مۆنۆمێنتا قوربانیێن دەستێ داعش ل شنگالێ
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە،(18-10-2023)، پاش لە دوو ساڵ کارکردن تێیدا، مۆنۆمێنتی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لەلایەن دامەزراوەی دەستپێشخەری نادیە و رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە عێراق و بە پاڵپشتی ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی USAID کرایەوە.
شوێنی مۆنۆمێنتەکە هەڵگری پەیامێکە و بە مەبەست لە “گۆڕی دایکان” دروستکراوە، لەو شوێنەدا ژمارەیەکی زۆری ژنانی بەتەمەنی کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە کوژراون.
ئامانج لە دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە، بەبیرهێنانەوەی بەردەوامی جینۆسایدی کوردانی ئێزدییە بەدەستی داعش لەگەڵ ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەریاندا هاتووە، تاوەکو جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە.
مۆنۆمێنتەکە لەسەر رووبەری 10 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستکراوە، دەبێتە هێمایەک بۆ پاراستن و بەردەوامبوونی ژیان و کولتووری کوردانی ئێزدی.
دیزاینی مۆنۆمێنتەکە لە 73 پەیکەری خۆر پێکهاتووە کە ئاماژەیە بەو 73 رووداوانەی لە کێژووی کوردانی ئێزدی هاتووە و دووچاری کوژران و کارەسات بوونەتەوە
لەناو مۆنۆمێنتەکەدا 3000 کێڵەبەرد هەیە، بەو مانایەی لە هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014 زیاتر لە 3000 کوردانی ئێزید کوژراون.
دوای نزیکەی نۆ ساڵ لە هێرشی سەر شنگال و شەش ساڵیش لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شنگال لەلایەن پێشمەرگە، هێشتا دۆخی شنگال ئارام نییە و خزمەتگوزاریش بەپێی پێویست نییە.
ئەو دۆخەی لە شنگال هەیە وای کردووە بەشی زۆری ئاوارەکان نەتوانن یان نەیانەوێت بگەڕێنەوە، ئەوانەشی گەڕاونەتەوە نە قەرەبووکراونەتەوە نە هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابینکراوە.
هاوکات هەر لەم رۆژەدا، بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانییانی کوردی ئێزدی، هەشت گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال هەڵدەدرایەوە و کەسوکاری قوربانییان بە گریان و شین لە چاوەڕوانی دەرهێنانی تەرمەکانی کەسوکاریان بوون.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی