تشرینی یه‌كه‌م 10, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

 ئێزدی گه‌فێن ب نێڤ دەوڵەتیكرنا ب زۆری يا ڤه‌گەڕاندنێ دكەن

 ئێزدی گه‌فێن ب نێڤ دەوڵەتیكرنا ب زۆری يا ڤه‌گەڕاندنێ دكەن

وشه‌:

حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە دەرگەی كەمپی ئاوارەكانی لە هەرێمی كوردستانن دابخات و بڕێك پارەی تەرخان كردووە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی لەو كەمپانەن، بەتایبەتی كوردانی ئێزدی، ئەوەش وای كردووە ئاوارەكان ناڕەزایی دەرببڕن و نوێنەرانیشیان لە پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی بە نێودەوڵەتیكردنی بابەتەكە بكەن.

دوای ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە ئابی 2024 هێرشی كردە سەر شنگال و دەوروبەری و هەزاران ژن و كچ و منداڵی كوردانی ئێزدی برد و سەتان پیاویشی كوشت كە هێشتا تەرمەكانیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكانە، ناوچەكە لە 2015 لە داعش رزگار كرایەوە، بەڵام لەو ساتەوە تا ئێستە پەكەكە و حەشدی شەعبی چنگیان لە ناوچەكە قایم كردووە و رێگە بە ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و فەراهەمبوونی دۆخێكی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان نادەن، كە زۆرینەیان لە هەرێمی كوردستان لە كەمپەكانن.

حكوومەتی عێراق لە مانگی ئاداری رابردوو بڕیارێكی بە داخستنی كەمپی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان تا 31ی تەمووزی ئەمساڵ دەركرد، هەر خێزانێكی ئاوارە بڕی چوار ملیۆن دیناری پێ دەدرێت، كە بەپێی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق 145 هەزار ئاوارە هەن و زۆرینەیان كوردی ئێزدین، لە 26 كەمپن لە دهۆك و هەولێر و سلێمان، ئەو بڕیارە ناڕەزایەتیی زۆری لە ناو ئاوارەكان دروست كرد، سێشەمی رابردوو ئاوارەكانی كەمپی شاریا لە دهۆك بەیاننامەیەكیان دەركرد و دووپاتیان كردەوە كە گەڕاندنەوەیان لەو كاتە دەیانخاتە قۆناغێكی تری نەهامەتی بەهۆی وەرنەگرتنی رێوشوێنی پێویست بۆ فەراهەمبوونی دۆخێكی سەقامگیری تەناهی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و خزمەتگوزارییەوە.

هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا داوای لە حكوومەتی عێراق كرد لە جێبەجێكردنی بڕیاری داخستنی كەمپی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان هێواش بێت و بەزۆر نەیانگەڕێنێتەوە، عەزرا زیا، یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ ئاسایشی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە شنگال گوتی، واشنتن داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە بەر لە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان، قایمقام بۆ شارۆكەكە دیاری بكات هێزێكی پۆلیسی ناوخۆیی دامەزرێنێت و ناوچەكە ئاوەدان بكاتەوە، دەبێت مەترسییەكان سەبارەت بە بوونی میلیشیاكان لە هەندێك ناوچەی وەك شنگال و دەشتی نەینەوا چارەسەر بكرێت، چونكە كاریگەریی نەرێنیی ئەوان لەسەر ئاسایشی پێكهاتەكان و سەقامگیریی ناوچەكە رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات، جیا لە رێگریكردن لە پەرەسەندنی ئابووری لەو ناوچانە.

لەوكاتەی بەرپرسێكی حكوومەتی عێراق دووپاتی كردەوە كە پلانەكانی حكوومەتەكەی بۆ داخستنی ئەو كەمپانە وەك خۆیەتی و ناگۆڕێت، ڤیان دەخیل، پەرلەمانتارێكی كوردی ئێزدی دەڵێت، حكوومەتی عێراق دەیەوێ كەمپەكان دابخات و ئاوارەكانی شنگال ناچاری گەڕانەوە بكات، بێ ئەوەی كار لەسەر ئاوادەنكردنەوەی ژێرخانی سەرەكیی شارەكە بكات لە قوتابخانە و نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان و قەرەبوووكردنەوەی زیانلێكەوتووان بەهۆی شەڕەوە، بۆیە گەڕاندنەوەی بەزۆری ئەوان لە سایەی بوونی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و پەكەكە رەتكراوەیە، لە حاڵەتی سووربوونی حكوومەت و بەردەوامبوونی لەسەر بڕیاری داخستنی كەمپەكان لەو وادەی دیاری كردووە بەر لە جێبەجێكردنی پێویستییەكانی گەڕانەوەیان، روو لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین و سكاڵا تۆمار دەكەین.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتارێكی تری كوردی ئێزدییە داواكەی واشنتن سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەكان بەوە لێك دەداتەوە كە واشنتن دووپات لەوە دەكاتەوە كە دۆخی ئەو ناوچانە ئارام نییە و رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەكان نادات، حكوومەتی عێراق رێوشوێنی كردەنی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان وەرنەگرتووە، بەتایبەتی پێوەست بە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان و فەراهەمكردنی ئاشتەوایی كۆمەڵگەیی و نەهێشتنی بوونی چەكداریی و میلیشیایی لەو ناوچەیە.

خەلیل وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی بە هەوڵدان بۆ دەستكەوتی سیاسی لەو بابەتە تۆمەتبار كرد كە لە ساڵانی پێشووش بۆ مەبەستی سیاسی سوودی لەو بابەتە وەرگرت، جیا لە تێوەگلانی وەزیرەكەی لە گەندەڵی دارایی لە بارەتی یارمەتییەكانی بەسەر ئاوارەكان دابەش كراوە.

سەڵاح خدر، ئاوارەیەكی كەمپی شاریایە لە دهۆك دەڵێت، زۆرینەی ئاوارەكانی شنگال ترسیان لە گەڕانەوە هەیە، ئەوەش بەهۆی وێرانبوونی خانووەكانیان، كە تا ئێستە قەرەبوو نەكراونەتەوە، جیا لەوەی دەیبیستین لە بڵاوبوونەوەی میلیشیاكان لە شارەكە و حاڵەتەكانی رفاندن و گرتنی هەیە، بۆیە لەو دۆخە هیچ هەلێك بۆ گەڕانەوەی ئاورەكان نابینین.

لای خۆیەوە غانم عابد، توێژەری سیاسی دەڵێت، بوونی پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانیتری عێراقی نزیك لە ئێران، هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال و دەشتی نەینەوایە، ئێستە دۆخی شنگال بە دەستی حكوومەتی عێراقەوە نییە و چەند لایەنێكی باڵادەست لەوێن و كۆنترۆڵی شارۆكەكە دەكەن، بۆیە بەهۆی ئەوانەوە ناتوانرێ ئەو ناوچانە ئاوەدان بكرێتەوە، بەهۆی نزیكی لە سووریا و حیساباتی سیاسی لەگەڵ توركیا، ئێران گرنگی بە شنگال دەدات، ئەوەش لەگەڵ خواستی میلیشیاكان و پەكەكەدا دەگونجێت، بۆیە دۆسییەی شنگال سیاسییە، لەوانەش گەڕاندنەوەی بەزۆری ئاوارەكان كە نایاساییە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi