جێگرێ پارێزگارێ نەینەوا بۆ کاروبارێن ئاواران:چوو بڕیار بۆ ڤهگەڕيانا ئاوارێن شنگالێ نههاتينه دان
باسنيوز:
جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری ئاوارە و ڕێکخراوەکان ڕایگەیاند، هیچ بڕیارێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال نییە و کەس نازانێت ئاوارەکان کەی دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان لە شنگال.عومهر عهلى، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری ئاوارە و ڕێکخراوەکان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”شنگال بە هیوای حکوومەتی نوێی عێراقە و ئەگەر حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی خەڵکی زەرەرمەندی شنگال قەرەبوو بکاتەوە و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکات و لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال کار بکات و هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە وەکوو خۆی جێبەجێ بکات، ڕەوشی شنگال باش دەبێت و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان.”
ئاشکرایشی کرد: ”ئەگەر حکوومەتی نوێی عێراق لەسەر دۆسیەی شنگال کار نەکات، کەس نازانێت ئاوارەکان کەی دەگەڕێنەوە و ئێستا 90٪ی ئەو ئاوارانەی لەناو کەمپەکانی پارێزگای دهۆکدا دەژین، خەڵکی شنگالن و بەهۆی ئەو هەموو ناکۆکییەکەی لە شنگال هەیە، ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە.”
ئاماژەی بەوەش دا: ”بەپێی ڕێککەوتنەکە پێویستە ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال دابنرێت، کە هێشتا ئەوە جێبەجێ نەکراوە و دەبێت دوو هەزار و 500 پۆلیس لە خەڵکی شنگال بۆ پاراستنی ڕەوشی دەڤەرەکە دامەزرێنرێن و ئەمەش جێبەجێ نەکراوە، دەبێت لایەنە نایاساییەکان لەناو شنگال دوور کەونەوە، ئەمەش جێبەجێ نەکراوە و هێشتا هیچ شتێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال نەکراوە.”
عومەر عەلی گوتیشی: ”دوسیەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال وەکوو پێویست نییە و دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا ڕێکخراوەکان لە عێراق کەم بوونەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێکخراوەکان لە شنگالیش کەم ببنەوە، ئەگەر ڕەوشی شنگال ئاسایی بێت، ڕێکخراوەکانیش دەچنە ناو شنگال و خزمەتی خەڵکی شارەکە دەکەن. پێش ئەوەی لە ساڵی 2014 جینۆسایدی شنگال ڕوو بدات، زۆر ڕێکخراو لەناو شنگالدا هەبوون.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی