالید پیرۆڤسكایته‌ كه‌ كورتكراوه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ ” ئێل ئێچ پی ” كه‌ ڕووێكی ته‌واو ساف و بێخه‌وشی هه‌یه‌ و ده‌توانێ به‌ كوالێتی زۆر به‌رز وێنه‌ و دیمه‌نه‌كانی ناو مۆبایله‌كانمان پێشان بدات، نه‌ك ته‌نیا بۆ مۆبایل بگره‌ له‌ داهاتوو ده‌توانرێ بۆ شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن و كۆمپیوته‌ر و تابڵێته‌كانیش به‌كاربهێنرێت، ئه‌مه‌ گۆڕان و شۆڕشێكی گه‌وره‌ ده‌بێت، له‌ جیهانی ئامێره‌ ته‌كنه‌لۆجییه‌ پێشكه‌وتووه‌كان.

به‌هۆی بوونی چه‌ند گرفتێكه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و داهێنانه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ و له‌ تاقیگه‌ زانستییه‌كان به‌كارده‌هێنرێت، به‌ڵام تا ئێسته‌ نه‌توانراوه‌ بۆ شاشه‌ی مۆبایل یان ئه‌و ئامێرانه‌ دابنرێت، كه‌ خه‌ڵكی به‌ گشتی به‌كاری ده‌هێنن، هۆی ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌و شاشه‌یه‌ به‌ ته‌واوی هه‌ستیاره‌ به‌ به‌ركه‌وتنی تیشكی ڕووناكی و شه‌پۆلی گه‌رمی و ئاو، له‌ كاتی به‌ركه‌وتنی به‌و بابه‌تانه‌، جۆره‌ ئایۆناتێكی ژه‌هراوی ده‌رده‌كات، كه‌ زیان به‌ ته‌ندروستی و ژیانی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه‌ پێویسته‌ ته‌نیا له‌و شوێنانه‌ بمێنێته‌وه‌، كه‌ تیشكی گه‌رمی و ڕووناكی و ئاویان پێ ناگات.

سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌و كێشه‌یه‌، به‌ڵام زانایان به‌رده‌وامن له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌، تا چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ نه‌رێنیانه‌ی ئه‌و شاشه‌ پێشكه‌وتوو و به‌هێزه‌ بدۆزنه‌وه‌ و بتوانن له‌ داهاتوویه‌كی نزیك له‌ دروستكردنی مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان سوودی لێ وه‌ربگیرێت.

گینگوی هو ئه‌ندازیاری كیمیایی له‌ زانكۆی كوینزلاند له‌ ئوسترالیا له‌وباره‌وه‌ ئاماژه‌ی داوه‌، كه‌ تیمه‌كه‌مان كه‌ له‌ ئه‌ندازیاری كیمیایی و زانای ماده‌ ڕیشارییه‌كان و بلووراتی نانۆی پێكهاتوون، خه‌ریكی توێژینه‌وه‌ی چڕن، تا ئه‌و كێشه‌یه‌ كۆتایی پێ بهێنن، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایش گه‌یشتووین به‌ چاره‌سه‌رێك، به‌ڵام به‌رده‌وامین بۆ به‌هێزكردنی زیاتری شاشه‌كه‌ و نه‌هێشتنی حاڵه‌تی ده‌ردانی ئایۆناتی ژه‌هراوی، كه‌ زیان به‌ مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت.

له‌باره‌ی ئه‌و چاره‌سه‌ری دۆزیویانه‌ته‌وه‌، ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی زانستی كیمیا ده‌ڵێ، ده‌مانه‌وێ ئه‌و كارتێكه‌رانه‌ی كه‌ زیان به‌ شاشه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نن، بیگۆڕین بۆ سوود، بۆ نموونه‌ ئه‌و تیشكی ڕووناكی و گه‌رمییه‌ی كه‌ به‌ر شاشه‌كان ده‌كه‌وێ، له‌ ڕیزی ڕیزكردنی گه‌ردیله‌كانی شاشه‌كه‌ و گۆڕینی بۆ هاوشێوه‌ی ئه‌و تابڵۆیانه‌ی كه‌ وزه‌ی كاره‌بایان پێ له‌ تیشكی خۆر وه‌رده‌گیرێت، به‌م هه‌نگاوه‌ ده‌توانین له‌ ڕێی شاشه‌كه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامی به‌ركه‌وتنی ڕووناكی و تیشكی گه‌رم، وزه‌ی كاره‌با بۆ خودی مۆبایله‌كه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین، كه‌ ئه‌مه‌ شۆڕشێكی مه‌زن ده‌بێت، له‌وه‌ی مۆبایله‌كان ده‌گه‌ن به‌ ئاستێك كه‌ چیتر پێویستیان به‌وه‌ نامێنێت، بۆ ماوه‌ی درێژ له‌سه‌ر شه‌حن بهێلرێنه‌وه‌ و له‌ ڕێی كێبله‌وه‌ پێوه‌ست بكرێن به‌ كاره‌باوه‌.

له‌ ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌ سه‌ره‌تایییه‌كان ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ جۆرێك له‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام هێشتا كاره‌كان كۆتایی نه‌هاتووه‌ و پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و تیمه‌ ئه‌ندازیارییه‌كه‌ی زانكۆی كوینزلاند له‌ ئوسترالیا ده‌یانه‌وێ چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ی به‌ركه‌وتنی شاشه‌كه‌ به‌ ئاو و شێ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

له‌باره‌ی توانای شاشه‌كه‌یش زانایان ده‌ڵێن، به‌ ڕێژه‌ی 80% له‌ شاشه‌كانی ئێسته‌ به‌هێزتره‌ و ده‌توانرێ بۆ ماوه‌ی 10 هه‌زار سه‌عاتیش له‌ نێو ئاو نوقم بكرێ و بمێنێته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر مۆبایله‌كه‌ دروست له‌ ڕێی شاشه‌كه‌یه‌وه‌ دروست ببێت.

بیرۆكه‌یه‌كی تر كه‌ زانایان وه‌ك گریمانه‌یه‌ك خستوویانه‌ته‌ نێو كاره‌كانیانه‌وه‌، بریتییه‌ له‌ دروستكردنی شاشه‌ی بلووری و زیندوو، كه‌ دوای شكانی بلوراتی نانۆی و گه‌ردیله‌كانی ورده‌ ورده‌ گه‌شه‌ بكه‌ن و له‌ یه‌كتر نزیك ده‌بنه‌وه‌ و خۆیان خۆیان چاك ده‌كه‌نه‌وه‌ و یه‌ك بگرنه‌وه‌، له‌ دوای شكانیان، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكرێ و كێشه‌ی بۆ دروست ببێت، ئه‌م دوو گریمانه‌یه‌ به‌ وردی و چڕی كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێ، به‌ تایبه‌ت بیرۆكه‌ی یه‌كه‌م هه‌نگاوی باشی بڕیوه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ خاڵی كۆتایی و چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوویش ئه‌مه‌ له‌ خه‌ونه‌وه‌ ببێت به‌ ڕاستی و مۆبایله‌كان شاشه‌كانیان هێنده‌ به‌هێز بێت، ئه‌گه‌ر له‌ به‌رزی زۆره‌وه‌یش بكه‌ونه‌ خواره‌وه‌، هیچیان به‌سه‌ر نایه‌ت و ته‌نانه‌ت خه‌وشێكیش ناگرن.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi