ئایار 31, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

شانده‌كێ وەزارەتا دەرڤەيا ئەڵمانیا سەره‌دانا په‌رستگه‌ها لالش دكه‌ت

شانده‌كێ وەزارەتا دەرڤەيا ئەڵمانیا سەره‌دانا په‌رستگه‌ها لالش دكه‌ت

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دۆسیەی عێراق و سووریا لە وەزارەتی ئەڵمانیا سەردانی پەرستگەی لالشی کرد و لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی ئاییینی ئێزدی کۆبووەوە. بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ”مەبەست لەو سەردانە لە نزیکەوە بینینی جێبەجێکردنی ئەو 20 خاڵەیە کە سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی ئێزدییان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا پەسندکرا و خرایە بەردەم حکومەتی ئەو وڵاتە.”

رۆژی هەینی، 27-01-2023، شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کە پێکهاتبوو لە ستیڤان شنێک، بەرپرسی دۆسیەی عێراق و سووریا لە وەزارەتی ئەڵمانیا و کۆنسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، سەردانی لالشیان کرد. ئەو شاندە لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی ئایینیی ئێزدی کۆبوونەوە و بڕیارە سەردانی کەمپێکی ئاوارەکانیش ئێزدی لە پارێزگای دهۆک بکەن.

سعود مستۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە بە رووداوی گوت، ”ئەو شاندەی دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ لە نزیکەوە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەو 20 خاڵە سەردانی لالشی کردووە کە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی ئێزدییان پەسندکرا و خرایە بەردەم حکومەتی ئەڵمانیا”.

رۆژی 19-01-2023، پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی کۆبووەوە و بە تێکڕای دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژەیاساکە پەسندکرا. رەشنووسی ئەو پڕۆژەیاسایە لە 20 خاڵ پێکهاتبوو کە دیارترینیان ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بوو بۆ شوێنی خۆیان بوو.

بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا، لەلایەن ئەو شاندەوە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی لالش و کەسایەتییە ئایینییەکانی ئێزدی دەکرێت، بۆ ئەوەی بزانن هەوڵەکانیان بۆ یارمەتیدانی ئێزدییان بەرەو چ ئاقارێک ببەن کە بتوانن باشتر کار بۆ شنگال و خەڵکەکەی بکەن. گوتیشی: ”دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کوردستان، ئاوارەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق و بەتایبەتیش ئێزدییەکان درێخی نەکردووە.”

ئەڵمانیا دەیەوێت هەر 20 خاڵی گرنگی پڕۆژەیاساکە جێبەجێ بکات، بەتایبەتی ئەوەی کە تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن و ناوچەکانی کوردانی ئێزدی ئاوەدان بکرێنەوە و رزگاربووانی دەستی داعش چارەسەرییارن بۆ بکرێت.

ئەو بەڕێوەبەرەی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوە کرد، ”داوامان لە شاندی ئەڵمانیا کردووە لەگەڵ هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی عێراق.” گوتیشی: “هەموو داواکاریی ئێمە بۆ گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان لەو چوارچێوەیەدا خۆی دەبینێتەوە کە خەڵکی ئێزدی لە شنگال هەست بەوە نەکەن جارێکی دیکە کۆمەڵکوژی روودەداتەوە.”

سعود مستۆ باسی لە رەنگدانەوەی بریاری پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدییان کرد و گوتی: ”رۆژی بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان رۆژێکی مێژوویی بوو کە پەرلەمانی ئەڵمانیا وەکو حکومەتێکی زلهێز لەبواری ئابووری و سیاسی، کۆمەڵکوژیی ئێزدییانی بە جینۆساید ناساند و وەکو وڵاتانی دیکە ئەو بڕیارە تەنیا لەسەر کاخەز نەبوو و بە کردەوە پەسندی کرد.”

جگە لە ئەڵمانیا، چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدییان بە جینۆساید ناساندووە لەوانە؛ فەرەنسا، پۆرتوگال، بەلجیکا، هۆڵەندا و لۆکسمبۆرگ، بەڵام وەکو ئەڵمانیا بە شێوەی فەرمی و یاسایی نەبووە.

لە مانگی 8ـی ساڵی 2014 چەکدارانی داعش شنگالیان کۆنترۆڵکرد. داعش سەدان کوردی ئێزدی و دانیشتووی ناوچەکەیان کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کرد. دەیان هەزار ئێزدی ئاوارەبوون و بەشێکیان روویان کردە چیای شنگال و بەشێکی دیکەشیان ئاوارەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون.

بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، داعش 6417 کوردی ئێزدیی رفاندبوو، 3562 کەسیان رزگارکراون و 2693ـی رفێندراوی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi